زۆرجار ڕاهێنەرانی پەرەپێدانی مرۆیی لە هەوڵی ئەوەدان کە دەروونشیکاریی سادە بکەنەوە و ئەمەش لەپێناو ئەوەدا دەکەن کە زۆرترین (گوێگر/هەوادار)یان لە دەور کۆببێتەوە. ئەوان گوێ نادەن بەوەی سادەکردنەوەی هەندێک بابەت ڕەنگە بە زیان بشکێتەوە بۆ خودی بابەتەکە و بە هەڵەدابردنی ئەوانی دیکە دروست بکات، چونکە مەرج نییە هەموو سادەکردنەوەیەک سوودمەند بێت. بەڵام ئەوەی ڕێگە دروستەکەیە ئەوەیە، کە دەروونشیکاریی دەکرێت بە هێنانەوەی نموونەی رۆژانە تێگەیشتنی زیاتری بۆ دروست بکرێت.
دەروونشیکاریی سادە ناکرێتەوە، بەڵکو ڕێگەی ئاسانکاریی هەیە بۆ تێگەیشتن و پێگەیشتن پێی. ئەوەی زۆرێک لە شرۆڤەکارانی فرۆید دەیکەن سادەکردنەوەی فرۆید نییە بۆ عەوام، بەڵکو گرتنەبەری ڕێگەی ئاسانە بۆ تێگەیشتن لە فرۆید. بەڵام ڕاهێنەرانی پەرەپێدانی مرۆیی لەبەر ئەوەی بەشێکی کارەکەیان جۆرێک لە بزنسە، نەک خولیا و خەمی مەعریفی و زانستی بۆیە دەرەقەتی ئەم کارە نایەن ئەوەشی دەیکەن زیاتر لە بەلاڕێدابردنەوە نزیکە تا شتێکی دیکە.
لەم پێشەکییەوە دەمەوێت قسە لەسەر زنجیرەیەکی نوێی دەروونشیکاریی بکەم کە لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە لەم مانگەوە بڵاوکرایەوە. ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە چەمکەکانی دەروونشیکاریی و نووسەرانی ئەم چەمکانە کەسانی پسپۆڕ و شارەزان بۆ هەڵسەندگاندنی ئەو چەمکانە و هاوکات خستنە بەردەستی خوێنەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسانکراو تێگەیشتنی بۆ چەمکەکە بۆ دروست ببێت. ئەم زنجیرەیە لە چوارچێوەی کارەکانی پرۆژەی “نێگەتیڤ”ـە و ناوەندی ڕەهەند ئەرکی چاپکردنی گرتووەتە ئەستۆ و تا هەنووکە هەشت دانەی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، کە ئەم چەمکانەی لە خۆ گرتووە “نەست، ئیرەیی، سوپەر ئیگۆ، لیبیدۆ، ئیرۆس، هەستکردن بە گوناهـ، دڵەڕاوکی، فەنتازیا”.
سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە لە پشتی کتێبەکان ئەوەیان نووسیوە کە “هەریەک لە نامیلکەکانی ئەم زنجیرەیە لەسەر چەمکێکی دەروونشیکاری دەوەستێت لە فرۆیدەوە بۆ درێژکراوەی فرۆید و دەرەوەی فرۆیدیش هەر نامیلکەییەک بەسەر تەوەر و سەرباسی جۆراوجۆردا دابەش کراوە و نموونە و چیرۆکی زیندووی تێدا باس کراوە”.
دوای خوێندنەوەی دوان لەم کتێبەکانە ئەوەم بۆ ڕوون بوویەوە دەشێ ئەم پرۆژەیە سەرەتایەکی نوێ و دەستپێکێکی دیکە بێت بۆ ئاشنابوونەوە بە دەروونشیکاریی و ئەو چەمکانەی کە بناغەی ئەم زانستەن. بەو پێیەی هیچ رۆشنبیرییەک نییە بەبێ تێگەشتن لە چەمکەکان بتوانێت بە دروستی بیر بکاتەوە و ئامانجە رۆشنبیرییەکانی بەدی بهێنێت. ئەوەی کۆی رۆشنبیرییەک دەوڵەمەند دەکات تێگەیشتنە لە چەمکەکان و لەوێوە هەوڵی پراکتیزەکردنیان لەنێو کۆمەڵگەدا و خوێندنەوەی کۆمەڵگە لەژێر رۆشنایی ئەو چەمکانەدا دەست پێ دەکات. ئەگەر نموونەیەکی سادە بهێنینەوە: لێکۆڵەرێکی ئەدەبی ناتوانێت خوێندنەوەیەکی دروست بۆ لایەنە دەروونییەکانی تێکستێک بکات ئەگەر ئاشنای تەواوەتی چەمکەکە نەبێت. بێگومان ئەم حاڵەتە بۆ توێژەرێکی دەروونی و مامۆستایەکی دەروونناسیش هەر دروستە.
لە ژێر رۆشنایی ئەم قسانەدا ئەم پرۆژەیە جێگەی دەستخۆشییە و دەکرێت هەوڵی دیکە و بابەتی دیکەی بەدوادا بێت و بۆ بوارەکانی دیکەی وەکو کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و میدیا و زۆر بواری دیکە. دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و هەموو ئەو کەسانەی بەم پرۆژەیەوە ماندووبوون.