سەرۆكی یەكێتیی پیاوان ئاماژە بەوە دەدات توندوتیژییەكان لەم ساڵدا بەراورد بەساڵی ڕابردوو، كەمیان كردووە و دەشڵێت:” بەهۆی پێدانی مووچە لەكاتی خۆیدا و باشبوونی دۆخی دارایی توندوتیژیی بەرامبەر پیاوان كەمی كردووە”.
بورهان عەلی، سەرۆكی یەكێتیی پیاوان لەم چاوپێكەوتنەیدا، بەپێی ئامارێك ئەوە دووپات دەكاتەوە لەم ساڵدا (427) سكاڵا و (٨)خۆكوشتن و(٥) كوشتنی پیاوان تۆماركراوە بەراورد بەساڵی پار (467) سكاڵا و (54) خۆكوشتن و (٦) خۆكوشتنی پیاوان تۆمار كرابوون. کەواتە حاڵەتەكانی توندوتیژی لەم ساڵدا كەمیان كردووە كە ئەو هۆکارەکەی بۆ باشبوونی دۆخی دارایی دەگەڕێنێتەوە.
- ئامارەکانی توندوتیژیی بەرامبەر پیاوان لەم ساڵدا چۆنە ؟
- بەراورد بەساڵی ڕابردوو توندوتیژییەكان كەمیان كردووە بەهۆكاری هەبوون و بەردەوامی دابەشکردنی مووچە لە لایەك و لە لایەكی دیكەشەوە ڕەنگە خەڵكی بەشێك لەكێشەكانیان نەهێنە دادگاكان و خۆیان چارەسەری بكەن ئەوەش یەكێكە لەهۆكارەكان. بەڵام هۆكاری باشبوونی دۆخی دارایی هۆكاری سەرەكیە لە كەم بوونەوەی توندوتیژییەكان”.
- یەكێتیی ژنان و ڕێكخراوەكانی ژنان بەردەوام گلەیی لەپیاوان دەكەن كە توندوتیژیی لەلایەن پیاوانەوە دەكرێت بۆ ئەمە چی دەڵێیت؟
- بێگومان ئەمە سروشتی ژیانە، ئێمە دەڵێین لەكۆی جیهاندا ژنان توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت بە هۆی ئەو جیاوازیەی لە ڕەگەزی نێر و مێدا هەیە بەردەوام ژنان ڕووبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، بەڵام ئەگەر تەماشای یاسای باری كەسێتی و پرۆسەی هاوسەرگیری لە كوردستان و كۆمەڵگە ئیسلامیەكاندا بكەیت، لەگەڵ دونیای ئەمڕۆی یەكسانی و پێشكەوتندا ناگونجێت كۆی بەرپرسیاری پرۆسەی هاوسەرگیری لەئەستۆی پیاودایە ئەمەش وای كردووە دووجار بچەوسێتەوە؛ جارێك لەدەرەوە كاتێك كۆمەڵگە بە قەیرانێكی ئابوری و داراییدا تێدەپەڕێت بێكاری پەیدا دەبێت، كاتێك كارێكی دەست دەكەوێت لەدامودەزگایەك یان جێگەیەك توندوتیژیی بەرامبەر دەكرێت دەبێت قبوڵی بكات لەپێناوی ئەوەی كارەكەی لەدەست نەدات. كاتێكیش لەدوای كار دەچێتەوە بۆ ماڵەوە پێداویستییەكانی خێزان زیاد دەكات و ئەمیش ناتوانێت دابینی بكات ئیتر ڕێزی لێ ناگیرێت توندوتیژیی بەرامبەر دەكرێت و سووكایەتی پێ دەكرێت”.
- ئێوە وەك ڕیكخراوەكەتان تەنیا داتا كۆ دەكەنەوە یان چی دیكە دەكەن بۆ ئەو پیاوانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت؟
- ئێمە ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنین چالاكی و كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپمان هەیە لە ڕاگەیاندنەكانەوە بەردەوام بەرنامەی تایبەتیمان هەیە وە هەروەها لەگەڵ ڕێكخراوەكانی دیكە كاری هاوبەشمان هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەكو ئێستا تاكە ناوەندین پشتگیریی لە ڕەگەزی نێر دەكەین، ڕۆژانە كەیسی پیاوان دێتە لامان بەتایبەت بەهۆی ئەوەی مادەم ژن داوای یەكسانی دەكات ژیان بریتیە لە ئەرك و ماف، دەبێت ئەویش ئەركەكانی خۆی جێ بەجێ بكات. پیاوانێك سەیر دەكەن ئەركەكانی خۆیان جێ بەجێ دەكەن توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت بەجۆرێك لەجۆرەكان مافیان پێشێل دەكرێت دێتە لای ئێمە سكاڵا تۆمار دەكەن ئێمەش پرەنسیپ و داتامان هەیە ئەوكات نەتیجە دەدەین؛ بۆیە ئیشمان تەنها كۆكردنەوەی داتا نییە”.
- ژمارەکان بەروارد بە پار چەند گۆڕاون ؟
-لە دە مانگی یەكەمی 2021دا چوارسەد و شەست و سێ سکاڵا تۆماركراوە بەداخەوە پەنجاو چوار حاڵەتی خۆ كوشتن هەبووە شەش حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنانەوە هەبووە بەهاوكاری كەسانی تر. لەدە مانگی ئەم ساڵدا چوارسەد و بیست و حەوت سكاڵا هەبووە چل و هەشت حاڵەتی خۆكوشتن هەبووە پێنح حاڵەتی كوشتنی پیاوان لەلایەن ژنان هەبووە بەهاوكاری كەسانی تر؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات بەپێی ئامارەكە توندوتیژیی لە چاو پاردا كەمی کردووە. - ئێوە چی دەکەن بۆ ئەو پیاوانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت؟
-ئێمە كۆمەڵگە هۆشیار دەكەینەوە پیاو و ژن هۆشیار دەكەینەوە لەوەی ژیان بریتییە لە ئەرك و ماف، ژنان ئەركەكانیان جێ بەجێ بكەن ئەوكات داوای مافەكانیان بكەن. ناكرێت پێشتر تەوژمێك هەبوو ژنی تەنیا لەسەر ماف هۆشیار دەكردەوە لە خێزاندا مافی هەیە، بەڵام ئەركیشی هەیە پیاویش بەهەمان شێوە ئەركی هەیە و مافیشی هەیە دەبێت هەردوولا ئەركەكانیان جێ بەجێ بكەن ئەوسا داوای مافەكانیان بكەن”. - باسی توندوتیژیمان كرد توندوتیژییەكان چین؟ لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو نەگۆڕاون؟
- توندوتیژیەكان بەراورد بەساڵانی ڕابردوو گۆڕاون، پێشتر مۆبایل و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و سۆشیال میدیا نەبوون، ئەمڕۆ بۆنەتە یەكێك لە هۆكارەكانی زیاد بوونی كێشە كۆمەڵایەتییەكان، ئالودەبوونی هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بە سۆشیال مێدیا هۆكارێكە بۆ پەیوەندی نادروست و خیانەت لەنێوان هاوسەرەكاندا، کە بەداخەوە بووەتە گرفێكی گەورە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكان”.
*لە ڕووی كاری یاسایی و پەرلەمانییەوە وە چیتان كردوە تا ئەم توندوتیژییانە بەرنە دەرەوەی ڕێكخراوەكەتان كاری لەسەر بكەن؟ - بێگومان لەساڵی 2008 كاتێك یاسای باری كەسێتی هەموار كرایەوە، ئەوكات پڕۆژەمان هەبوو لەسەر زیادبوونی توندوتیژییە خێزانییەكان و لەسەر كۆمەڵێك یاسا ڕا و بۆچونی خۆمان هەبوو و بەهەمان شێوە لەساڵی ٢٠١١دا داوامان كرد ناكرێت پەرلەمان تەنیا کار لەسەر بڕیاری توندوتیژیی دژ بە ژنان بکات، بۆیە پێویستە یاسای توندوتیژیی دژ بە ژنان بكرێت بە یاسای توندوتیژیی دژی خێزان لەناو خێزانیشدا بەشی بەساڵاچووان و پیاوان و منداڵانیش هەبێت، بۆیە خۆشبەختانە جێ بەجێ كرا”.