تەتەڵەكردنی سروودی “ئەیڕەقیب”

حەیدەر عەبدڵڵا

دووەم: نایڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
دوای ئەوەی دێڕی یەكەمی شیعری ئەی ڕەقیبمان لێك دایەوە و تۆزی گومانمان لە تەوێڵی تەماوی تەكاند، دێینە سەر دێڕی دووەمی سروودەكە. وشەی ” دانەیی” بە واتای دانە دێت، لە دیوانی دڵداریش هەروا نووسراوە. تۆ لەوە گەڕێ بەشێكی زۆر لە خەڵكی ئێستەیش هەر بە” دانەری تۆپی زەمان” دەیخوێننەوە و دەینووسن. ماڵۆكەتە! پڕۆفیسۆرێكیش لە لێكۆڵینەوەكەیدا “دانەیی” بە دانەر و داهێنەر مانا كردبوو. من قەت نەبیستووە كورد بڵێت: دانەری تۆپ، یان دانەری چەك. من وای دەبینم بۆ پێویستیی شیعرەكە ” دانەی” كرابێت بە “دانەیی”، یان با بڵێین بەهۆی “ی”ی ئیزافەوە. یانی كورد لەوە بەهێزترە دانەدانەی تۆپەكانی زەمانە بیشكێنێت. لە مامۆستایەكی وەرزشم پرسی: تۆ هەفتەی جارێك ئەی ڕەقیب بە قوتابییان دەڵێیتەوە، وشەی ” دانەیی” مانای چییە؟ بێپەروا گوتی: “دانەیی” یانی دانایی! سەری زمانی خۆم گەست و بێدەنگ بووم!
ڕاستییەكەی حەزم كرد بزانم ئاخۆ بەر لە دڵدار وشەی ” دانە” بەكار هاتووە، چەند دیوانێكم پشكنی، لە شیعرێكی سالمدا بە هەمان مەبەست هاتبوو:
شەوقی دانەیی خاڵی تۆ خستمیە ناو داوی خەتەر
بەم گوناهە، ئادەمیش وەك من لە جەننەت دەركرا.
ئەگەر دانەیی تۆپی زەمان و دانەیی خاڵی تۆ، بەراورد بكەین، دەبینین هەردووكیاندا دانە یەك مانەی هەیە.
هەروەها فانیی شاعیریش بەكاری هێناوە:
وەك مورغی پایەبەندم بۆ دانەیی سیاهت
چۆن ماهی نێو كەمەندم بۆ ڕوویی هەمچوو ماهت
كورد دەڵێ: دانەیەك، دوو دانە، بیست دانە، چەند دانەیەك. بەشێك
لەوانەی سەرجەمی وشەكانی سروودی ئەی ڕەقیبیان لە چڵكاوی كفر هەڵكێشاوە، دانەری تۆپی زەمان بە خودا لێك دەدەنەوە، ئاخر یەكەم دانەر نییە، “دانە”یە، دووەم ئەگەر دانەریش بێت، تۆپی زەمان چ پێوەندییەكی بە تۆپی گەردوونەوە هەیە؟
زۆرجار وا ڕێك دەكەوێت لە چاخێكدا چەند پەند و وشەیەك لەنێو خەڵكدا ببنە باو و ڕۆژانە زاراوزار بكەن، لە چاخی دواتر، شێوازی بەكارهێنانیان بگۆڕێت، ئەمەش ئاڵۆزی دروست بكات و خوێنەر و بیسەران تووشی بەدحاڵیبوون بێن. بەشێك پێیان وایە مەبەست لە “تۆپی زەمان” تۆپە بەناوبانگەكانی عوسمانییە، كە بە هۆیانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا و چەندان وڵاتی گەورەیان داگیر كردووە، بەڵام بەدیدی من ئەمە ڕاست نییە، چونكە دڵدار ئەم شیعرەی لەنێوان ساڵی ۱۹۳۸-۱۹٤۰ داناوە، دەستەڵات و هەژموونی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ۱۹۰۸ كەوتووەتە ئاویلكەدان و لە ۱۹۲۲ز كۆتایی هاتووە. دڵدار لەم دێڕەدا دەیەوێت بڵێت: تۆپ و تفاقی ئێوە ئەگەرچی بەهێزترین و پێشكەوتووترین چەكی سەردەمیش بێت، بەڵام لەبەردەم ئیرادەی بەهێزی كورددا هیچ نییە.
لەبارەی وشەی ” نایڕمێنێ” و “نایشكێنێ”، بە تێگەیشتنی من هەردووكیان بۆ سروودەكە دروستن، بەڵام “نایشكێنێ” جوانتر لەگەڵ هۆنراوەكە دێتەوە و باشتر ماناكە دەپێكێت.

ھەواڵی زیاتر