پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات


بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، تێیدا دووپاتكرایه‌وه، بە هیچ شێوەیەک رێگە نەدراوه‌ ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە رێگەی هەرێمەوە تێکبدرێت، ئەم جۆرە بانگەشانەش لە راستییەوە دوورن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 23ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)ـی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا هاتووه‌: گفتوگۆ دەربارەی پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا، کە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجوومەنی وەزیران، بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات رێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

داواشی له‌ حکومەتی فیدراڵی و نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، “هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر رێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بکرێت”.