ناز ئاڵانی
من ئەبمە شنەبایەكی ئێواران
بەوپەڕی میهرەبانییەوە
پرچی ئەو كیژۆڵەیە شانە ئەكەم
كە بەرەو جێژوان هەنگاو ئەنێ
ئەبمە سێبەری دارێك
بۆ ساتێك حەوانەوەی
ئەو دوو عاشقەی،بەوپەڕی پاكییەوە
لەژوانێكدا
پەیمانی عەشقێكی پاك نوێ ئەكەنەوە
ئەبمە بزەی سەر لێوی شۆڕە لاوێك
كە پڕە لە مەردایەتی و
بۆ ئاسودەیی حەبیبەكەی
هەزاران نشێو ئەبڕێ
ئەبمە تاجێك بۆ سەر سەری
ئەو كەسەی ئەو جێیە جێدێڵێ
كە كەرامەتی ئەشكێ
دڵی ئەكاتە هەزار پارچە
هەتا سەربەرزی تاكو مەرگ بێ
ئەبمە ئاوازی مەردایەتی و
گۆرانی بۆ پیرۆزی ئەو لاوە ئەڵێم
كە پەیمان ئەباتە سەر
ئەبمە باخێكی دارئەرخەوان و
ژیانی ئەو كیژۆڵەیە ئەنەخشێنم
كە پڕە لە جوانی عەقڵ و
وێنەی گەورەیی ژن ئەنوێنێ.