پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

داوای بودجه‌ی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ده‌كرێت

ڤیان سه‌بری، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،رایگه‌یاند، هه‌ر بڕیارێك له‌ باره‌ی نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ربچێت، پێویسته‌ به‌ رێككه‌وتنی دوولایه‌نه‌ بێت.

له‌ باره‌ی مادده‌ی سه‌د و چلی ده‌ستووری عێراقیشه‌وه‌، ڤیان سه‌بری، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ “صوت العراق”دا هاتووه‌، گوتی: “هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت قسه‌ی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مادده‌ی سه‌د و چلی ده‌ستوور كردووه‌ و بودجه‌ی پێویستیش بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌”.

هه‌روه‌ها گوتی: “ئه‌و پرسه‌ به‌ قسه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو پێویسته‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكرێت”.

له‌ باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی ئیتیحادی 2023ی عێراقه‌وه‌، ڤیان سه‌بری رایگه‌یاند، هه‌رێمی كوردستان داوای له‌ سه‌دا حه‌ڤده‌ی بودجه‌ ده‌كات.

روونیشیكرده‌وه‌، هیچ كاتێك له‌ رابردوودا پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ وه‌ك خۆی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌و پشكه‌ی هه‌رێم ساڵی داهاتوو وه‌ك خۆی بگاته‌ هه‌رێم.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هه‌رێمی كوردستان هه‌ست ده‌كات، به‌غدا نیازی هه‌یه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، كه‌ به‌شێكیان مێژوویان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ 2005.