دیمانە: هێمن خەلیل
لەم ماوەیەدا کتێبی (رۆژگاری من) کە بریتیە لە سەربردەی ژیانی زانای کورد خوالێخۆشبوو (پرۆفیسۆر دکتۆر مارف خەزنەدار) چاپ کرایەوە، هەروەها کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار)یش چاپ و بڵاو کرایەوە. بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دووبارە بە چاپ گەیاندنەوەی یاداشتەکانی ئەو زانایە و بڵاوبوونەوەی کتێبی ئەرشیفی نامەکانی، دیدارێکمان لەگەڵ (مامۆستا بنیاد خەزنەدار)دا ساز کرد.
- بۆچی بیرتان لەوە کردەوە یاداشتەکانی د. مارف خەزنەدار لە چاپ بدەنەوە؟
- کتێبی (رۆژگاری من) بریتیە لە سەربردەی ژیانی د. مارف خەزنەدار لە سەرەتای پەیدابوونیەوە تا دوا ساڵانی سەدەی بیستەم. ئەم یاداشتانە گەلێ بەسەرهات و ڕووداو و زانیاریی وردیان تێدایە، کە تیایدا د. مارف خەزنەدار کەسی یەکەمە لە گێڕانەوەکاندا؛ واتە لە زاری کەسی دووەم و سێیەمەوە هەرگیز هیچ هەواڵێکی نەنووسیوەتەوە. ئەم خەسڵەتە بۆتە هۆی ئەوەی ئەم یاداشتانە باوەڕپێکراو بن و دەکرێ وەک سەرچاوەیەک متمانەی بکرێتە سەر. بە گشتی ئەم یاداشتانە بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و فیکری لە کۆمەڵگای کوردی و عیراقی دەخەنە ڕوو. بگرە سنوورەکانیان بڕیوە بەرەو کیشوەرەکانی تری سەر ڕووی ئەم هەسارەیە بە بێ ئەوەی تاموبۆی کوردەواری خۆیان لە دەست بدەن. ئەم یاداشتانە بە زمانێکی سادەی پاراو تێکەڵ بە هەناسەی ئەدەبی و تابلۆی تژی لە هەستی ڕۆمانتیکی نووسراونەتەوە.
بەر لە کۆچی دوایی د. مارف خەزنەدار پێنج بەرگ لەم یاداشتانە بە شێوەی پچڕپچڕ بڵاوکرانەوە. دیارە مەبەست لەوەی مەودایەک هەبێت لەنێوان بڵاوکردنەوەی بەرگەکان ئەوە بوو خوێنەر تینووی خوێندنەوەی بەرگە یەک بە دوای یەکەکان بێت و چاوەڕێی دەرچوونیان بکات.
لە دوای کۆچی دوایی د. مارف خەزنەدار، دوو بەرگ لەم یاداشتانە بە شێوەی دەسنووس مابوونەوە، ئەوە بوو ئێمەش ئەم دوو بەرگەمان چاپکرد، بەمەش کۆی بەرگەکانی کتێبی (ڕۆژگاری من) بوونە حەوت بەرگ.
بە هۆی ئەوەی بەرگەکانی ئەم کتێبە بە چەند قۆناغێک بڵاوکراونەتەوە، بۆیە گەلێک لە خوێنەران بۆیان نەڕەخسابوو کۆی بەرگەکانیان دەست بکەوێت. ئەوە بوو بیرمان لەوە کردەوە کە هەموو بەرگەکان بە سەریەکەوە دووبارە لە چاپ بدەینەوە. هەر لەم روانگەیەوە برای بەڕێز کاک سەباح رەنجدەر ئاگاداری کردینەوە کە کاک سەنگەر زراری بەڕێوەبەری دەزگای فام بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە ئاواتەخوازە کە کتێبی (ڕۆژگاری من) لە چاپ بداتەوە. ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان ڕەزامەندیمان پێدان. بۆیە دەسبەجێ دەست کرا بە ئامادەکردنی کتێبەکە، کە چاپی دووەمی بریتیە لە سێ بەرگ جگە لە کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار). - کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار) چۆن ئامادە کرا؟
- هەر لە سەروبەندی ئامادەکردنی چاپی دووەمی کتێبی (ڕۆژگاری من)، کاک سەنگەر زراری پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەندێک لە نامەکانی مارف خەزنەدار وەک پاشکۆیەک لەگەڵ یاداشتەکان چاپ بکرێن. من بیرۆکەکەم لا پەسند بوو، بەڵام پێم باش بوو وەک کتێبێکی سەربەخۆ چاپ بکرێت. ئەوە بوو دەسبەجێ دەستم کرد بە شەنوکەوێکی ئەرشیفی نامەکان کە د. مارف خەزنەدار بە سەلیقەیەکی ورد پۆلێنی کردوون و هەر کەسایەتیەک فایلێکی تایبەت بۆ نامەکانی دانراوە. بەبێ گوێدانە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاوینی ئەم مەفتەنە، ڕۆژانە لە ناو کتێبخانە کارم لەسەر نامەکان دەکرد. توانیم ١٠٧ نامە جیا بکەمەوە کە لە لایەن نووسەران و هونەرمەندان و کەسایەتی سیاسی گەلەکەمانەوە بۆ مارف خەزنەدار ڕەوانە کراون. نامە هەڵبژێراوەکان لە سەردەمی جیا نووسراون، بۆ ئەوەی زۆربەی قۆناغەکانی ژیانی د. مارف خەزنەدار بخەنە ڕوو. ئینجا دەستم کرد بە تایپکردنی نامەکان، من پێم باش بوو کە وێنەی نامەکانیش شان بە شانی تایپی نامەکان بڵاو بکرێنەوە بۆ ئەوەی وەک مێژوو پارێزراو بن. بۆ هەر کەسایەتیەک تەنها یەک نامەم هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی هەندێک لە کەسایەتیەکان پتر لە نامەیەکیان بۆ د. مارف خەزنەدار ناردووە.
ئەگەر نامەکان پۆلێن بکەین دەبینین لە ڕووی ناوەرۆکەوە زۆربەیان بابەتی ئەدەبی و رۆشنبیری و ئەکادیمی دەگرنە خۆ، هەندێکیشیان تەنها بۆ هەواڵپرسین یاخود داواکردنی شتێکی تایبەت نیردراون. ئێمە پێمان باش بوو ئەم جۆرە نامانەش بڵاوبکرێنەوە بۆ ئەوەی بە لایەنی کەم دەسخەتی ئەو کەسانە پارێزراو بێت. بە گشتی نامەکان سۆز و خۆشەویستی ئەو کەسانە بۆ د.مارف خەزنەدار پیشان دەدەن.
پێم باش بوو چەند پەراوێزێک بۆ هەندێک لە نامەکان بنووسمەوە بۆ ئەوەی هەندێک لایەنی شاراوەی ناو نامەکان ڕوون بکەمەوە، لەوانە ناوی هەندێک لە کەسایەتیەکان و هۆی ناردنی نامەکان و لایەنی تر، کە بێگومان دەبێتە هۆی پتر دەوڵەمەند کردنی کتێبەکە.
ئەم نامانە دەکرێ ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خستنە ڕووی باری ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە کوردستان و عیراق و لە تاراوگە لە سەردەمی نووسینی نامەکاندا. - چاپی دووەمی کتێبی (ڕۆژگاری من) هیچ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ چاپی یەکەم؟
- نەخێر لە ڕووی ناوەرۆکەوە هیچ جیاوازیەک نیە لە نێوان چاپی یەکەم و دووەم، تەنانەت لە چاپی یەکەمیشدا کاتی خۆی هەوڵماندا ئەو دەسنووسانەی کە د. مارف خەزنەدار لە دوای کۆچی دوایی جێی هێشتبوون وەک خۆیان چاپیان بکەین، لەبەرئەوەی ئەمە ئەمانەتێکی مێژووییە ناکرێ دەسکاری بکرێت.
لە ڕووی دیزاین و ڕێکخستنەوە چاپی دووەم جیاوازە لە چاپی یەکەم، لە بەرئەوەی لە چاپی دووەم هەر دوو بەرگ لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ کراوە. جگە لەوە وێنەکانی ناو کتێبەکە لە چاپی یەکەم لە ناو کتێبەکە پەرشوبڵاو ببوونەوە، بەڵام لە چاپی دووەمدا وێنەکانی هەر بەرگێک لە کۆتایی کتێبەکە کۆکراوەتەوە. کۆی بەرگەکانی کتێبی (ڕۆژگاری من) و کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار) لە ناو بۆکسێکی جوان دانراوە و کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار) بە جیاش چاپ کراوە، بۆ ئەوەی هەرکەسێک یاداشتەکانی هەبێت بتوانێ بە تەنیا کتێبی نامەکان دەست بخا. - ئایا کتێبی (ئەرشیفی نامەکانی مارف خەزنەدار) کۆی نامەکانی ناو ئەرشیفخانەکەی لەخۆگرتووە؟
- ئەرشیفی نامەکانی د. مارف خەزنەدار گەلێک دەوڵەمەندە، لە ڕووی ژمارەی نامەوە بە سەدان نامەی تێدایە، بەڵام ئەم کتێبە بەشی هەرە زۆری کەسایەتیەکانی تێدایە، واتە ژمارەیەکی کەم کەسایەتی ڕەنگە مابێ نامەکانیان بڵاو نەکرابێتەوە. نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە کاتی خۆی هەندێک لەم نامانە بە شێوەی زنجیرە یاخود تاک تاک لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کراونەتەوە.
- ئایا د. مارف خەزنەدار هیچ دەسنووسێکی ماوە چاپ بکرێت؟
- نەخێر د. مارف خەزنەدار هیچ دەسنووسێکی نەماوە چاپ بکرێ، بەڵام لە پڕۆژەماندایە کتێبە کۆنەکانی لە چاپ بدەینەوە، هەروەها ئەلبومی وێنەکانیشی بە چاپ بگەیەنین.