جووتیارە نموونەییەکی هەڵبجە رایدەگەنێت کە قایمقامی هەولێر رێگەی نەداوە فێستیڤاڵی هەنار لە هەولێر ئەنجام بدات، قایمقامیش دەلیت نەک هەر من پارێزگاریش رەزامەندی نەداوە و لە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر ئەوانیش رەزامەند نەبوونە.
ئازاد محەمەد، جووتیارە نموونەییەکەی هەڵەبجە راگەیاند، قایمقامی هەولێر رێگەی نەداوە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو فیستیڤاڵی هەنار لە شاری هەولێر ئەنجام بدەن.
راشیدەگەیەنێت، دووجار نوسراویان لە پارێزگاری هەولێرەوە بۆ کراوە بۆ قایمقام بەڵام قایمقام رێگەی نەداوە و تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامیان نەداونەتەوە، لای خۆیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، بەڵێ ئەو جووتیارە داواکاری پێشکەش بە پارێزگا کردووە و پارێزگاریش رەزامەندی نەداوە بەڵکو نوسراوەکەی ئاراستەی ئەوان کردووە، ئەوانیش پاش کۆبووونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە فیستیڤاڵەکە نەکرێت.
داواکاری ئازاد محەمەد لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر، پارێزگا و قایمقامیەت رەزامەندی پێنەدراوە، ئەمەش بە چەند هۆکارێک یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشانگایەکی گەورەی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە و تەواوی جووتیاران دەتوانن بەشداربن تێیدا، هەروەها ئێستا کاتەکەی درەنگە بۆ خستنە بازاڕی بەرهەمی هەنار وەک نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت “دەبوایە زووتر داواکاری پێشکەش بکردایە، قایمقامی هەولێر هۆکارێکی دیکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە تێبینیان لەسەر بەرهەمەکانی فێستیڤاڵی ساڵی رابردوو هەبووە ئەو تێبینییانەش لەلایەن سەردانیکەرانەوە ئاڕاستەیان کراوە”.