کەمخەوی و خەوزڕان دەبێتە هۆی شڵەژانی دەروون و تێکچوونی میزاج

تێکچوونی خەو و کەمخەوی یەکێکە لە مەترسییە هەرە سەرەکیەکانی سەر ژیانی مرۆڤەکان؛ هەربۆیە دەبێتە سەرچاوەی پەشێوی و تێکدانی ژیانی مرۆڤ.

د. دانیاڵ سەعدی پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان ڕوونی دەكاتەوە كە تێکچوونی خەو دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی گشتی و سەلامەتی و کوالیتی ژیان هەبێت. کەمخەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر توانای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل هەبێت بە سەلامەتی و، مەترسی تووشبوون بە کێشەی تەندروستی دیکە زیاد دەکات.

ئەو پزیشكە پسپۆڕە دەشڵێت: هەندێک لە نیشانەکانی تێکچوونی خەو بریتین لە خەوتنی زۆر لە ڕۆژدا، هەناسەدانی ناڕێک یان زیادبوونی جووڵە لە کاتی خەوتندا؛ نیشانەکانی تر بریتین لە خەوی ناڕێک و سووڕی خەبەربوونەوە و سەخت خەوپێداکەوتن.

تێکچوونی خەو چەندین جۆری جیاوازی هەیە. زۆرجار گرووپ دەکرێن کە ڕوونی دەکەنەوە بۆچی ڕوودەدەن یان چۆن کاریگەرییان لەسەر تۆ هەیە. هەروەها دەتوانرێت تێکچوونی خەو بەپێی ڕەفتارەکان، کێشەکانی سووڕی سروشتیی خەوتن و رابوون، کێشەی هەناسەدان، سەختی خەوتن یان چەندە هەست بە خەواڵوویی دەکەیت لە ڕۆژدا گرووپ بکرێت.

د.دانیاڵ سەعدی لە بارەی هەندێک جۆری باوی تێکچوونی خەو لە چەند خاڵێكدا ڕوونیدەكاتەوە :

• ئینسۆمنیا: کە تێیدا بە زەحمەت خەوت لێدەکەویت یان بە درێژایی شەو لە خەودا دەمێنیتەوە.

• تێکچوونی هەناسەدان لە کاتی خەودا: کە تێیدا هەست بە شێوازی نائاسایی لە هەناسەدان دەکرێت لە کاتی خەوتندا. 

• دیاردەی قاچەنەسرەوە لە کاتی خەودا، جۆرێکە لە تێکچوونی جووڵەی خەو. دیاردەی قاچەنەسرەوە کە پێی دەوترێت نەخۆشینی ویلیس-ئێکبۆم، دەبێتە هۆی هەستکردنێکی ناڕەحەت و حەزکردن بۆ جووڵاندنی قاچەکان لە کاتێکدا هەوڵ دەدەیت بخەویت.

• ناکرۆلێپسی: حاڵەتێکە هەست بە خەواڵوویی زۆر لە ڕۆژدا دەکرێت و بە خەوتنی لەناکاو لە ڕۆژدا دەناسرێتەوە.

هۆکارەکانی تێکچوونی خەو بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە:

• جەستەیی (وەک برین)

• پزیشکی (وەک تەنگەنەفەسی)

• دەروونی (وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ)

• ژینگەیی (وەک کحول)

• شەوکاری و کارکردن لە شەفتی شەوانە (ئەم خشتەیەی کارە “کاتژمێرە بایۆلۆژییەکان” تێک دەدات.)

• کنێت یاخود جینات (نەخۆشی نارکۆلێپسی بۆماوەییە)

• دەرمانەکان (هەندێکیان دەستوەردان لە خەودا دەکەن)

• پیری (نزیکەی نیوەی هەموو گەورەساڵانی سەروو تەمەنی ٦٥ ساڵ جۆرێک لە تێکچوونی خەویان هەیە. ڕوون نییە کە ئایا بەشێکی ئاسایی پیربوونە یان دەرئەنجامی ئەو دەرمانانەیە کە کەسانی بەساڵاچوو بە شێوەیەکی باو بەکاری دەهێنن).

ھەواڵی زیاتر