سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەیارەی زرێپۆش لە كوچە و كۆڵانەكانی باكووری كوردستان گیانی هاووڵاتی خستووەتە مەترسییەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

”گشت رۆژ و هەموو خولەكێك ئازار دەچێژین، هەریز لە فكرماندا ناسڕێتەوە، ئەو كەسێكی بەبایەخی خێزانەكەمان بوو، گیانی ئێمە بوو و برامان بوو. دوای رۆیشتنی ئەو، ئیدی خێزانەكەمان پەرت و بڵاو کەوت، ئەوەی بەسەر ئێمەدا هاتووە، بەسەر كەسدا نەیەت.“ ئەمە گوتەی نەیتوڵا جانە لە ئامەد، كە لە 8_12_2019، سەیارەیەكی سەربازی زرێپۆش خۆی كێشا بە جیهان جانی برایدا و ئەو برا ئەندازیارەی دەمودەست گیانی دەرچوو.

ئەگەر لە شارەكانی تری توركیا، بە رووداوی هاتوچۆ هاووڵاتیان گیان لەدەست بدەن یان بریندار بن، لە باكووری كوردستان رووداوای هاتوچۆ دیاردەیەكی زۆر نامۆیە، ئەویش سەیارەی زرێپۆشی سەربازییە، كە خۆی دەكێشێت بە هاووڵاتی سڤیل و پاشان دەڵێت ئەمە رووداوای هاتوچۆ بووە و كەسی لەسەر دەستگیر ناكرێت.
نەیتوڵا، ماوەی سێ ساڵ دەبێت بەدوای عەدالەتدا دەگەڕێت، تا ئەو پۆلیسەی بە سەیارەی زرپۆش خۆی كێشا بەبراكەی سزا بدرێت، بەڵام هیچ بەرەوپێشوەچوونێك لە دادگا رووی نەداوە و تەنانەت ئەو پۆلیسەش دەستگیر نەكراوە كە خۆی بە براكەیدا كێشا، بەڵام نەیتوڵا دەڵێت هیچ كاتێك لەو داوایەم خۆش نابم، تا بكووژی براكەم سزا دەدرێت.
لەماوەی 14 ساڵدا 40 هاووڵاتی كورد بە رووداوی هاتوچۆی زرێپۆش گیانیان لەدەست داوە؛ رێكخراوی مافی مرۆڤی توركیا، ئامارێكی بڵاو كردووەتەوە، كە لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا، لە باكووری كوردستان، 40 هاووڵاتی سڤیل بەهۆی پیاكێشانی سەیارەی سەربازی زرێپۆش گیانیان لەدەست داوە، هەروەها زیاتر لە 100ـی تریش بریندار بوونە.
رێكخراوی ناوبراو، راپۆرتێكی ئامادە كردووە، لەوێدا داوا دەكات لێكۆڵینەوەی جیدی بكرێت، تا بزانرێت هۆكاری ئەو هەموو رووداوای هاتوچۆیە بە سەیارەی زرپۆش لە باكووری كوردستان چییە و دەشڵێن، تاوەكوو ئێستا هیچ پێشوەچوونێك رووی نەداوە، بەوەی بزانن بۆچی سەیارەی سەربازی زرپۆش هاووڵاتی سڤیل لە باكووری كوردستان دەكاتە ئامانج؟
سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، بەنووسراوێكی فەرمی داوایان لە وەزارەتی ناوەخۆی توركیا كردووە، كە سەیارەی زرپۆش لەناو شارەكاندا ببەنە دەرەوە، چونكە چەندین رووداوی لێكەوتووەتەوە و هاووڵاتی سڤیل بووەتە قوربانی.
بەڵام وەڵامی وەزارەت بە نەرێنی بووە و دەڵێن، لە 2019 تا 2022، لە باكووری كوردستان 12 جار سەیارەی زرپۆش رووداوای هاتووچۆی ئەنجام داوە و تەنیا 23 هاووڵاتی برینداربوون و هیچ كەسێكیش گیانی لەدەست نەداوە.
بەڵام زانیارییەكانی وەزارەتی ناوەخۆی توركیا هەڵە بووە، چونكە لە 11_9_2019، سەیارەی سەربازی زرپۆش، خۆی بە منداڵێكی شەش ساڵاندا كێشا بەناوی ئەلیف تێكتەكین و دەمودەست گیانی لەدەستدا. هەروەها لە 8_12_2022، خۆی بە جیهان جاندا كێشا و ئەویش گیانی لەدەستداوە.
سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، دۆسیەی كشانەوەی سەیارە زرپۆشەكانی لە باكووری كوردستان، گەیاندووەتە دادگای ئیداری ئەنكەرا، داوا دەكەن بەپەلە ئەو زرپۆشانە بكشێندرێتەوە، چونكە گیانی هاووڵاتی سڤیل لەمەترسیدایە.
لەكۆڵانەكانی ئامەد، دەیان سەیارەی زرپۆش دەبینرێت، بۆیە سەندیكای پارێزەران دەڵێت جگە لەوەی ئەو زرپۆشانە بوونەتە مەترسی بۆ گیانی خەڵك، هەروەها بۆ باری دەروونی منداڵ زۆر خراپە و منداڵ ئەو سەیارانە دەبینن، ئیدی باری دەروونیان تێك دەچێت.
بەگوێرەی گوتەی مەهدی ئۆزدەمیر، جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، سەنتەری مافی منداڵان، داوای یاسایی تۆمار كردووە، ئەوانیش داوا دەكەن ئەو سەیارە زڕپۆشانە ببرێنە دەرەوەی شار، چونكە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر دەروونی منداڵان دروست كردووە.
لەسەروبەندی پرسی چارەسەری، چەكدارانی پەكەكە، لە زۆربەی شوێنەكانی باكووری كوردستان کەندەک (خەندەق)ـیان هەڵكەند، دوای ئەوەی حكوومەتی توركیا پێی زانی، شەڕی کەندەک دەستی پێكرد و لەو رۆژەوە بە بەهانەی مەترسی تیرۆر، سەنتەری شارەكانی باكووری كوردستان،سەیارەی زرێپۆشی لێ دەسووڕێتەوە.
كشانەوەی ئەو زرێپۆشانە لەناو سەنتەری شار، تەنیا لە دەسەڵاتی دادگادایە، پێناچێت دادگا ئەو بڕیارە بدات، چونكە پێیان وایە مەترسیی پەكەكە زیاد دەبێت.