د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێری هەڵبژاردنەکان:دەبێت هەر چی زووە لایەنەکان لەسەر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و یاسای هەڵبژاردن رێک بکەوند

د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی هەولێری هەڵبژاردنەکان، لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی هەولێر دەڵێت:” دەبێت هەر چی زووە لایەنەکان لەسەر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و یاسای هەڵبژاردن رێک بکەون، چونکە تەمەنی پەرلەمان تەنھا بۆ ساڵێک درێژ کراوەتەوە، ئەگەر ئەو دوو بابەتەیەکلا کرانەوە، ھیچ بەربەستێکی وا لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نامێنێت. دەشڵێ، ئەگەر هەڵبژاردنیەک بازنەیی بێت، دەنگی لایەنە سیاسییەکان پەرت نابێت، بەڵام ئەگەر فڕە بازنەیی بێت، ئەو لایەنانەییەک کورسیان هەیە ناتوانن کورسی بە دەست بهێنەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی تەقینەوەی سلێمانی، لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتی:” پێشتر وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەرکی خۆم نامەم بۆ پەرلەمان ناردووە، ھیوادارم حزبەکان لەسەر ئەو بابەتە رێکبکەون، ئێستا ماوەی پەرلەمان درێژکراوەتەوە بۆ ساڵێک و بە دڵنیاییەوە دەبێت لەو ساڵەدا هەڵبژاردن بکرێت.

  • تەمەنی پەرلەمان بۆ ساڵێک درێژ کراوەتەوە، لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن دەکرێت؟
  • بۆ ماوەی ساڵێک تەمەنی پەرلەمان درێژ کراوەتەوە، لەو ماوەیەدا گرنگترین شت ئەوەیە کە هەوڵ بدەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران متمانەی پێ بدەنەوە، جا بە چ شێوازێک بێت، ئەوەش لەسەر رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کارا بکرێتەوە، ئەوەی دیکەیاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، ئەوەش دەبێت لایەنەکان لەسەری رێک بکەون، ئەوەش دەکرێت لە رێگەی پەرلەمانەوەیەکلا بکرێتەوە، ئەگەر ئەو دوو بابەتەیەکلا کرانەوە، ھیچ بەربەستێکی وا لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردن نامێنێت.
  • پێتوایە لایەنەکان وا بە ئاسانی لەسەر ئەو دوو بابەتە رێک بکەون؟
  • دەبێت لایەنەکان رێک بکەون، چونکە تەمەنی پەرلەمان تەنیا بۆ ساڵێک درێژکراوەتەوە، هەروەھا لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان نییە، حزبەکانیش ئەوە دەزانن، بۆیە لەو ماوەیەدا دەبێت هەر چۆنێک بێت لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و کێشەکان چارەسەر بکەن و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
  • بەپێی قسەکانت بێت ھیچ دەرفەتێک لەبەردەم لایەنەکان نەماوە و دەبێت لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن بکرێت؟
  • لایەنەکان کۆمەڵێک داواکارییان هەیە، لەوانەیە وا بە ئاسانی رێکنەکەون، بەڵام ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لەو ماوەی کە تەمەنی پەرلەمان بۆ درێژ کراوەتەوە، کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چونکە ئەگەر لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن نەکرێت، سلبیاتی زۆر لەوە زیاترە کەحزبێکی سیاسی دەست بگرێت بە داواکارییەکانی خۆیی.
  • کەواتە بۆچی گرنگە هەڵبژاردن بکرێت؟
  • دەبوایە پێش درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە ١ی ١٠ کە سەرۆکی هەرێم دەست نیشانی کردبوو هەڵبژاردن کرابایە، بەڵام لەو ماوەیەدا نەکرا، لەگەڵ ئەوەش زۆر گرنگە لەو ماوەی کە تەمەنی پەرلەمان درێژ کراوەتەوە کە بۆ ساڵێکە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەوگرێبەستەی کە هەیە، لە نێوان دەنگدەر و ئەندامانی پەرلەمان کۆتایی ھاتووە، بەڕاستی ھیچ لێکدانەوەیەکییاسای رێگە بەوە نادات کە تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە، بەڵام کە ماوەکە درێژ کراوەتەوە بابەتێکی ترە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە هەمان شێوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حەزی لەوەیە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتێک بکات، کە ئەو حکوومەتە متمانەی پێدرا بێتەوە.
  • بۆ ئەم قۆناغە هەڵبژاردنیەک بازنەیی بێت،یان فرە بازنەیی، کامە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە؟
  • هەر دوو سیستەمەکە، سیستەمی باشن، لە دونیا کار بە هەر دوو سیستەمەکە دەکرێت، هەر دووکیان باش و خراپیان هەیە، ئەگەر هەڵبژاردنیەک بازنەیی بێت دەنگی لایەنە سیاسییەکان پەرت نابێت، بەڵام ئەگەر فڕە بازنەیی بێت، ئەو لایەنانەییەک کورسیان هەیە ناتوانن کورسی بە دەست بھێنەوە، بۆیەیەک بازنەیی دادپەروەرییەکی باشی تێدایە، هەروەھا ئەگەر فڕە بازنەیی بێت، هەر پارێزگایەک بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانی خۆی کورسی دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان، کەواتە هەریەک لەو دوو سیستەمە جێبەجێ بکرێت، باش و خراپی خۆی هەیە.
  • ئەگەر لایەنەکان رێککەوتن، کۆمیسیۆن پێویستی بە چەند کاتە تا هەڵبژاردن بکرێت؟
  • کۆمیسیۆن پێویستی بە ٦ مانگ هەیە، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردن بەبێ کێشە و گرفت بەڕێوەبچێت، پێویستمان بە ماوەیەکی زۆر لەوە زیاتر هەیە، بۆ ئەوەش دەبێت پێشتر ئامادەکاریت کردبێت، بودجە لەبەر دەست بێت، تۆماری دەنگدەران ئامادە بێت، ئەو کات ٦ مانگت لەبەر دەست بێت، چونکە ئەو ماوەیە بەس بۆ جێبەجێ کارییە، بۆ ئەو پڕۆژانەیە کە ئامادە کراون، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک بابەتی دیکە هەن دەبوایە زۆر لە مێژە کۆمیسیۆن کاری لەسەر کردبایە، بۆیە هەتا زووە دەبێت کۆمیسیۆن کارا بکرێتەوە، ئەگەر بمانەوێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەر ئەنجام بدەین”.
ھەواڵی زیاتر