پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە کەرکووک هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە قوتابجانەکان قەدەغە کرا

لە نووسراوەكەدا كە ئەمڕۆ چوارشەم دەست ماڵپەری هەولێر كەوتووە و رێكەوتی دوێونێ سێشەمی لەسەرە، بەدەق دەڵێ، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئاڵای تر جگە لە ئاڵای عێراق هەڵ بكرێ.

نووسراوەكە بە ژمارە 42791 كە واژووی عەبد عەلی حسێن بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی كەركووكی لەسەرە و ئاراستەی گشت قوتابخانە و پەروەردە لاوەكییەكانی كەركووك كراوە، دووپات لە رەتكردنەوەی هەموو ئاڵایەك دەكات.

ئەوەش وەك ئاماژەیەكی روونە بۆ لادانی ئاڵای كوردستان لەسەر قوتابخانەكان، لە كاتێكدا كەركووك سەتان هەزار كورد و دەیان هەزار قوتابی كوردیزمان و سەتان قوتابخانەی كوردی تێدایە.

دەرچوونی ئەو نووسراوە لە كاتێكدایە بەپێی دەستووری عێراق كە لە 2005 پەسند كراوە لەلایەن گەلەوە، زمان و ئاڵای كوردستان و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی یاسایی جێگیر كراون. هاوكات هەر دەستوور دانی بەوەدا ناوە كە كەركووك ناوچەی كێشە لەسەرە، واتە چەند مافی عێراقی بەسەرەوەیە، ئەوەندەیش هی كوردستان.

بەڵام پەروەردەی كەركووك بۆ ئەو رەفتارە نوێیە كە بەشێكە لە پرۆسەی تەعریبی نوێ، پشتی بە دوو یاسای ساڵەكانی 1986 بە ژمارە 33/ یاسای ئاڵا و هەمواركردنەوەی لە ساڵی 1991 بە ژمارە شەش، بەستووە، بەڵام پشت بە دەستوورەكەی عێراقی نوێ نابەستێ.