ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

لای ســـۆفی، دڵ زێدی زاتی خوایە، یان ئاوێنەیەکە خوا خۆی تێدا دەبینێت، بەڵام ســـۆفی پێویستە هەمیشـــە بە زوهد و ملکەچی بۆ خوا، ئەو ئاوێنەیە ڕوون و پاکژ ڕابگرێت و بوار نەدات گەردی لێ بنیشـــێت، تا نووری خوا، هەمیشـــە تێیدا شەوق بداتەوە. خوا لە فەرموودەیەکی قودســـیدا دەفەرموێـــت: (لەگەڵ ئەوانەدام کە لە پێناوی مندا دڵیان شـــکاوە.) مەبەســـت لە دڵشـــکان، زوهدە کە سۆفی لە پێناوی ئەڤینی خوادا، خۆی لە چی خۆشیی دونیایی هەیە، بێبەش دەکات. سۆفی نەک هەر دڵی خۆی دەشکێنێت، بەڵکوو لەڕێی تەرکی دونیاوە، بەهۆی پشتکردنە خۆراکەوە،
جەستەی خۆیشی تێکدەشکێنێت.
ئەوەی خوا دڵێکی شـــکاو لە جەســـتەیەکی ڕووخاودا، دەکات بـــە هەواری خۆی، (لویس ماسینۆن)ی بەو ئەنجامە گەیاندووە کە (لە ئیسلامدا، زاتی خوا زیاتر لەڕێی ڕووخانەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، وەک لە ڕۆنانەوە.) ئەوەیش جێی سەرنجە کە لە شیعری سۆفییانەدا زوو زوو وشەی شکست پاتە دەبێتەوە، شکستێک کە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ کە وەک دۆزینەوەی گەنجینە وایە لە کەلاوە و شوێنەواری تەلاری ڕووخاودا. لای ســـۆفی، عەقڵ: (دڵ) دەشـــکێنێت، ڕەدووی ئارەزووی (دەروون)ی
بەد ناکەوێت.
کە ڕۆحم تێگەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی، دەرچوو دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری، بێ بڕۆ، بڕوا وتم: با لەم دەر و لەم کۆیەدا ئانێ سکوونەت کەم وتی: عاشق دەبێ هەر دەربەدەر بێ، کۆ بە کۆ بڕوا مەحوی
تەوحید ئەوەیە بە حوسن و ڕەزای خۆت، تاقە خوایەک بپەرستیت، بۆ هەموو شتێک پشـــتی پێ ببەســـتیت، خۆتی بە تەواوی بدەیتە دەست و دڵت هەمیشە لای بێت. تەوحید ئەوەیە بڕوات وابێت، هەموو شتێک لای خواوە دێت، هەر ئەوت خۆش بوێت و هەمیشە تامەزرۆی بیت، ئامانجت ئەو بێت و قەت لەبەر خۆشییەکانی دونیا، لێی غافڵ نەبیت. تەوحید ئەوەیە خۆبەخشانە خۆت بە بەندەی خوا بزانیت، لە فەرمانی یاخی نەبیت و بێجگە لەو، مافی هەڵبژاردن، نە بە خۆت و نە بە کەسی دیکە ڕەوا نەبینیت. تەوحید ئەوەیە لە هەموو بووندا لە غەیری خوا، نووری حەق لە کەســـی دیکەدا نەبینیت و لە دڵەوە ئەو یەقینەت لەکن دروســـت بووبێت کە هەموو شـــتێک بە دەستپێشـــخەریی خوا دەقەومێت و خوا کە هەمیشە لێتەوە نزیکە، بڕیار لەسەر
ئەوە دەدات، چیت پێ ببەخشێت و لە چی بێبەشت بکات.
قـــەدەر نهێنییەکی خوایییە، بەر لە خوڵقاندنی ئینســـان دیاری کـــراوە و هەرگیز ئینســـان گرێکوێرەی ئەو نهێنییەیەی بۆ ناکرێتەوە. ســـۆفییەکان هەرچەندە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون، ئینســـان لە هەموو شتێکدا، خۆی بە دەست قەدەرەوە بدات، بەڵام هەر زەندەقیان لە قەدەر چووبوو، ئاخر ئەگەرچی شەو و ڕۆژ خەریکی خواپەرستی بوون، هێشـــتا هەر لە ئاگری دۆزەخ دەترسان، چونکە غەزالی گوتەنی: کەس پەی
بە ویستی خوا نابات

م

ھەواڵی زیاتر