وەك هەمیشە لە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تەواو بە كەرتی تەندروستی دراوە. خەریکە لە زۆرینەی شارەکانی کوردستان سەنتەری تایبەت بە دڵ دەکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەک بابەتە تەندرووستییەکانی دیکە، گوژمەی تایبەتی و پێداویستی تایبەتی پزیشكی بۆ چارەسەری ئەو سەنتەرانەی دڵ داناوە تا بارگرانیی ماددی نەکەوێتە سەر هاووڵاتیان.
سەنتەری دڵ لە شاری دهۆك، ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و ساڵ بە ساڵ خزمەتی زیاتر پێشكەش بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات. ئەو خزمەتگوزاریانەش چەند بەشێكی جیاواز دەگرێتەوە وەک، پشكنینی نەخۆشی دڵ لە ڕێگەی (ئیكۆ، هێڵكاریی دڵ، كارەبایی دڵ، بووژانەوە، قەستەرە، تیشك و سیتی سكان)، لەگەڵ چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ بە قەستەرە و (شەبەكە و باڵۆن)؛ هەروەها بەشێكی تریشی هەیە کە بەشی نەشتەرگەرییە وەك نەشتەرگەریی كردنەوەی سینگ وەك (چاندنی دەمارەكانی دڵ و دەمەوانە (سەمام) بەشێكیش هەیە تایبەتە بە چارەسەری منداڵان چ بە شێوازی قەستەرە بێت یان نەشتەرگەریی دڵی منداڵان، لەبەر ئەوەی هەندێك منداڵ هەن لە سەرەتای لەدایكبوونیانەوە بۆشایی دڵیان هەیە.
بۆ بەدواداچوونیش لەم بارەوە، پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی لەگەڵ دکتۆر “عەلا سالم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و بەڕێوەبەری سەنتەری ئازادی و نەشتەرگەریی دڵ لە دهۆك” کردووە.
لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە سەنتەری دڵ لە دهۆک پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، د. عەلا گوتی: “ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون بۆ نەخۆشینی دڵ و چارەسەری سەنتەرەكان و ئیدارەی سەنتەرەكان زۆر سەركەوتوون، ئەو خزمەتانەی لە سەنتەری دڵی كوردستان پێشكەش دەكرێت بە بەراورد بە شارەكانی تری عیراق زۆر باشترە و جیاوازیی زۆرە. دەتوانین بڵێن ئاستی چارەسەری نەخۆشیی دڵ لە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتوودایە، چونكە حكومەت سیستەمێكی زۆر ڕێكوپێكی بۆ داناوە و لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی و چۆنیەتیی چارەسەری نەخۆشەكان، بەم هۆیەشەوە زۆر نەخۆش لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. جگە لەوەش حكومەت گوژمەیەكی تایبەتی بۆ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دابین كردووە بۆ ئەوەی بێکەموکووڕی بن و پێداویستی و دەرمانیان کەم نەبێت، تا بەردەوام خزمەتی نەخۆشەكان بکرێت.
وەزارەتی تەندروستی، بڕیاری لیخۆشبوونی لە ڕێکەوتی ١٩ حوزەیرانی ٢٠٢٢ پەسەند كردووە و ڕێکەوتی ١٩ـی تەمووزی٢٠٢٢ لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە دهۆك گشتاندنی بۆ كراوە. بڕیارێک کە کار لەسەر لێخۆشبوونی تێچووی چەندین جۆر نەشتەرگەری بۆ هاووڵاتیان دەکات.
بەڕێوەبەری سەنتەری ئازادی و نەشتەرگەریی دڵ لە دهۆك دەڵێت: “لە هەمان ڕۆژ کە بڕیارەکەمان پێ گەیشت، ڕاستەوخۆ جێبەجێمان كرد. یەكەم نەخۆشیشمان ٢٤ـی تەمووزی ٢٠٢٢، بێ بەرامبەر چارەسەر كرد. لەو ڕێکەوتە بەدواوە تا ئێستا چارەسەری بێ بەرامبەر بۆ ٧٩ نەخۆش كراوە، واتە بۆ ئەو کەسانەی کە ڕێنمایی و بڕیارەکە
وەزارەتی تەندرووستی دەیانگرێتەوە، بێ بەرامبەر چارەسەر کراون”.
بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانی ژیان، نەخۆشی دڵیش لە چاو ساڵانی پێشوو زیادی کردووە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆش سەردانی سەنتەرەكانی دڵ دەكەن و بە نرخێكی گونجاو و بە باشترین شێوە خزمەت دەكرێن. كۆی گشتی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە ساڵی ٢٠٢٢ سەردانی سەنتەری دڵیان لە دهۆک کردووە، (٩،١٥٩) نەخۆش بوون، کە لەم ژمارەیە (٢٦٨) نەخۆشیان نەشتەرگەری دڵ و (٢٤٠) نەخۆشیان نەشتەرگەری سینگ و بۆڕی خوێن و (١،١٣٦) نەخۆشیان قەستەرە و (٧٩٤) نەخۆشیان شەبەکە و باڵۆن و (٣٣) نەخۆشیان كارەبایی دڵ و (٢٤) نەخۆشیان نازوور و (٦٨٣) پی.سی.ئای و (٥،٤٤٦) نەخۆشیان ئیكۆ و (٥٣٥) نەخۆشیان بووژانەوەی دڵیان بۆ ئەنجام دراوە.
هەرێمی کوردستان و حکومەت خۆی بە قەرزارباری خانەوادەی شەهیدان دەزانێت و لەم پێناوەیشدا بەدەر لە بوونی وەزارەتێکی تایبەت بە شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بەردەوام خزمەتی ئەو دوو خانەوادە گەورەیەی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات، لە وەزارەتەکانی دیکەیش بە پێی ڕێنمایی خزمەتگوزاری تایبەت و بێ بەرامبەر بۆ کەسوکاری شەهیدان ئەنجام دەدرێت.
لە سەنتەرەکانی دڵ لە هەرێمی کوردستان، ئەم حاڵەتە لەبەرچاو گیراوە، بڕیاری بێ بەرامبەر چارەسەركردن بۆ كەسوكاری پلە یەکی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی بۆ نمونە (دایك و باوك و كچ و کوڕی) دراوە، نەخۆشەکە بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستکردنەوەی میراتگرییەکە تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان پەسەندكراوێك و كارتی شەهیدانەکە دەباتە سەنتەرەکان بۆ ئەوەی بێ بەرامبەر چارەسەری تەواویان بۆ بكرێت.
لەسەر پلانی سەنتەری دڵ لە شاری دهۆک، دکتۆر عەلا سالم، باسی لەوە کرد کە پلان و بەرنامەیەكی زۆریان هەیە تایبەت بە بەرەو پێشبردنی چارەسەری نەخۆشی دڵی مندڵان بە هەموو جۆرەكانیەوە و دەڵێت:”چونكە ئەم نەخۆشییە لە چاو نەخۆشی گەورەکان دەگمەنتر و کەمترە، بۆیە پێشینەمان بۆ داناون. لەبەرئەوەی چارەسەری منداڵان لە ئاستێكی بەرز نییە لە هەموو عێراق، بۆیە بە پێویستم زانی ئەو هەنگاوە بگرینە بەر بۆئەوەی بە شێوازێكی زۆر پێشكەوتوو ئەم چارەسەرییە بكەین بۆ منداڵان بۆ ئەوەی بارێکی قورسی دارایی نەکەوێت سەر خێزانەكانیشیان و ڕەوو لە دەرەوەی وڵات نەکەن. چارەسەری هەیە لە وڵاتانی دەرەوە ٢٠هەزار دۆلاری تێ دەچێت، بەڵام لێرە بە نزیكەی ٣ملیۆن و ٢٥٠هەزار دینار چارەسەر دەكرێت، كەواتە بە ڕێژەی ١٠% كەمتر لەو بڕە پارەی کە خێزانەکان لە دەرەوەی وڵات خەرجی دەکەن و بەو بڕە پارەیە ١٠ بۆ ٢٠ نەخۆش چارەسەر دەکرێن.”
بەڕێوەبەری سەنتەرەی دڵ لە دهۆک گوتی: “تا ئێستا مانگانە نزیكەی ١٠ نەشتەرگەریی گەورە بۆ منداڵان دەکرێت بەتایبەت بۆ ئەو شێوانەی بەدەگمەن چارەسەریان هەیە لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئیستا هەمان چارەسەر لە دهۆك و كۆمەڵێک پلانی زۆر باشیش لە بەرنامەماندایە بۆ ساڵی ٢٠٢٣.”