چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

د. كامەران عەبدولمەجید : شەكرە سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییەكانە وەكو پەستانی خوێن، بەرزی چەورییەكان

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

شەكرە نەخۆشییەكی درێژخایەنە و ڕێكخراوه‌ جیهانییه‌که‌ی تەندروستییش دەڵێت ئێستا 537 ملیۆن كەس نەخۆشینی شەكرەیان هەیە و ساڵانە پێنج ملیۆن هاووڵاتی بەو نەخۆشییە ده‌مرن.

پسپۆڕان و پزیشكان وا ئامۆژگاریی خه‌ڵکه‌که‌ ده‌که‌ن پارێز له‌ چەوری و ئەو خۆراكانە بکه‌ن كە بۆ له‌ش خراپه؛ ده‌یشڵێن پێویسته‌ لایەنی پەیوەندیدار ئاوڕێکی زیاتر لە شەكرەداران بداتەوە و هاوكارییان بكات بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری نەخۆشییەكەیان بكەن.
هۆیە هەرە سەرەكییەكانی ئەو نەخۆشییەیش دەگەڕێتەوە بۆ قەڵەوی؛ کێشی زیاد دەبێتە هۆی ئەوەی شه‌کره‌ی خوێن زۆر ببێت، ناچار دوانزه‌گرێ (پەنكریاس) ده‌که‌وێته‌ کار و ڕێژەیەكی زۆر ئەنسۆلین بەرهەم ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌و هه‌موو شەكرەیه‌ له‌ خوێن لا ببات و بیانخاته‌ ناو خانه‌کانه‌وه‌؛ جا که‌ له‌ ڕاده‌به‌ر کاری کرد ورده‌ورده‌ په‌کی ده‌که‌وێت و ئاخرییه‌که‌ی وای لێ دێت ئه‌نسۆلینی پێ نامێنێت و كەسەكە تووشی شه‌کره‌ ده‌بێت؛ دووەم هۆكاریش بۆماوەییە، كە كەسی تووشیار بۆ منداڵەكەی دەیگوازێتەوە. هۆی سێیەمیش دەگەڕێتەوە بۆ نەخۆشکه‌وتنی پەنكریاس؛ هه‌ندێکی نه‌خۆشینی وەك چڵککردن و شێرپەنجە. لە هەندێك توێژینەوەیشدا دەركەوتووە، هەندێك جۆری ڤایرۆس و ژینگەیش دەبێته‌ هۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە. ئەو منداڵانەیش شیری دایكیان دەخۆنه‌وه‌ كەمتر تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.
نیشانە سەرەكییەكانی ئەو نەخۆشییە لەخەوهەڵستانی شەوانە بۆ میزكردن، تینوویه‌تیی زۆر، فره‌ خواردنەوەی ئاو، لاوازداگەڕانی له‌ناکاو و له‌ڕاده‌به‌ده‌ر. له‌ منداڵانیشدا دره‌نگکه‌وتنی گه‌شه‌ یان ئه‌و‌زه‌ڵنه‌کردنیان و ماندوویه‌تی و سەرسووڕان.
د. كامەران عەبدولمەجید پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و شەكرە ڕوونی كردەوە كە شەكرە لە بنەڕەتدا نەخۆشییەكی بۆماوەییە و دوو جۆری هەیە یەك و دوو؛ جۆرێكی تر هەیە ژنی دووگیان تووشی دەبێت و شەكرە هەیە لە ئەنجامی نەخۆشیەكانی هەوكردنی پەنكریاس دروست دەبێت و شەكرەی پیری هەیە و شەكرەی قەڵەوی هەیە.
ده‌یشڵێت: ئەوانەی تووشی شەكرەی جۆری یەكەم دەبن زیاتر هاوڵاتی گەنجن، ئەوانەی تووشی شەكرەی جۆری دووەم دەبن زیاتر بەتەمەنن واتە شەكرەی جۆری یەكەم و دووەم بۆی هەیە لە گەنج و لە پیریشدا دروست بێت، بەڵام جۆری یەكەم زیاتر گەنج و مناڵ و كۆرپەلەی تیدایە؛ شەكرەی جۆری دووەم بەتەمەنەكان.
د. كامەران عەبدولمەجید گوتیشی: نەخۆشینی شەكرە سەرچاوەی زۆربەی نەخۆشییەكانە وەكو پەستانی خوێن، بەرزی چەورییەكان؛ شەكرە هۆكارێكە بۆ لاوازداگەڕانی گورچیلەكان بەهۆی كەمبونەوەی رێژەی ئاو لە جەستە و دەبێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن و بۆ ئەوەی كاریگەریەكانی شەكرە لەسەر جەستە كەم بكرێتەوە پێویستە بەبەردەوامی شلەمەنی بخورێتەوە بە تایبەتی ئاو.

پاشخان

  • شەكرەی جۆری یەك: بەهۆی كەمیی هۆرمۆنی ئەنسۆلین لە خوێندا ڕوو دەدات، ئەم جۆرەیان زیاتر لە پێش تەمەنی 25 ساڵان دروست دەبێت، زۆربەی كات نەخۆشەكە كێشی لەشی كەمە، تاكە چارەسەری بریتییە لە دەرزیی ئەنسۆلین.
  • شەكرەی جۆری دوو: لەم جۆرەیان ئاستی ئەنسۆلینەكە كەم نییە، بەڵام ناچالاكە و ئیش ناكات، دوای تەمەنی 25 ساڵان دروست ئەبێت، كێشی لەشی نەخۆشەكە زۆرە، چارەسەری نەخۆشییەكە بە حەب و دەرزی ئەنسۆلینیش ئەبێت.
  • ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە نەخۆشی شەکرەوە دەژین لە ساڵی ١٩٨٠وە كە ١٠٨ملیۆن کەس بوو بۆ ٤٢٢ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٤ زیادی کردووە، لە وڵاتانی کەمداهات و مامناوەنددا ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشینی شەکرە خێراتر زیاد دەکات بە بەراورد بە وڵاتانی پڕداهات.
  • نەخۆشیی شەکرە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کوێری و لەکارکەوتنی گورچیلە و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و برینی ئەندامەکانی خوارەوە.
  • ڕێژەی مردنی پێشوەختە بەهۆی نەخۆشینی شەکرەوە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٩ بە ڕێژەی ٣% زیادی کردووە.
  • بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی ٢٠١٩دا نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی گورچیلەی نزیکەی دوو ملیۆن كەس مردوون.
  • خواردنی خۆراکی تەندروست، ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی بەردەوام، پاراستنی کێشی جەستەی ئاسایی و دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی تووتن، هەموو ئەو ڕێگایانەن بۆ خۆپاراستن یان دواخستنی سەرهەڵدانی نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەم.
  • نەخۆشی شەکرە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت و دەرئەنجامەکانی دوور بخرێتەوە یان دوا بخرێت بە خواردنی خۆراکی تەندروست و چالاکی جەستەیی و خواردنی دەرمانی ڕێنماییکراو و پشکنینی بەردەوام و چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکان.