ئەندامێکی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی رای دەگەیەنێت، دیدگایەك لەنێو پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دروست بووە، کە گرفتی جێبەجێکردن لە ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بکرێت، گرفتی یاساییش لە پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرێت. ئەگەر یەکێتی بیەوێ بەم بەزم و هەرایەی وەک پیشەی رابردووی، كەیسی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف پەردەپۆش بکات، ئەوا خەڵکی کوردستان گلەیی لە پارتی و حکوومەت دەکەن و پێیان دەڵێن، نابێ کردەوەی تیرۆریستی بە سیاسی بکرێت.
د. محەمەد خورشید، ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی راگەیاند: ”لە رووی جێبەجێکردنەوە هیچ سیستمێکی حوکمڕانی لە دونیادا بێ کەموکوڕی نییە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 1992ی پەرلەمانەوە، ئەو دابەشکارییە ناڕەوایەی بە 50 بە 50 کرا، سیستمی حوكمڕانی تووشی گرفت کرد و جۆرێک لە دووئیدارەیی سەری هەڵدا، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەی بێتەوە سەر رێڕەوی راستی خۆی، بەڵام تا ئێستا نەهاتووە، یەکێک لە گرفتەکانیش ئەوەیە، کە حزبێکی سیاسی بەتەنیا لە ناوچەیەکی فراوانی وەک سلێمانی خۆی بە باڵادەست بزانێت و بیەوێ لە ناوچەکانی دیکەش شەریک بێت.“
ئەوەشی خستە روو، کە پێشتر یەکێتی باسی لامەرکەزییان بۆ سنووری سلێمانی دەکرد، کاتێک بابەتەكە لە واقیع نزیک بووەوە و چووە سەر ئەوەی لامەرکەزی جێبەجێ ببێت، دەرکەوت ئیدارەی سلێمانی ناتوانێ خۆی بژیێنێت، چونكە داهاتی ناوخۆیی و دەروازەكانی سنوورەكە و گەلێ جار پارەی بانكەكانیش، دەستیان بەسەردا دەگیرێت و تەنانەت پارەی پرۆژەكانیش نادەن، بۆیە بەناچاری گەڕانەوە، ئەم دۆخەش کە هاتووەتە پێش حکوومەتی هەرێمی كوردستان، دەیەوێ وەک چۆن دەبێت ماف دابین بکرێت، ئاواش دەیەوێ ئەرکەکان جێبەجێ بکرێن، بۆیە کە دێنە سەر ئەم خاڵە، ئەو دەنگۆ و هەرایانی هەن سەرهەڵدەدەن و دەڵێن سیستمی حوكمڕانی لە رێڕەوی خۆی لایداوە، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوەی لە رێڕەوی خۆی لایداوە یەکێتیی نیشتمانییە، کە دەیەوێ ئەو پەندە کوردییە بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ بکات، کە دەڵێ (هی خۆم بۆ خۆم، هی تۆش دەخۆم)“
د. محەمەد خورشید لەبارەی داهاتی سلێمانییەوە دەڵێ: ”هەموو خەڵک دەزانێت داهاتی هەولێر و دهۆک، چ نەوتی و نانەوتی زیاترە، بەرامبەر بەمە پارتی لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵک و گرفتی دارایی نەرمیی نواندووە، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت کە لەپێناو بەرژەوەندیی چەند کەسێک لەنێو یەکێتیدا بیکات، بێ گومان ئەو کاتە ئەندامانی پارتییش ئەمەیان پێ قبووڵ نییە، دەبێ شەفافییەت لە داهاتی سنووری سلێمانیدا هەبێت، ئەو قاچاخچێتییەی لەوێ هەیە رابگیرێ و ئەو بێپارەییەی بەئەنقەست لە بانکەکانیان دروست دەکرێ رابگیرێ، وەزیری دارایی لە بزووتنەوەی گۆڕانە و خەڵکی سلێمانییە و دەبێت شەفافیەتی لابێ و کۆتایی بەم بابەتە بهێنن، لەبری ئەوەی پارە بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێتەوە، پارە دەچێتە گیرافانی بەرپرسانی باڵاتی یەكێتی و ئیدارەی گشتیی یەکێتییەوە.“
ئەو بەرپرسەی پارتی باس لەوەش دەکات، کە لە هەموو دونیادا کردەوەی تیرۆریستی هیچ پەیوەندییەكی بە رێڕەوی حوکمدارییەوە نییە، یەکێتی ئەگەر لەسەر دۆسیەی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جاف ئەم هەڵایەی دروست کردووە، وەک پیشەی رابردووی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات و بیەوێ بەم هەڵایە دۆسییەكە پەردەپۆش بکات، پێم وایە خەڵکی کوردستان ئەوکات گلەیی لە پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەڵێن نابێ کردەوەی تیرۆریستی بە سیاسی بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێستا لەنێو حکوومەت و پارتیشدا بە روونی بۆچوونێك هەیە، کە گرفتی جێبەجێکردن لەنێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر بکرێت، گرفتی یاساییش لە پەرلەمان، بەڵام یەکێتی هەم لەنێو خۆی کوردستان، هەم لەدەرەوە لەسەر ئەو کردەوە قێزەونە کەوتووەتە ژێر فشار، جگە لەوەش، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی كوردستان، دەبوو ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە لە سەرۆکایەتیی هەرێم باسی بکات تا چارەسەر ببن، چونکە چارەسەر لای بڕیاربەدەستە و لە راگەیاندن چارەسەر نابن.“