ئاڵۆزییەکانی بەغدا کاریگەریی خراپیان لەسەر ئابووریی عێراق دەبێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

دوای راگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن، دۆخی عێراق ئاڵۆز بووە و تاڕادەیەک کاریگەریی خستووەتە سەر ئابووری وڵات و ئەو ئاڵۆزییانەش ئەگەر درێژە بکێشن، ئەوا پێکهێنانی حکوومەت دوا دەکەوێت و کاریگەرییەکانیش بۆ سەر ئابووری زیاتر دەبن.

ساڵانە پێش تەوابوونی ساڵ، پەرلەمانی عێراق زۆرترین چالاکی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی بودجەی ساڵێکی تر و ئەم گفتوگۆیانەش چەندین هەفتە دەخایەنێت تا دواجار پڕۆژەی بودجە پەسند بکرێت و بە فەرمی حکوومەت کاری پێ بکات. ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازە، پەرلەمان پێش هەڵبژاردن هەڵوەشاوەتەوە و پەرلەمانی نوێش چاوەڕوانی ئەوە دەکات دەرەنجامەکان بە فەرمی پەسند بکرێن تا پەرلەمانی نوێ کۆ ببێتەوە و حکوومەتێکی نوێ دابمەزرێنرێت.
وەک ئاشکرایە لە هەڵبژاردنی ١٠ی مانگی رابردوو لە نێو شیعەکان بزووتنەوەی سەدر زۆرترین کرسی بەدەست هێنا و ئەو لایەنە شیعانەی تر کە پێشتر کورسییەکی زۆریان هەبوو و لە حکوومەت بەشدار بوون دۆڕاندنیان و بیانووی ئەوەیان گرتووە لە هەڵبژاردن ساختەکاری کراوە بۆیەش لایەنگرانیان هان داوە بچنە سەر شەقامەکان.
هیشتا دەرەنجام پەسند نەکراوە، کەچی دۆخی ئەمنیی عێراق ئاڵۆز بووە و گرووپەکانی حەشدی شەعبی و نزیک لە ئێران بەرانبەر دەرەنجامەکان ناڕەزایەتی دەردەبڕن و تەنانەت لە چەند رۆژی رابردوودا ماڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و ژمارەیەک پاسەوانی کازمی بریندار بوون بەڵام خۆی سەلامەت دەرچوو.
دۆخەکە ئەوە دەردەخات تا کۆتایی ساڵ دامەزراندنی حکوومەتێکی نوێ ئاستەم بێت و بەمەش ئەوەی کەمترین باس و خواستی لەسەر دەبێ پرسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ ە کە زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئابووریی عێراق هەیە.
هەر لە ئێستاوە خاوەن کارگە و ناوەندە بازرگانییەکان لە بەغدا باس لە وەستانی بازاڕ لە سەرجەم بوارەکانی ئۆتۆمبێل، پێداویستییەکانی بیناسازی، جلوبەرگ و زۆربەی بازاڕەکان دەکەن. خەڵکی بەغدا لە جۆرێک دڵەڕاوکێدا دەژین و نازانن دۆخەکە بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات.
بە گوێرەی ئەلعەرەبیە جەدید، هیشام حەسەنی یەکێک لە بازرگانە ناسراوەکانی بازاڕی شۆریجەی بەغدا گوتوویەتی ئەوەی لەو دۆخەکەدا بە خێرایی کاریگەریی وەرگرتووە دۆخی بازاڕ و کاسبییەکانە و لە هەموو خولەکانی هەڵبژاردن ئەو دۆخە لە عێراق لە ئارادا بووە. ئەو دەڵیت دەرگاکانی قوتابخانەکان کراونەتەوە و خەریکە وەرزی سەرما دەست پێ بکات و دەبوایە بازاڕی جلوبەرگی زستانە و پێداویستییەکانی قوتابخانە گەرم ببا کەچی پاشەکشەی کردووە و بازاڕەکەیان وەستاوە و قەبارەی فرۆشتنیان بۆ نیوەی ساڵی رابردوو، دابەزیوە.
هاووڵاتییەکی تر گوتوویەتی لە بازاڕەکانی عێراق نرخی زۆربەی پێداویستی و کەلوپەلەکان بەرزبووەتەوە و ئەگەر هۆکارەکەش بپرسی بیانووی ئەوە دەهێننەوە نرخی دینار دابەزیوە.ئەنوەر بەیاتی کە لێکۆڵەرێکی ئابوورییە بۆ سەرچاوەکە ئاماژەی داوە هۆکارە هەرە سەرەکییەکەی ئەو دۆخە ئابوورییەی ئێستا بەسەر عێراقدا زاڵ بووە، بۆ رووداوەکانی دوای هەڵبژاردن و ئەو ناکۆکییانە دەگەرێتەوە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتردا هەیانە.
ئەو هۆشداری دەدات دامەزراندنی حکوومەت تا زیاتر دوا بکەوێت ئەوا دۆخی ئابووری خراپتر دەبێت و قەیرانەکان زیاتر دەبن ئابووری کەرتێکە راستەوخۆ کاریگەری لە دۆخی تەناهی و سیاسی وەردەگرێت.
ئەوەی ئەم خولەی هەڵبژاردن لە ئەوانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە پێشتر ناکۆکییەکان زیاتر لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق بوو بۆ دامەزراندنی حکوومەت، بەڵام ئەم جارە تا ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە چارەسەر نەبن ئەوا قۆناغی دووەم دەست پێ ناکات.

ھەواڵی زیاتر