عێراق زۆرترین ڕێژەی فەرمانبەری حکوومی لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا هەیە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بە بەراوردکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵات و ژمارەی کارمەندان و ژمارەی هێزی کار، عێراق لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی جیهاندا دێت، کە تێیدا زۆرترین هاووڵاتی لە کەرتی حکوومەتدا کار دەکەن؛ فەرمانبەرانی حکوومەتی ٣٧%ی کۆی هێزی کاری ئەو وڵاتە پێک دەهێنن. عێراق تازە خەریکە هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی پشتبەستوویی ئابووری بە نەوت کەم بکاتەوە و هەرێمی کوردستانیش چەند ساڵێکە هەنگاوی ئەرێنی بۆ هەمان مەبەست ناوە.

حکوومەتی نوێی عێراق هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی بەسترانەوەی ئابووری وڵات بە نەوت لە ٩٣%ەوە بۆ ٨٠% کەم بکاتەوە، ئەو ئامانجەش دەبێ تا سێ ساڵی داهاتوو واتە تا کۆتایی ٢٠٢٥ بەدی بێت. لە عێراق پتر لە سێ ملیۆن کەس لە دامەزراوەکانی حکوومەتدا کار دەکەن و فەرمانبەرن. بە گشتی وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە مووچەی هەشت ملیۆن کەس دابەش دەکات بە خانەنشین و ئەوانەی لەژێر چاودێری کۆمەڵایەتیدان. بەو پێیە لە هەر پێنج هاووڵاتی عێراق یەکێکیان لە حکوومەت مووچە وەردەگرێ و لە هەر ١٥ کەسیش یەکێک فەرمانبەری حکوومەتە.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕای گەیاندووە لە هەر ١٥ هاووڵاتی عێراق یەکێکیان کارمەندی فەرمی حکوومەتە و ژمارەی کارمەندانی حکوومەت ٣٧%ی کۆی هێزی کاری عێراق پێکدەهێنێن و بەمەش دەردەکەوێت عێراق زۆرترین ڕێژەی کارمەندانی حکوومەتی بەراورد بە هێزی کار و دانیشتووان هەیە.
ساڵانە لە عێراق، نیو ملیۆن کەس دەچنە بازاڕی کارەوە و ئەمەش گوشاری زیاتر دەخاتە سەر حکوومەت بۆ ئەوەی بتوانێت هەلی نوێی کاریان بۆ دابین بکات.

ئابووری عێراق ئابوورییەکە کە پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و ڕێژەی پشتبەستنی وڵاتەکە بە نەوت، لە سێ دەیەی ڕابردوودا نزیکەی ٩٣% بووە، لە کاتێکدا تەنیا ١%ی هێزی کاری عێراقی لە کەرتی نەوتدا کار دەکەن و هۆی سەرەکی ئەو کێشانە کەمیی وەبەرهێنانە.
بە گوێرەی دواین ئامارەکان، لە عێراق نۆ هەزار پڕۆژە بە نیوەچڵی بەجێ هێڵراون کە قەبارەی وەبەرهێنانیان دەگاتە ٢٥٠ ملیار دۆلار و ئەگەر بەگەڕ بخرێنەوە ئەوا دەتوانن کار بۆ دەیان هەزار کەس دابین بکەن.
پێشبینییەکانی بواری ئامار، نیشانی دەدەن کە لە ماوەی ١٠ ساڵی داهاتوودا ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەگاتە ٦٠ ملیۆن کەس و ئەگەر حکوومەت هەر وەک دەیەکانی ڕابردوو بە داهاتی نەوت ببەسترێتەوە، ئەوا نەوەکانی داهاتوو تووشی گەورەترین کێشە دەبنەوە.
بەگوتەی ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، هەوڵ دەدرێ لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا داهاتەکان فرەجۆر بکرێن بۆ ئەوەی ڕێژەی بەسترانەوەی ئابووری وڵات بە نەوت، لەو ماوەیەدا لە ٩٣% بۆ ٨٠% کەم بکرێتەوە.
هاوکات دامەزراوەی موستەقبەل، بڵاوی کردەوە لە دوای عێراق، فەرمانبەرانی کەرتی حکوومەتیی سعوودیە بە بەراورد ٣٥.٣%ی هێزی کاری ئەو وڵاتە پێکدەهێنن و بەمەش لە ئاستی وڵاتانی جیهاندا لە دوای عێراق لە ڕیزبەندی دووەمدا دێت. چین بە ٢٨% لە ڕیزبەندی سێیەمدا دێت.
ئەوەی ئاماژەی پێکراوە بۆ گشت عێراقە و هەرێمی کوردستانیش ڕێژەیەکی بەرزی هێزی کارەکەی هی کەرتی گشتین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ماوەی چەند ساڵێکە پلانی پەرەپێدانی کەرتە جیاوازەکانی ئابووری کردووەتە بەرنامەی کاری خۆی.
هەرێمی کوردستان، جگە لەوەی کە هاوشێوەی عێراق لە داهاتدا زیاتر پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام بەستێنێکی لەباری هەیە بۆ ئەوەی بە تایبەتی لە ڕێی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار و کۆمەڵێک سێکتەری تر، پەرە بە ئابووری و داهات بدات و کەرتی تایبەت لە بەرانبەر کەرتی گشتیدا زیاتر بەهێز بکات و زۆرترین هەلی کار لە کەرتی تایبەتی دابین بکات. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە هەرێمی کوردستان دامەزراندنی بە لێشاو وەستاوە، لە کاتێکدا پێشتر ساڵانە هەندێک جار سەرووی ١٠ هەزار کەس لە کەرتی گشتی یان حکوومی دادەمەزرێنران.

ھەواڵی زیاتر