لیا سەیفەدین
یەکەم جار لە ساڵی ۱٩٨۱ لەلایەن فیمینستەکانی ئەمەریکاوە رۆژی ۲٥ی نۆڤەمبەردەستنیشان کرا وەکو رۆژی بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
دیاریکردنی ڕۆژێك وەك ڕەمزی بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی توندوتیژی، دوای گردبوونەوە و ناڕەزایەتیی بەردەوام بوو دەربارەی (نایەکسانی، جیاکاری، توندوتیژی ناو خێزان، توندوتیژی جەستەیی، سێکسی، دەرونی، دەستدرێژی سێکسی، بازرگانیکردن بە ئافرەتان، خەتەنەکردنی مێینە و هتد) بۆیە دوای هەوڵ و ماندوبوونی زۆر، ئەوە بوو بە بڕیاری نەتەوە یەکگروەکان لە ساڵی ۱٩٩۱ رۆژی (۲٥)ی نۆڤەمبەر (کانونی یەکەم) وەکو رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە مافی ئافرەتان دەستنیشان کرا؛ لەمەوبەدوا ساڵانە لەلایەن حکوومەتەکان و ڕێکخراوەکانی بەرگریکار لە مافەکانی ئافرەت و چالاکوانانی ئەو بوارە هەڵمەتێکی ۱٦ رۆژە بەرێوەدەچێت کە تێیدا چالاکی هۆشیارکردنەوەی هەردوو ڕەگەز لەسەر شێواز و جۆرەکانی توندوتیژی و ئامارەکان و ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردەیە بەفراوانی بەرچاو دەخرێت. لە هەرێمی کوردستانیشدا ساڵانێکە لەلایەن حکوومەتی هەرێم و رێکخراوەکانی بواری ئافرەتان و چالاکوانانەوە ئەو هەڵمەتە بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەندین چالاکی و کۆڕو سمینارو بەرنامەو دیبەیت بەڕێوە دەچێت.
ئاشکرایە کە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دیاردەیەکی جیهانییە، بەڵام شێوازەکەی لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر دەگۆڕێت، لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی زاڵبونی کولتووری پیاوسالارییەوە کە ڕیشەیەکی قووڵی هەیە لە هەناوی کۆمەڵگاکەدا توندوتیژی و نایەکسانی لەپێدانی ماف و سووکایەتیپێکردن و بەکەم سەیرکردنی رۆڵ و تواناکانیان و دەرفەت پێ نەدانیان وەک پێویست پەیڕەو کراوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئافرەتان لە پێشکەوتن و پێگەیشتن و هاتنە مەیدانی کار و رۆڵ بینین وەک تاکێکی کاریگەر کەمتر دەر بکەون و جێدەستیان دیار بێت، ئەگەرچی ئێستا بارودۆخەکە گۆڕانکاری پۆزەتیڤی بەسەردا هاتوە و کرانەوەیەک ڕویداوە کە جێی دڵخۆشییە ئەگەرچی جێی ڕەزامەندییەکی تەواویش نەبێت.
بۆ ئەوەی دیاردەی توندوتیژیی جەستەیی و مەعنەوی و نایەکسانی دژی ئافرەتان بنبڕ بکرێت، پێویستی بە هۆشیاریی گشتی و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردەیی تاكەكان هەیە چی لەناو خێزانەوە، چی لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەو ناوەندەکانی خوێندن، چی لە مزگەوتەکانیشەوە، پێویستە گیانی لێبوردەیی و یەکسانیخوازی و دادپەروەری جێندەری لەنێو کۆمەڵگە و خێزانەکاندا برەوی پێبدرێت و بکرێتە بنەمای پەروەردەو تێڕوانینی تاکەکان، پێویستە هەڵمەتی ۱٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بکرێتە دەرفەت بۆ ئەوەی ساڵانە لەو ۱٦ رۆژەدا هەم ئاماری توندوتیژی و قوربانیەکان بەفراوانی بڵاو بکرێتەوەو بەرچاو بخرێت، هەم چالاکی جۆراوجۆری مەیدانی ئەنجام بدرێت، چونکە ئەم کارو چالاکیانە کاریگەری خۆی دەبێت لەسەر هۆشیاربونەوەی قۆناغ بە قۆناغی تاکەکانی کۆمەڵگا؛ پێویستیشە ئەم هەڵمەت و چالاکیانە زیاتر ببرێتە دەرەوەی سەنتەری شارە گەورەکان و گرنگی زیاتر بە شارۆچکە و گوندەکان و شوێنی دوورەدەست بدرێت و هەڵمەتی هۆشیاری ببرێتە ئەو شوێنانە چونکە بەپێی ئەوەی کە ئاستی داخراوی کۆمەلایەتی و نزمی هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەو شوێنانە و زاڵی زیاتری کولتور و ئەقڵیەتی پیاو سالاری و هۆز و بنەماڵە سالاری لەو شوێنانە وایکردوە کە زیاتر ئافرەتان بێماف کراون و توندوتیژی جەستەیی و مەعنەویی زیاتریان بەرانبەر دەکرێت و کەمتریش ئاماری ئەو توندوتیژیە بەردەست دەخرێت و تۆمار دەکرێت.
پێویستە لەمەوبەدوا دروشمەکانی ئەم هەڵمەتەش دەستکاری بکەین و هەندێکیان بگۆڕین و زیاتریش هەوڵ بدەین دروشمەکان واقعی بن و کاری مەیدانیش بکرێت زیاتر لەوەی کە هەر قسەکردن بێت، وابکرێت هەموو تاکێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت لە وەرگرتن و بەخشینی هۆشیاری دەربارەی توندوتیژی و بنبڕکردنی.
- خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە کە پێویستە دەزگا میدیاییەکان و دیجتاڵ میدیاکان رۆڵی پۆزەتیڤ ببینن لەم بوارەدا نەک وەک ئیستا کە زۆرێک لەو میدیایانە بەراستی رۆڵێکی خراپ و نابەرپرسیارانە دەبینن و لەجیاتی ببنە فاکتەری کەمکردنەوەو بن بڕکردنی
توندوتیژی بوونەتە فاکتەری زیاترکردنی توندوتیژی دژی ئافرەتان. - یەکێکی دیکە لە ڕێگا گرنگەکانی کەمکردنەوە و بنبڕکردنی توندوتیژی دەستکاریکردنی پرۆگرامەکانی خوێندن و وتاری وتاربێژی مزگەوتەکان و پیاوانی ئایینیە کە رۆڵی سەرەکیان هەیە لەو بوارەدا، جگە لەوەش پیوستە لە دادگاکاندا سزای توند و قورس دیاری بکرێت بۆ ئەوانەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەکەن یان ئافرەتان بەبیانوی شەرەفەوە دەکوژن، دادگاکان لەوبارەیەوە چاوپۆشی و کەمتەرخەمی و خاترانە نەکەن.
ئەمانە ئەو ڕێگایانەن کە پێویستە بگیرێنەبەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگا لە توندوتیژی دژی ئافرەتان کە نێوەی گرنگی کۆمەڵگان پاک بکرێتەوە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرپا بکرێت.