پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

له‌ پێناو سه‌لامه‌تی هاووڵاتییان ئەنجوومەنی وەزیران چەندین بڕیاری گرنگ ده‌رده‌كات

 – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی نۆڤێمبەر( تشرینی دووەم)، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی توندوتۆڵکردنی رێنمایی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و رێکكارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان لەپێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان کرا، کە بەداخەوە بەهۆی کارەساتی تەقینی غازەوە لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک، چەندین کەس بوونە قوربانی.

سەرۆکوەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هەردوو رووداوەکە کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت کرد، لە هەردوو کارەساتەکە و بە تایبەتی ستایشیی قارەمانێتی و گیانفیدایی خوالێخۆشبوو رائید عەلی بەرواری و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد، کە لە پێناوی بەهاناوەچوون و پاراستنی هاووڵاتییان، گیانی خۆیان بەختکرد و بەڕێز وپێزانینەوە، رۆڵیی جوامێرانەی ئەوانی بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دامودەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی روودانی ئەو کارەساتانە بکەن و هەموو رێکكارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەیان و درێغی نەکەن لە بەهاناوەچوون و رزگارکردنی گیان وسەلامەتی هاووڵاتییان لە هەموو جۆرە کارەساتێکی سروشتی بەگشتی.

پاشان رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەردوو رووداوەکەی سلێمانی و دهۆک خستەڕوو کە تێیدا چەندین پێشنیار و راسپاردەی پێویستی لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە سیستەمی شۆڤاژ و LPGی و گرتنەبەری رێکاری جدیی و پێویست بۆ توندوتۆڵکردنی رێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و رێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان و دابینکردنی پێداویستی دامەزراوەکانی بەرگری شارستانیی وشارەوانی و تەندروستیی، بەتایبەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەماهەنگيی قەیرانەکان JCC لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تێدا بوو تا بەشداری کارابکەن لە بەهاناوەچوون لە کاتی هەرجۆرە رووداوێکی گەورە و کارەساتی سروشتی.

ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ راسپاردە و پێشنیارەکانی وەزیری ناوخۆی پەسەند کرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بۆ جێبەجێکردنیان.

هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرە، ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دارا رەشید وەزیری پلاندانان و هەروەک لە کۆنووسی لیژنە وەزارییەکەش جەختی لەسەر کرابوو، ئەنجوومەن بڕیاریدا دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندان رابسپێرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە گوێرەی پسپۆڕی، لە خاڵە سنوورییەکان، ئەو پشکنینانە بە گوێرەی ستاندارد ئەنجامبدەن و رێگری لە هاوردەکردنی کەلوپەل و تانکی غاز بکەن کە بۆ سیستمێکی سەلامەت ناگونجێن. هەروەها دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی چالاک بکرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەکی بۆ دابینبکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات و چاودێرییەکی توندی کۆمپانیاکانی کوالیتی کۆنتڕۆڵ سەربە کەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان بکات.

سەرەڕای راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە راهێنان و مۆڵەتی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی لە گەڵ پەیمانگەی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ رێکخستنی کۆرس و خولی تایبەتمەند بەم بوارە بۆ راهێنانی وەستا كرێکار و ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە بواری دامەزراندنی سیستمی شۆڤاژ و LPG کار بکەن. هەر کەسێک بیەوێ لەم بوارەدا کار بکات، دەبێ خول ببینێت و مۆڵەتی پیشەیی بەدەست بهێنێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پشکنین بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا پشکنینی سامپڵی غازی شل بکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و نوێنەرانیان لە لێژنەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا کە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجوومەنی وەزیران ، لە کاتێکدا بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات رڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر رێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، رڕێگەی نەداوە و رێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لە ڕرێگەی هەرێمەوە تێکبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش ڕەت دەکاتەوە کە لەمبارەیەوە دەکرێن، چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە مۆڵەتی دایەنگەکان، کە لە لایەن کوێستان محەمەد کاروکاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان پەسەند کرد، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی دایەنگەکان، بەجۆرێک کە دایەنگەکان دەبێت پابەندبن بە یاسا وپەیڕەو وڕێنماییەکان و لێپیچنەوەش هەبێت لە کاتی هەبوونی کەموکورتیی و خراپی ئەو خزمەتگوزارییەی لە دایەنگەکان پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن کە لە دایەنگەکان تۆمارکراون و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەوانەی کە ڕێنمایی وڕێساکان جێبەجێ ناکەن و بەدواداچوونی بەردەوامیش لەم بارەیەوە بکرێت و مۆڵەتی کارکردنی سەرپێچیکاران تازە نەکرێتەوە هەتا ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ دەکەن.