چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەمەولا بە بێ بەفیڕۆدانی کات هاووڵاتی دەتوانێت بە شێوەی ئەلیکترۆنی سکاڵای خۆی تۆمار بکات

شۆڕش غەفووری – هەولێر

بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمی سکاڵای هاووڵاتیان، هەنگاوێکی جێبەجێکراوی دیکەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە کارنامەکەی خۆی بەڵێنی دابوو، بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەی کاغەز و ڕۆتین و بەرزهەڵسەنگاندنی ماف و کاتی هاووڵاتیان، کابینەی نۆیەم بەڵێنی دامەزراندنی حکوومەتێکی ئەلیکترۆنیی کارا و دیموکراسی داوە و لە سێ ساڵی ڕابردووشدا چەندین سیستەمی کارگێڕی و جێبەجێکردن بەئەلیکترۆنی کراون.

د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی سەرەتای فۆڕموولەبوونی بیرۆکەی گۆڕینی سیستەمی سکاڵای کرد و گوتی: “بە پێی یاسا و پێڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئەرکی وەرگرتنی سکاڵا لە هاووڵاتیان و دامودەزگاکان یان فەرمانبەران ئەرکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت کاک مەسروور بارزانی، ئەو ئەرکە بڕیاری لەسەر درا، کە هەموو دامودەزگاکان ئەرکدار بکرێن و هاوکاریی ئەنجومەنی دیوان بن، هەروەها سیستەمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاکان و وەڵامی هاووڵاتیانیش بدرێتەوە. پێشتر پەیڕەوی کاغەز دەکرا و هاووڵاتی لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتنە دیوانی ئەنجومەن و وەزارەتەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان، ئەمە جگە لەوەی ڕۆتین و مەسرەف و کاتێکی زۆری دەویست، هەندێک جاریش وەڵامەکان دەست هاوڵاتی نەدەکەوتنەوە، بۆیە بیرمان لە گۆڕینی سیستەمەکە بۆ سیستەمێکی ناوەندی و دیجیتاڵی کرد و بە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببەسترێتەوە.”
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە دەرکرد، کە ئەمەیان کردووەتە بڕیار و لیژنەیەکیان دروست کردووە و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییش لە ماوەیەکی کوردتدا سیستەمەکەیان دروست کرد، وە “ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە کە ڕایبگەیێنین، ئەوەی فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بڕیاری لەسەر دا، بە شیوەیەکی کردەیی لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی لە ماوەیەکی دیاریکراو و هەر لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە وەڵامەکان وەربگرنەوە؛ ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم و تەواوکاری پڕۆژەکانی بە دیجیتاڵیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.”
د. ئومێد سەباح، یەکێک لە پێوەرەکانی حوکمڕانیی باش بە نزیکی حکوومەت لە هاووڵاتیان دەزانێت، بۆ ئەوەی دەرەنجامی کارەکانیان بۆ شی بکاتەوە و ئەو داواکاری یان سکاڵانەی کە هەیانە، تەنانەت ئەگەر فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمیش بن بە زووترین کات وەڵامەکانیان دەست بکەوێتەوە.
چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێویست ناکات کاتێکی زۆر و ڕێگەیەکی درێژ ببڕن بۆ بەدواداچوون و سکاڵا لە کار و خواستەکانیان، دەتوانن لە ماڵەکەی خۆیانەوە ئەگەر سکاڵایەکیان هەبوو تۆماری بکەن و ڕاستەوخۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەدواداچوونیان بۆ دەکات.
لەم بارەوە و لەسەر سیستەمەکە مەهدی ساڵح ئاژگەیی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی سکاڵای هاووڵاتیان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: “سیستەمی ئەلیکترۆنی سکاڵای هاووڵاتیان، پۆرتاڵێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە ڕێگەیەوە هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان بۆ هەر لایەنێک یان خزمەتگوزارییەکی حکوومی پێشکەش بکەن، ئەم سیستەمە سیستەمێکی ناوەندییە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ لێرەدا هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، هاووڵاتی کاتێک سەردانی ئەم پۆرتاڵە دەکات، پێویستە هەندێ زانیاریی کەسی پڕ بکاتەوە و دواتر بە وردی سكاڵاکانی بنووسێت و بەڵگەنامەی سەلماندنی سکاڵاکانی هاوپێچ بکات، دواتر لایەنی تایبەتمەندی وەڵامدانەوەی سکاڵاكانی دیار بکات و پاشان ژمارەی مۆبایل یان ئیمەیڵیشی دیار بکات بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەرکردن یا رەتکردنەوەی سکاڵاکانیان وەڵامیان پێ بدرێتەوە.”
مەهدی ساڵح ئاژگەیی، باسی گرنگترین ئامانجی لەم سیستەمە کرد و بە بەدیهێنانی شەفافیەتی زانی و گوتی: “ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە وەڵامی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا.
دەوری بەڕێوەبەرانی سکاڵای هاووڵاتیان لە ئەنجومەنی وەزیران، سێ ڕۆڵی گرنگی هەیە کە بریتین لە:

یەکەم: وەرگرتنی وەڵامی سكاڵای هاووڵاتیان بۆ ئەو سکاڵانەی تۆمار دەکرێن، لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی وەزیران.
دووەم: وەرگرتن و ناردنی سکاڵا، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن، بەڵام لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێن.
سێیەم: چاودێریکردنی گشت ئەو سکاڵایانەیە، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاش بەئەلیکترۆنیکردنی چەندین سیستەم بۆ ئاسانکاری هاووڵاتیان، سیستەمی سکاڵاشی کردە ئەلیکترۆنی و هاووڵاتی دەتوانێت لە ڕێگەی پڕکردنەوەی پەڕەیەکی ئەلیکترۆنی و تۆمارکردنی زانیارییە کەسییەکانییەوە، سکاڵاکەی تۆمار بکات.
هیوا فەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، باسی لەوە کرد، کە یەکێک لەو پێوەرانەی بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بەرەو پێشچوونی وڵاتیان بە ئاستی دیجیتاڵبوونیان مەزەندە دەکرێت و بەکارهێنانەوەی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵە بۆ پتەوکردنی دیموکراسی، لەو چوارچێوەدا ئەم سیستەمانەیە کە حکوومەت دابینی دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت دەنگی خۆی بگەینێتە بەرزرترین ئاست لە حکوومەت، کەواتە دانانی سیستەم بۆ گەیاندنی فیدباک و سکاڵای هاووڵاتیان یەکێک لە سیستەمە هەرە گرنگەکانی وڵاتانە و لە هەموو دەزگاکانی حکوومەت بەشێک هەبووە بەناوی هۆبەی سکاڵا یان سندووقی سکاڵا و “ئەوەی کە ئێمە کردمان لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بوو، کە ئێمە پرۆسەکەمان کردە پرۆسەیەکی مەرکەزی، کەواتە بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکومەت سیستەمێکی ناوەندی دانراوە، کە هاووڵاتی بتوانێت لە رێگەی یەک سیستەمەوە سکاڵای خۆی لەسەر هەر کەس و خزمەتگوزارییەک بە شێوزێکی ناوەندی بگەینێتە هەموو ئاستەکانی حکومەت؛ فەرمانگەی تەکنۆجیای زانیاری تەواوی پرۆسەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە لە رووی دروستکردنییەوە و لە ڕووی بەرنامە و پاڵپشتی بەردەوامیشی دەکات، بەکارهێنەرەکانی سیستەم لە رووی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداری گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سیستەمەکە لەسەر ماڵپەڕی ناوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت.”
هیوا فەندی، لەسەر پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی حکومەت باسی لەوە کرد، کە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەروەک سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەت رایگەیاند، ئێمە تا کۆتایی ٢٠٢٥ بەو ئاراستەیە دەڕۆین، کە کاغەز لەناو دامودەزگاکانمان بەکار نەیێت و ناردنی نامە لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت هەمووی بکرێتە دیجیتاڵی؛ پێویست ناکات نووسراو لە نێوان دامودەزگاكان ئاڵوگۆر بکرێت و یاسای واژووی ئەلکترۆنی پێش چەند رۆژێک لە پەرلەمان دەرچوو، هێز و توانامان پێ دەبەخشێت، کە بتوانین ئەم کارە بکەین و “کوردستان لە رووی دیجیتاڵبوونەوە ماویەتی، بەڵام ئەوەی کە لە کابینەی نۆیەم کرا، بنەمایەکی زۆر باش دەرەخسێنێت، کە بتوانین کارەکانمان بکەین و بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان قۆناخی زۆر گرنگمان بڕیوە.”
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیجیتاڵیکردن بەم قورساییە کە پێویست بوو، سەیر کراوە و چەندها سیستەمی زۆر گرنگی بنەڕەتی وەک سیستەمی زانیاریی دانیشتوان و سیستەمەکانی کۆنترۆڵی خەرجییەکان و ژێرخانی لە خۆگرتنی ئەم سیستەمانەی دێنە سەنتەر، هەموو جێبەجێ کراوە، کە ئەوەش وا دەکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دیجیتاڵی بدرەوشێتەوە و هەم رێکخەری هەموو ئەو دوستکەوتانە بێت، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دێتە کایەوە.