چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پۆلیسی هه‌ولێر: هاووڵاتییه‌كی به‌ریتانی له‌هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستدا

به‌ره‌به‌یانی رۆژی (30ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێبمبه‌ر)، هاووڵاتییه‌كی به‌ریتانی له‌ شاری هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستدا، پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێر ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا هۆكاری گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ی روونكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌: هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر به‌بوونى روداوێكى هاتووچۆ لەسەر شەقامى (100 مەتری) ئاگاداركرانەوه، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنى رووداوه‌كه‌ و دەرکەوت ماتوڕسكيلێك شوفێرەكەى به ناوى (م. خ. ش) به رەگەز عەرەبی سووریا، كه كارى دیليڤەرى دەكرد، خۆى كێشاوه به هاووڵاتیيەكى به رەگەز بەريتانى به ناوى (ئاندرو تورلی) تەمەن (59)ساڵ، له‌ كۆمپانيایەک لە شاری هەولێر كاری ده‌كرد و ویستوویەتی به پياده لە شەقام بپەڕێتەوە، بەڵام شوێنه‌كه‌ بۆ پەڕینەوەی پیادە نەبووە، ده‌ره‌نجام ئه‌و رووداوه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، بەپێی لێکۆڵینەوەکان هاووڵاتییە بەریتانییەکە هاوڕێیەکی به ناوى (دەيڤید) لەگەڵدا بووە، ناوبراو دانی بەوە داناوە بەر له رووداوەكه خواردنەوەی کحولییان خواردووەتەوە و هاوڕێکەشی لە شوێنی مۆڵەتپێدراو بۆ پەڕینەوەی پیادە نەپەڕیوەتەوە.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، شوفێرى ماتۆرسكيلەکه بەپێی ماددە (23ی هاتووچۆ) لەلایەن پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ دەستگيركراوە.