چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

یەكێتی هیچی لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و كونسوڵی وڵاتان بڵاو نەكردەوە

بەپێی بانگەشەكانی میدیای یەكێتی، ڕۆژی چوارشەممە 9ی 11ی 2022، بافڵ تاڵەبانی كە لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی پاش تاوانی تیرۆركردنی عەقید هاوكار جاف تێی كەوتووە، كەوتووەتە پەلەقاژە و دەست بۆ هەموو چڵێك درێژ دەكات تا خۆی ڕزگار بكات، لەگەڵ كونسوڵی وڵاتان كۆ بووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە، تا ئێستا هیچ راگەیاندراوێك و تەنانەت وێنەیەكی كۆبوونەوەكەشیان بڵاو نەكردووەتەوە.

چاودێران پێیانوایە بڵاونەكردنەوەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ دوو ئەگەر دەگەڕێتەوە:
یەكەم: ژمارەیەكی یەكجار كەمی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان چوونەتە كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە و زۆرینەیان ئامادە نەبوون بچنە كۆبوونەوەیەكەوە كە تیرۆریست و داڵدەدەری تیرۆریستان تێیدا بەشدار بن.

دووەم: لە كۆبوونەوەكەدا كونسوڵەكان باوەڕیان بە ڕوونكردنەوەكانی بافڵ تاڵەبانی نەكردووە و دژی ئەوە بوون لە دەرەوەی دادگا، كەیسی تیرۆر بە رێگەی فشاری سیاسی دیزەبەدەرخۆنە بكرێت.

لە هەردوو حاڵەتەكەدا، بڵاونەكردنەوەی زانیاری لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە، بەتایبەتیش لە كاتێكدا كە بافڵ تاڵەبانی و یەكێتی لەم دۆخەی ئێستایان، زۆر هۆگری ئەوەن جموجۆڵەكانیان بۆ سینگ دەرپەڕاندنی نێو سۆسیال میدیا بڵاو بكەنەوە، جێی گومانێكی گەورەیە و دەرخەری ئەوەیە كە ئەو هەوڵەی بافڵ تاڵەبانی و سەرجەم داڵدەدەرانی تۆمەتبارانی تیرۆر، شكستی خواردووە