چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دوای بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی خاکی هەرێمی کوردستان، خەریکە ئەو پرسە هێور دەبێتەوە، دوای سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دڵنیایی دان بە دراوسێکان. ئێرانیشڕەتی دەکاتەوە نیازی هێرشی دیکەی هەبێت و ئەو دەنگۆیانەشڕەت دەکاتەوە کە دەگوترا ئێران هێرشی زەمینی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان .

سەرچاوە نزیکەکانی حکوومەتی ئێران، بە میدیاکانی ئەو وڵاتەیان گوتووە کە پروپاگەندەی هێرشکردنە سەر ناوچە سنوورییەکان ڕاست نییە و ئێران نیازێکی وای نییە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن قائانی لەسەردانەکەی بۆ بەغدا و قسەکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، بە هیچ شێوەیەک هەڕەشەی هێرشکردنی سەر ناوچە سنوورییەکانی نەکردووە. پێشتر باڵیۆزی ئێران لە عێراق محەمەد کازم سادق، ڕای گەیاندبوو ئیسماعیل قائانی لە سەردانەکەی دا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەڕازی بووە کە حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێزی پاسەوانی سنوور تووندوتۆڵتر بکەن بەتایبەت لەو شوێنانەی ئێستا تێیدا جێگیرن .
چەندین دەیەیە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان هەن و خۆیان دەڵێن هیچ هەڕەشەیەکیان لە ئێران نەکردووە و نایکەن، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا بنکەکانی ئەو حیزبانە و خەڵکی سڤیلییش کەوتنە بەر هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، چەندین درۆن و مووشەکی بالیستی ئاراستەی کۆیە و ناوچەی دیکە کران، ئەوەش ناڕەزایەتی تووندی بەغدا و هەولێری لێ کەوتەوە. لە دوو سەردانیشیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە هەرێمی کوردستان نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی .
ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، لەڕاپۆرتێکدا لەبارەی ئەو هێرشانە قسەی لەگەڵ چەند حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە؛ پارتی ئازادیی کوردستان ڕای گەیاندووە لە هێرشەکانی 28ـی ئەیلوول 19 ئەندامیان کوژراون. ئەو حیزبانە داوا دەکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی هەبێت و هێرشەکان ڕابگرێت و هەوڵی جیدی لەو بارەوە بدرێت. حکوومەت و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە چەندین بۆنەدا رایان گەیاندبوو: هەرێمی کوردستان هەڕەشە نەبووە لەسەر دراوسێکانی و ناشبێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵاتان، دژی ئەوەشە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێنرێت .”
ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز نووسیویەتی: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی، دۆخی سنووریان تاوتوێ کرد. بەپێی گوتەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو سەردانە هەنگاوی یەکەم و باشترین بوو بۆ پاراستنیزیاتری سنوورەکانی عێراق
پێشتر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا ڕەتیکردبووەوە هێرشەکانی ئێران بە ئاگاداری حکوومەتی عێراق بووبن و گوتی: “ئەو هێرشانە لە بنچینەوە رەتدەکەینەوە لەلایەن هەر دەوڵەتێکەوە بکرێن، ئینجا ئێران بێتیان تورکیا. هەر هێرشێک بکرێتە سەر سنووری عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە.”
هاوکات رۆژی سێشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەردانی تارانی کرد و یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکان بەزاندنی سنوور و بۆردوومانەکان بوو، ئەو پرسە عێراق دەیەوێت لەگەڵ دراوسێکانی چارەسەری بکات، هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەسەر لیژنەیەکی هاوبەش رێککەوتن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و تورکیا لەسەر ئەو پرسە .