لە دێرزەمانەوە كورد تەزبێحی قەزوانی بەدەستەوە گرتووە و لە بۆنە و ئاهەنگ و خۆشی و ناخۆشیەكانەكاندا وەك خولیایەک ڕۆژانە بۆ كات بەسەربردن بەكاری هێناوە؛ئێستایش چەندین جۆری جیاوازی وەک قەزوانی لاسوورە و ئەبڵەق و سپی و زەردی دۆزیوەتەوە و بەكاریان دەهێنێت و لە بازاڕەكاندا كڕینوفرۆشیان پێوە دەکا.
محەمەد عەبدوڵا كە دەستێک جلی كوردیی لەبەردا بوو بەدەستی ڕاستی تەزبێحە قەزوانەكانی گرتبوو، ژمارەیەكی دیكەی تەزبێحی قەزوانی لەملی كردبوو لە بەردەم مزگەوتی گەورەی شاری سلێمانیدا دانیشتبوو؛ ئەو بۆ هەولێر وتی: “ماوەی بیست ساڵە تەزبێحفرۆشم؛ كاری شەو ڕۆژمە؛ ئێستاکە بازاڕ بە دەیان جۆری تەزبێحی قەزوانی لێیە؛ باشترینیان تەزبێحی قەزوانی ئەبڵەقە”.
محەمەد نمونە دەهێنێتەوە بۆ تەزبێحی قەزوان و دەڵێت: “تەزبێحی قەزوانی لاسوورە بە ئەبڵەق ناسراوە، بیست جۆری هەیە”؛ یەكێك لە جۆرەكانی کە باسی دەكات، جۆری تەزبێحی قەزوانی لاسوورەی سروشتیە و جۆرەكانی دیكەی، كە لە كاتێكدا قەزوانەكە بە تەڕی و بەدارەكەوەیە كەسێك دەچێت و دەنكی قەزوانەكە بە نینۆك بریندار دەكات و لێی دەگەڕێت، تا وشك دەبێتەوە و دوای ماوەیەک لێی دەكاتەوە و دەیكاتە تەزبێحی قەزوانی لاسوورە، كە ئەم قەزوانە، هەریەكەو بەجۆرێك برینداری دەكات تا بیكاتە ئەو تەزبێحە لاسوورەیەی لە بازاڕدا هەیە؛ هەشیانە مەل و باڵندە قەزوانەكە بریندار دەكات؛ جۆرێكی دیكەشیان بە دەست نەخشی تێ دەكرێت لە كاتی لێكردنەوە لە دارەكە، كە تا ئێستا بیبست جۆری تەزبێحی لاسوورە هەیە و نرخێكی جێگیریان نیە، بەڵام نرخەكەی لە بیستهەزار دینارەوە دەست پێدەكات تا سێسەدهەزار دینار و بەرەو ژوور زیاتریش”.
ئەو باسی تەزبێحی ئەبڵەقیش دەكات، كە ژمارەی بیست جۆرە، كە جۆرەكانی تەزبێحی ئەبڵەق بۆ جۆری سروشتی قەزوانەكە دەگەڕێنێتەوە و سروشتیە و دەستی مرۆڤی تێدا نیە و، قەزوانی تایبەتی خۆی هەیە؛ بەتایبەت لە گوندەكانی بناری قەندیل دەست دەكەوێت، ژمارەیەك هاووڵاتی ئەو گوندانە لە وەرزی بەهاردا تەنها كار بۆ كۆكردنەوە و هێنانەوەی قەزوانی ئەبڵەق دەكەن، كە جۆرە دیارەكانی ئەبڵەق، لاڕەشەیە و، نۆزدە جۆرەكەی دیكەش هەریەكەیان بە نەخش و خەت و شێوەی جیاواز و ڕەنگ و گەورەی و بچوكی دنكەكانی قەزوانەكە دیاری دەكرێت و، هەموو كەس ئاسان نایانناسێتەوە، بەس هەر بە خانەی ئەبڵەق هەژمار دەكرێن كە نرخیان لە چلهەزار دینارەوە دەست پێدەكات بۆ هەشتا هەزار دینار.
محەمەد ئەوەش ئاشكرا دەكات هاوڵاتیان ئارەزوی كڕینی تەزبێحی لاسوورە دەكەن زیاد لە تەزبێحی ئەبڵەق و سپی و زەرد ئەمەش هێندەی دیكە بازاڕی لاسوورەی گەرم كردووە، بە جۆرێك زۆربەی كاتەكان تەزبێحی نوێی لاسوورە لە بازاڕدا نامێنێت، تەنها هۆكاریش بۆ جوانی تەزبێحەكە دەگەڕێتەوە بەتایبەت لە وەرزی بەهاراندا كاتێك جلوبەرگی كوردی لە وەرزی سەیراندا هەواداری بۆ پەیدا دەبێت؛ هەر ئەو كات بازاڕی تەزبێحیش جووڵەی تێ دەكەوێت و كڕیارێكی زۆر ڕوو دەكەنە ناو بازاڕ بۆ كڕینی تەزبێحی قەزوان بە تایبەت لاسوورە، كە ماوەی چەند ساڵێك دەبێت گەنجان بۆ سەر جلوبەرگ تەنها تەزبێحی قەزوان بەكار دەهێنن.
محەمەد تەزبێحفرۆش ئەوەش دەڵێت “بەدەر لە تەزبێجی قەزوانی لاسوورە و ئەبڵەق، كە هەریەكەیان بیست جۆرە بەرەو ژوریان هەیە و، بازاڕیان گەرمە جۆرەكانی دیكەی قەزوانی زەرد و سپی نرخەكانیان لە دووهەزار دینارەوە دەست پێدەكات بۆ دەهەزار دینار كڕیاری خۆیان هەیە؛ زیاتر پیر و بەساڵاچووگ دەیكڕن بە مەبەستی بژاردنی زیكر و تالیلەی ڕۆژانەیان لە ماڵ و مزگەوتاندا؛ هەڵسووڕان و هەڵگرتن و بەكارهێنانی ئاسانە، خەڵكی لە دەرەوەی شار و لە ناوشارەوە سەردانی بازاڕی تەزبێحفرۆشان دەكەن، ئەمەش وای كردوە بە درێژای چەندین ساڵ كاری فرۆشتنی تەزبێحی قەزوان بە سەرجەم جۆرەكانیەوە لە نوێبوونەدا بێت و بەهای خۆی لەدەست نەدات”.
ئەوەشی وت “زۆرینەی ئەو كەسانەی كاری كڕینوفرۆشتنی تەزبێح دەكەن تەمەنیان هەڵكشاوە؛ زۆرینەیان خانەنیش كراون و، كاری دیكەمان بۆ ناكرێت دەیانەوێت لە ماڵەوە دوور بكەونەوە و، هێندە لە ماڵ و كووچەوكۆڵان و چایخاناندا دانەنیشن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژانە دە بیست هەزار دینارێکیان دەست دەكەوێت، بەڵام كڕیارەكان جیاوازن و تەمەنیان لە ٢٠ بۆ ٤٠ ساڵاندایە، زۆر بە دەگمەن تەمەنیان لە شەست و حەفتا ساڵاندا بێت، كە وەك جوانكاری و كاری زینە بەكاری دەهێنن”.