نزیکەی سەدەیەکە کار بۆ بەرزڕاگرتنی و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت. مێژوونووسان دەڵێن، ئاڵای کوردستان سەرەتا لە باکووری کوردستان و دواتر لای حیزبی هیوا لە باشووری کوردستان و عێراق لە ساڵی 1930 بەکارهێندراوە و ئەندامبوونیش لە حیزبەکەدا سوێندخواردن بووە بە ئاڵای کوردستان، خەنجەر و قورئان.
ئازاد عوبێد، پسپۆڕی مێژوو دەڵێت، “پێش راگەیاندنی کۆمار، لە 17-12-1945 بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ئاڵای کوردستان لە شاری مهابا هەڵکراوە، کە ئێستا ئێمەش ئەو رۆژەمان کردووە بە رۆژی ئاڵای کوردستان لە باشووری کوردستانیش”.
رۆژی 11-11-1999 لە پەرلەمانی کوردستان دەنگ لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان درا. دوای 10 ساڵ و لە 19-06-2009، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 17-12ـی هەموو ساڵێکی وەکو رۆژی ئاڵا دیاریکرد؛ بڕیارەکە لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پەسندکرا؛ ئیستا ساڵانە بە رێوەڕەسمی جیاواز رۆژەکە بەرز رادەگیرێت.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، “ئەم ئاڵایە [ئاڵای کوردستان] سیمبۆلی بەرخۆدان و خەبات و تێکۆشانی گەلێکە، کە ساڵەهای ساڵە خەبات دەکات بۆ ئازادی، سەربەخۆیی و یەکسانی، بۆ ئەوەی مافەکانی بەدەستبهێنێت”.
هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان قەدەخەیە؛ لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانیش هەڵکردنی رێگەی پێنادرێت. بەشێکی حیزبە کوردستانییەکانیش لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئاڵای کوردستان وەک ئاڵای کوردستانی گەورە نابینن.