چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی بە سەدان پارچە زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی دابەش دەکرێت

وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئاشکرای کرد، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، 260 پارچە زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی دابەش کرا.

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە: “رۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2022، لە قەزای چەمچەماڵ، 260 پارچە زەوی بەسەر زیندانییانی سیاسی دابەش کرا، ئەمەش دوای دەرچوونی فەرمانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە ڕۆژی 23ی تشرینی دووەمی 2021، کە هەریەک لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئامادەکاری و وردبینیکردن لە ناوی کەسەکان راسپاردبوو، بۆ پێدانی ئەو زەوییانە.”

وەزارەتی کاروباری شەهیدان ئاماژەی بەوەش کردووە: “لە فەرمانەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە، کە ئاماژە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38 لە رۆژی 11/2/2017 و لەژێر رۆشنایی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 9ی ساڵی 2007 و یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسیی کوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2011 بڕیار درا بە جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (869، 86، 867) لە رێکەوتی 21/2/2018 تایبەت بە تەرخانکردنی زەوی بۆ 11 هەزار و 141 هاووڵاتی لە میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان و جینۆساید و زیاندانییانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لە هەرێمی کوردستان.”

باسی ئەوەش کراوە، کە فەرمانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو کارە دوای وردبینیکردن لە تەواوی ناوەکان و دڵنیابوون لە بوونی مەرجەکانی تەرخانکردنی زەوی تیایاندا هاتووە، كە: “ئەوەش لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆڕە، کە نوێنەری هەریەک لە وەزارەتەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و شارەوانی و گەشتوگوزاری تێدا بێت.”

ڕوونیش کراوەتەوە، هەر بەپێی فەرمانەکەی سەرۆک وەزیران، پێویستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کاری پێویست ئەنجام بدات، بە وردبینیکردنی لیستی ناوەکانی مامەڵەکانی تەرخانکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان (کەلار و کفری) لەگەڵ دابینکردنی زەویی پێویست، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانەکە.