یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

عەلى حوسێن: به‌شداریكردنی هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

عەلى حوسێن، بەرپرسى مەکتەبی پەیوەندییەکان ـ کوردستانى و عێراقى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە گفتوگۆیەکى تایبەت لەمەڕ هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، باسى سەنگ و پێگەى حزبەکەى کرد کە خاوەن قەزەیە و پێگەى تایبەتە و لاى خۆشییەوە پێشبینى بۆ هەڵبژرادن و بەدەستهێنانى کورسییەکان دڵخۆشکەر بوو.

ـ گرنگى پڕۆسەى هەڵبژاردن لەم قۆناغەدا چییە و چ بەهایەکى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە؟
عەلى حوسێن: پڕۆسە‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌ دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ و عێراقی دوای ٢٠٠٣ جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ عێراقی به‌ر له‌و مێژووه‌، بۆیه‌ بۆ كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان یا به‌ گشتی به‌شداریكردن له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی گرینگه‌. به‌شداریی ڕاسته‌وخۆی هاووڵاتی له‌و پڕۆسه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆ له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی وڵات. ئه‌گه‌ر بۆ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق جارێك بەشداریکردن لە هەڵبژاردن گرینگ بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان دووجار گرینگه‌، جارێك بۆ پڕۆسه‌ی دیموكراسی گرینگه‌ و جارێكی دیكه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورد له‌ عێراقی فیدڕاڵ گرینگی خۆی هه‌یه‌. هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دوو مافیان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان مافێكی مه‌ده‌نییه‌ و ئه‌وی تر مافێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و به‌ درێژایی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق ئێمه‌ وه‌ك كورد گرفتمان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند هه‌بووه‌. به‌شداریكردنی هاووڵاتیانی كورد له‌و پڕۆسه‌یه‌دا پشتگیریكردنی سه‌ركردایه‌تی كوردستانه‌ له‌ لایه‌ن پارت و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان متمانه‌یان پێیان هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ڕۆڵی كاریگه‌ر و گرینگ بگێڕن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانی. ده‌بێت لێكدانه‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م پڕۆسە‌یه‌ له‌ ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵێك گرفتی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستانەوە نه‌بێت به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ لایه‌نی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ته‌وه‌. ڕە‌نگه‌ به‌شێكی زۆر له‌ هاووڵاتیان ئه‌و ڕاستییه‌ نه‌زانن یان ئاگاداری نه‌بن كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تێكی سیاسییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وا له‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن متمانه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان به‌ تایبه‌ت ئه‌و هێزه‌ی خاوه‌نی قه‌زییه‌ی گه‌وره‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه،‌ نه‌هێڵن. بۆیە زۆر گرینگه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌م پڕۆسە‌یه‌دا ڕۆڵی هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بێت، به‌ تایبه‌ت له‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ به‌ ئه‌زموون سه‌لماندوویانه‌ و سازش له‌سه‌ر مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ناكه‌ن.

ـ یەکڕیزى و کۆدەنگى کورد چ ڕۆڵ و گرنگییەکەى هەیە لەسەر سەنگى کورد لە بەغدا بەتایبەت لە ڕوانگەى هێز و لایەن و کوتلە سیاسییە جیاوازەکانى عێراقەوە (بە شێعە و سووننەوە)؟
عەلى حوسێن: راستییه‌ك هه‌یه‌ كه‌ هێز و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیش به‌ شیعه‌ و سوننه‌ كه‌ هه‌ردوولا ڕۆڵیان له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه‌ و ته‌فه‌هومی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كورد قه‌زیه‌یه‌كی هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق جیایه‌، هه‌ركات هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان له‌ حكوومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بووبن له‌ داكۆكیكردن له‌ ماف و داخوازییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، ئەوا به ‌دڵنیاییه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌هیز بووه‌ و داخوازییه‌كانیشی زیاتر چه‌سپیون، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ركات بابه‌ته‌ لاوه‌كییه‌كان و ئۆپۆزسیۆنبوون له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕە‌نگی دابێته‌وه‌، به ‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌غدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر ماف و داخوازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دروست كردووه‌ كه‌ ڕە‌نگه‌ به‌غداش به‌و سه‌نگه‌وه‌ ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و شانده‌ حكومی و حزبیانه‌ی نه‌كردبێ كه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ داوامان له‌ خه‌لك وایه‌ كه‌ پشتگیری ئه‌و لایه‌نانه‌ بكه‌ن كه‌ متمانه‌یان پێیان هه‌یه‌ و له‌ ڕابردوودا داكۆكییان له‌ مافه‌كانیان كردووه‌ و پێداگر بوونه‌ له‌سه‌ر به‌دیهێنانی داخوازییه‌كانیان.

ـ حکوومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوى جددى و ئەرێنى لەمەڕ چاکسازى لە حوکمڕانى و بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکانى نێو هەرێمى کوردستان هەڵێناوەتەوە، پرسى چاکسازى چەندە گرنگە بۆ درککردن و تێگەیشتنى خەڵک لە دیاریکردنى لایەنى دڵسۆز و خاوەن قەزییە.
عەلى حوسێن: چاكسازی، پڕۆسە‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌ و نابێت بوه‌ستێت كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ كات و دڵسۆزیشی پێویسته‌، هاوكات پێویستی به‌ كۆمه‌ڵێك یاسا هه‌یه‌ كه‌ بۆی ده‌ربچێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت پڕۆسە‌كه‌ جێبه‌جێ بكرێت و ئه‌نجامه‌كانی له‌ به‌رژە‌وه‌ندی هاووڵاتی و پێشڤه‌چوونی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بێن. نابێت ئه‌وه‌ له‌بیر بكرێت كه‌ پڕۆسە‌ی چاكسازی، له‌ ئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك گرفتی ڕابردووه‌وه‌ بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ى زایینى و ئه‌زموونی تازه‌مان له‌ حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئه‌نجامی ململانێی نادروستی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و به‌ تایبه‌ت له‌ نیوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و دروستبوونی دوو ئیداره‌یی، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ بوار ڕە‌خسا بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ گرفت بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌تی له‌ بواری چاكسازیدا. ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كه‌ به‌شێك بوونه‌ له‌ دروستبوونی ئه‌م دۆخه‌ هاوكار بن، واته‌ هاوكاری پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیران بن كه‌ له‌سه‌ر پشكی پارتییه‌ و زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆسە‌یه‌ ده‌كات و هه‌نگاوی جددیشی بۆ ناوه‌، كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ ده‌توانێت حوكمڕانییه‌كی سیستەماتیك و دادپەروەریی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكات و بتوانرێت هاووڵاتی به‌ مافه‌ ڕاسته‌قینه‌كانی خۆی بگات كه‌ یاسا بۆی دیاری كردووە، بۆیه‌ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ له‌سه‌ر هاووڵاتی ئه‌ركه‌ پشتگیری له‌و بابه‌ت‌ و پڕۆسە‌یه‌ بكات و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش كه‌ له‌ ڕابردوودا به‌شێك بوونه‌ له‌ دروستبوونی ئه‌و گرفتانه‌ پێویستە هاوكاری حكوومه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ چه‌نده‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی پێش بكه‌وێت، پڕۆسە‌ی سیاسی و دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێش ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به‌ هه‌رێمی كوردستان و چاودێری ده‌كه‌ن، ڕە‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی ده‌بێت و زیاتر پشتگیری ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ چاكسازی ده‌كه‌ن ئومێدبه‌خشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حوكمڕانی به‌ سیستەماتیك بكه‌ن و ڕێز له‌ بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بنێن، بۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌مووان پێویست ده‌كات پشتگیری له‌و هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن و جێگه‌ی دڵخۆشی هه‌مووانیشە.

ـ پێشبینى ئێوە لەسەر هەڵبژاردنەکان و بەدەستهێنانى ڕێژەى کورسییەکانتان چۆنە؟
عەلى حوسێن: هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌ جیاوازه‌ و ئه‌زموونێكی تازه‌یه‌، ڕە‌نگه‌ پێشبینییه‌كان ئاسان نه‌بێت كه‌ مرۆڤ به‌ دروستی پێشبینییه‌كانی بخاته‌ ڕوو، به‌ڵام ئێمه‌ تموحمان هه‌یه‌ و پێشبینییه‌كانیشمان پێشبینی ئه‌رێنین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین پێگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هێز بێت و زۆرترین ده‌نگ و كورسی به‌ده‌ست بێنین، ئێمه‌ وه‌ك پارتی و كاندیده‌كانی پارتی له‌ ڕابردوو و ئێسته‌ و داهاتوویش پابه‌ندبوونه‌ به‌ بڕیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ تایبه‌تی بڕیاره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی، ئه‌مه‌ لای ئێمه‌ زۆر گرینگه‌ و خه‌ڵكی ئێمه‌یش ئه‌و باوه‌ڕە‌ی هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌نگ به‌ كاندیده‌كان ده‌دات، ڕاسته‌ توانا و لێوه‌شاوه‌یی كاندیده‌كه‌ له‌ ڕووی پێگه‌ی ئیداری، زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕۆڵ ده‌بینێت، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا خه‌ڵك ده‌نگ به‌ پارتی و كاندیدی پارتی و ڕێبازی بارزانی و په‌یامی سه‌رۆك بارزانی ده‌دات، بۆیه‌ ڕە‌نگه‌ هه‌ندێك جار ئێمه‌ به‌ ته‌نیا پشت به‌ توانا و كه‌سایه‌تی كاندید ببه‌ستین كورت بینین، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هۆكاری دیكه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ پشتی پێ ده‌به‌ستین، كه‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی ئێمه‌ بڕوا و متمانه‌یان پێیه‌ و به‌و ئاراسته‌یه‌ پشتگیری ده‌كه‌ن.