چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق:بوودجەی گشتیی عێراق، بە گوێرەی ڕێککەوتنی ھەولێر و بەغدا ئامادە دەکرێت

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ھەولێر دەڵێت: تا ئێستا ئامادەکارییەکی وا بۆ بودجەی گشتیی عێراق نەکراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت گفتوگۆ لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بکەوێتە ساڵی داھاتوو. دەشڵێ: پێویستە پڕۆژە یاسای بودجە بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و عێراق ئامادە بکرێت، لە ھەمان کاتدا داوامان کردووە پشکی ھەرێمی کوردستان ١٧% بێت.

بەمەبەستی بەردەوامیی دانووستاندنەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، ڕۆژی شەممە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا، لەو سەردانەدا، شاندی حکوومەتی ھەرێم لەسەر پرسی بودجە و نەوت، گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی دەکەن.
شاندەکە، بۆ چارەکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور، وەک: دۆسییەی ماددەی ١٤٠، دۆسییەی نەوت و گاز، بەشداریی شایستەی ھەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان، بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجوومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز) چوونەتە بەغدا.

  • ئامادەکارییەکان بۆ بودجە بە کوێ گەیشتوون؟
  • تا ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکراوە، ھەموو ئامانجی ئێمەش ئەوەیە حکوومەت بودجە بە تەمای پەرلەمان لێ نەگەڕێ، چونکە کاتێک کە دێتە پەرلەمان لەبەر موزایەدە، مافی ھەندێک لایەن دەخورێت. پێمان باشە ڕێککەوتن لەسەر بودجە بکرێت پێش ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند بکرێت. ڕێککەوتن لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت، پشکی ھەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، پاش ئەوە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانەی پەرلەمانی بکات، ئەو کات بە گفتوگۆ لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان بودجەی گشتیی عێراق پەسەند دەکرێت.
  • بودجەی گشتی عێراق چەندە؟
  • عێراق داھاتێکی زۆری هەیە، قەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق زیاترە لە دوو سەد ترلیۆن دینار، پێشنیازیش ھەیە نرخی نەوت بە حەفتا و پێنج دۆلار بخەمڵێندرێت، ئەوەش بە گەورەترین بودجە دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا.
  • پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق چەندە؟
    دەمانەوێت پشکی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی ڕێژەی دانیشتووانی ھەرێم بێت، ئەویش ١٧% بێت، ھەتا ئێستا سەرژمێری نەکراوە و بە پلان لەلایەن حکوومەتەکانی ڕابردوو سەرژمێری دواخراوە، ئەوەش تاوەکو ژمارەی پێکھاتەکان لە عێراق ئاشکرا نەبێت. ئەوان دەڵێن ڕێژەی کورد ١٤%ـەیە، بەڵام ڕێژەی کورد زۆر لەوە زیاترە، ھەر لەبەر ئەوەشە ھەموو کاتێک تەئکید لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە سەرژمێریی لە عێراق بکرێت. ڕێژەی ١٧% لە بودجەی گشتیی حکوومەتی فیدراڵی بە شایستەی ھەرێمی کوردستان دەزانین و دیاریکردنی پشکی ١٢.٦٧% ستەم کردنە لە ھەرێمی کوردستان، چونکە ھیچ بنەمایەک، یاخود سەرژمێرییەک نەکراوە بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێژەیە لە بودجەی فیدراڵی بۆ ھەرێمی کوردستان.
  • ئایا ھەولێر و بەغدا لەسەر بابەتی بودجە ڕێکدەکەون؟
  • پێویستە ڕێکبکەون، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین، چونکە لەو چەند ساڵەی کە ڕێک نەکەوتبوون، بۆمان ئاشکرابوو کە لە عێراق بە پلان کار لەسەر ئەوە کراوە کە ڕێککەوتن نەکرێت، لە قۆناغی پێکھێنانی حکوومەت زۆر لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ کراوە، ھەموو ھەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن.
  • دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دەبێت؟
  • دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجەی ٢٠٢٣، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر سێکتەرە جیاوازەکان، بە بازاڕیشەوە. ساڵی ٢٠٢١ قەیرانی دارایی ھەبوو، بەوەش ئاستی دارایی دابەزی بوو، ئەمساڵ حکوومەت بودجەی نەبوو، ئەوەش وای کرد خەڵکێکی زۆر بێکار بێت، بە سەدان پرۆژە رابگیرێن. خەڵکی عێراق پێویستیان بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانە، ھەر لەبەر ئەوە پێویستە لە پەسەندکردنی بودجەی ٢٠٢٣ پەلە بکرێت، لەگەڵ ئەوەش لەو باوەڕەدا نیم تا مانگی شوباتی ساڵی داھاتوو بودجە پەسەند بکرێت.
  • دەستکاری نرخی دۆلار دەکرێت؟
  • بە ھیچ شێوەیەک دەستکاری نرخی دۆلار ناکرێت، ھەر کەس و لایەنێک باسی دابەزینی نرخی دۆلار بکات، بەس بۆ ئەوەیە سۆزی خەڵک بۆ خۆیان ڕابکێشن، ئەگەرنا ھیچ شتێکی دیکە نییە و نرخی دۆلار ھەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە ئێستا ھەیە”.