چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڵێی توركیا لە زەمینیشەوە هێرش بکاتە سەر رۆژئاوا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لەو چەند رۆژەدا، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا رۆژئاوای كوردستانیان بۆردومان كرد؛ لە میدیاكانی خۆیشیانەوە باس لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی گەورەی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا دەكەن، بەتایبەت مەنبەج، ئایا ئەمریكا و رووسیا دەهێڵن توركیا هەنگاوێكی لەو شێوەیە بنێت؟

13_11_2022، تەقینەوەیەك لە بازاڕی تەقسیم كرا، شەش كەس كوژران و 80یش بریندار کەوتن؛ توركیا هەرزوو پەكەكە و یەپەگەی بە کردنی تەقینەوەكە تۆمەتبار كرد، ئەگەرچی یەپەگە رەتی كردەوە كردوەیەكی تیرۆریستیی لەو شێوەیەی كردبێت، بەڵام توركیا مکوڕە كە یەپەگە تەقینەوەكەی كردووە، بۆیە وەزارەتی بەرگریی توركیا گوتی ”چاوەڕێی تۆڵە بن.“
هەر دوای چەند رۆژێك بە فڕۆكەی جەنگی رۆژئاوای كوردستانیان بۆردومان كرد، هێزێكی زۆریشی بردووەتە سەر سنوور و لە میدیاكانیشیانەوە باس لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەكرێت.

توركیا كەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی هەڵدەگیرسێنێت؟
توركیا ماوەیەكی زۆرە ئامادەكاری دەكات تا هێرشی زەمینی بکاتە سەر رۆژئاوای كوردستان، بەڵام چەندین بەربەستی بۆ هاتووەتە پێشەوە و نەیتوانیوە ئەو هەنگاوە بنێت، چەند رۆژێكە ئۆپەراسیۆنی هێناوەتەوە بەرباس، بەڵام كاتەكەی دیاری نەكردووە.
گورسەل تۆكماكئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی هەواڵگریی هێزە ئاسمانییەكانی توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە، دەڵێت ئەگەر هەلومەرجەكە لەبار بێ بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی، بەدڵنیاییەوە دەکرێت.
ئەو دەڵێت: ”مەرجەكان هەر ئەوە نین، ئەمریكا گڵۆپی سەوز بۆ توركیا پێ بكات ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکات، نەخێر دەبێت لە بەرەكانی جەنگدا سوپایەكی رێكخراو و تواناش ئامادە بكرێت، كە ئامادەكارییە سەربازییەکان تەواو بێ، ئەوكات دەبێت بیر لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی بكرێتەوە.“
بەڵام جاهید ئارمەغان دیلەك، لێكۆڵەر لە سیاسەتی دەرەوە، پێی وایە ئەگەر توركیا ئۆپەراسیۆنێكی سنووردار هەڵبگیرسێنیت و كاتەكەی كەم بێت، ئەوكات لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ناكەوێتە ژێر بەرپرسیاریەتی.
دەیشڵێت: ”ئەوان ناتوانن بەرامبەر بە هێزی توركیا خۆیان بگرن و هەركات سوپا چووە ناو رۆژئاوا، ئەوان پەرت و بڵاو دەبن، چونكە ناوچەكە سوپای توركیا و بنكەی سەربازیی توركیای لێ هەیە، بەڵام ئەو شوێنانەی بنكەی سەربازیی توركیای لێیە، لە دەرەوەی سنووری بوونی توركیا، چەكدارانی یەپەگەیشی لێ هەیە.“
بەهۆی ئەوەی، بە چەند رووكێتێك ناوچەی كاركەمش لە دێرەلووك كرایە ئامانج و ژن و منداڵ بوونە قوربانی و لەوەشیاندا یەپەگە تۆمەتبار كرا، بۆیە دیلەك پێی وایە، ئۆپەراسیۆنی سنووردار هیچ كێشەیەكی یاسایی نییە.

ئامانجی توركیا مەنبەجە؟
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئامانجی توركیا لە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی مەنبەجە، چونكە پێشتریش توركیا ویستویەتی لە مەنجەج و تەلڕفعەت ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکات، بەڵام رووسیا رێگری لێ كردووە.
حەسەن سەلیم ئۆزەرتێم، شارەزای سیاسی، پێی وایە توركیا بۆ ئەوەی یەپەگە بە تەواوی لە مەنبەج و تەلڕفعەت پاك بكاتەوە، ئامانجیەتی ئۆپەڕاسیۆن بۆ ئەو دوو ناوچەیە بکات و پێشتریش توركیا دەیگوت بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر دەچمە ناو مەنبەج.
مەنبەج لە 2018ـەوە لەژێر حوکمی رووسیا و ئەمریكادایە، یەپەگەش كە لەلایەن ئەمریكاوە پاڵپشتی دەكرێت، لەوێ نەكشاوەتەوە و پێگەیەكی گەورەی هەیە.
ئەگەر بڕوانینە لێدوانی سلێمان سویلو، وەزیری ناوخۆی توركیا، لەكاتی ئاشكراكردنی ئەنجامدەری تەقینەوەی شەقامی ئیستیقلال لە تەقسیم، گوتی پلانەكە لە مەنبەج داڕێژراوە، باسی لەوەش كرد تۆڵە دەكەنەوە.

ئایا ئەمریكا و رووسیا رێگە دەدەن توركیا ئەو ئۆپەراسیۆنە بکات؟
توركیا تاوەكوو ئێستا تەنیا لەرێگەی ئاسمانەوە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەپەگەی بۆردومان كردووە، بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەمریكا و رووسیا رێگەیان نەداوە.
توركیا بەردەوام ئەمریكا تۆمەتبار دەكات، بەوەی هاوكاری سەربازی پێشكەش بە یەپەگە دەكات، ئەمریكاش بەردەوامە لە هاوكاری یەپەگە و وەكوو باڵێكی سەربازی پەكەكە نایبینێت لە سووریا، بەڵام توركیا یەپەگە لەگەڵ پەكەكە جیای ناكەتەوە.
كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، داوای لە هاووڵاتیانی ئەمریكی كرد، كە ئاگاداری خۆیان بن، چونكە توركیا ئۆپەڕاسیۆن بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدات، هەردوای ئەوە، چەند سیناتۆرێكی ئەمریكی هاتنە دەنگ و دژی توركیا قسەیان كرد.
بەگوێرەی بۆچوونی تۆكماكئۆغڵو، ئەگەر توركیا هێرشی زەمینی بۆ سەر رۆژئاوا ئەنجام بدات، ئەمریكا بەهیچ شێوەیەك فڕۆكەی جەنگی F16 رادەستی توركیا ناكات، كە ماوەیەكی زۆرە توركیا ئەو داوایەی لە ئەمریكا هەیە.
ئەو دەڵێت: ”لەكۆبوونەوەی سوچێ، ڤلادمیر پوتین و رەجەب تەییب ئەردۆغان كۆبوونەوە، لەوێ باس لەوە كراوە كە حاكمییەتی ئەمریكا لە سووریا كەم بكەنەوە یان لاوازی بكەن، بەڵام ئەمە كارێك نییە بەئاسانی ئەنجام بدرێت، ئەمە كاری گەورەی دەوێت.“
بەڵام ئەوەی گرنگە، تاوەكو ئێستا رووسیاش كڵۆپی سەوزی بۆ توركیا پێنەكردووە تا ئۆپەڕاسیۆنێكی لەو شێوەیە ئەنجام بدات، چونكە ئاسمانی مەنبەج و تەلڕفعەت لەدەستی رووسیایە، ئەگەر رووسیا ئاسمان نەكاتەوە، ئەركی توركیا قورس دەبێت.
بەگوێرەی رێككەوتنی ئەدەنا لەنێوان توركیا و سووریا، توركیا بەبێ ئەوەی پرس بە رووسیاش بكات دەتوانێت ئاسمانی سووریا بەكار بهێنێت و بە فڕۆكەی جەنگی لە یەپەگە بدات، بەڵام نابێت ئۆپەراسیۆنی زەمینی بکات و، بە گوێرەی گوتەی شارەزایانی سیاسەتی نێودەوڵەتی کارێکی لەو شێوەیە دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.