دەست بە نووسینەوەی پڕۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ ـی عێراق دەکرێت

وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوی کردەوە دەستیان بە ئامادەکاری و نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کردووە و بەرپرسێکی وەزارەتەکەش پێداگری لە نەگۆڕینی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار کردووە و چاوەڕێ دەکرێ بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق بگاتە سەرووی ١٠٠ ملیار دۆلار.

ڕۆژی سێشەم یەکی تشرینی دووەم، عەبدولحەسەن جەمال ڕاوێژکاری دارایی وەزارەتی درایی عێراق ڕای گەیاند کە وەزارەتەکەیان بە فەرمی دەستی بە نووسینەوەی پڕۆژەی بودجە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ کردووە. هیچ کاتێک بۆ ئەوە دیاری نەکراوە کەی پڕۆژەکە پێشکەش بکەن، بەڵام گوتوویەتی هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بە زووترین کات پڕۆژەکە بنووسنەوە و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ ئەوەی لەوێ پەسند بکرێت و لە پەرلەمانی عێراق دەست بە خوێندنەوەی بکرێت.
لەکاتێکدا باسی پێشکەشکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دەکرێت کە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٢ بێ بودجە بوو. ئەوەی وای کرد ئەمساڵ عێراق بێ بودجە بەڕێوە بچێت دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو و ئەو کێشە و ئاڵۆزییە سیاسییانە بوو کە لەو ماوەیەدا سەری هەڵدا و حکوومەتی کاربەڕێکەریش ئەو مافەی پێ نەدرا پڕۆژەی بودجە بداتە پەرلەمان و چاوەڕێی دامەزراندنی حکوومەتی نوێ کرا.
ئێستا کە چەند ڕۆژێکە حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی دامەزراوە، حکوومەتەکە دەستی بۆ یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی بردووە کە نووسینەوەی پڕۆژەی بودجەیە و بەهۆیەوە دەیەوێت دەست بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە و خۆی بسەلمێنێت.
جێی باسە حکوومەتی نوێی عێراق ئەوانە دایانمەزراند کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگەکانیان کەمی کرد و کشانەوەی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان ئەو چانسەی پێدان لە ڕووی یاساییەوە مافی پێکهێنانی حکوومەت دەستەبەر بکەن.
هەواڵی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاو کراوەتەوە حکوومەت دەستکاری نرخی دینار دەکات و بۆ ئاستی جارانی دەگەڕێنێتەوە، هەنگاوێک کە وای کردووە لەم ماوەیەدا نرخی دینار لە هەزار و ٤٨٠ دینارەوە بۆ خوارووی هەزار و ٤٦٠ دینار دابەزێت.
بەرپرسێکی تری وەزارەتی درایی عێراق ئاماژەی داوە کە وەزارەتی دارایی و حکوومەت هیچ نیەتێکی نییە دەستکاری نرخی دینار بکات و نرخی دۆلار هەر لە ئاستی هەزار و ٤٦٠ دیناردا دەمێنیتەوە و جێگیر دەکرێت.
ئەو ڕوونی کردووەتەوە داخوازی بۆ گۆڕینی بەهای دینار داخوازییەکی بە تەواوی سیاسییە و لەگەڵ سیاسەتی ئابووری و دارایی عێراق یەک ناگرێتەوە.
پێویستە بگوترێ پێشتریش مەحمود محەمەد بەڕێوەبەری پێشووی بانکی ناوەندی عێراق گوتبووی گۆڕینی نرخی دینار لەگەڵ سیاسەتە داراییەکانی عێراق ناگونجێت و ئەگەر حکوومەت دەخوازێت ژیانی خەڵکی عێراق باشتر بکات ئەوا دەتوانێت لە ڕێی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی دەرفەتی کار و پیشەی جیاواز یارمەتی دۆخەکە بکات.
حکوومەتی عێراق لە کاتێکدا دەیەوێت پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ بنووسێتەوە کە داهاتەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێ بۆ یەکەم جار لە عێراق قەبارەی بودجە لە ١٠٠ ملیار تێپەڕێت کە بە دینار دەکاتە سەرووی ١٤٥ تریلیۆن دینار. ئەگەر ئەم بودجەیە پەسند بکرێت ئەوا دوای دەرهێنانی خەرجیی مووچە وبڕە پارەیەکی زۆر دەمێنێتەوە کە دەتوانرێ بەهۆیەوە پەرە بە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و ژێرخانی ئابووری و بوارەکانی تر بدرێت.
نووسینەوەی پڕۆژەیاسای نوێی عێراق ئەوبەرپرسیارێتییە دەخاتە سەرشانی نوێنەرانی کورد لە حکوومەتی عێراق و پەرلەمان، پارێزگاری لە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
نیگەرانییە سەرەکییەکە لەوە نییە بودجە پەسند دەکرێت یان داهاتەکە چەندە بەڵکوو لەوەیە گەندەڵیی لە عێراق ئەوەندە بەرفراوانە کە نەتوانراوە ئەو داهاتە لە خزمەتی خەڵکدا بەکار بێت. دوێنێ سێشەم، جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرەتووەکان لە عێراق لە دیداری میری هەولێر بە ڕاشکاوی گوتی پەرەسەندنی گەندەڵیی لە عێراق وایكردووە کە نەتوانرێ چاكسازی بكرێت. ئەو ڕێكخستن و سیستمەی لە عێراق دروست بووە گەندەڵیی تێ کەوتووە، ئەمەش وای كردووە نەهێڵێت عێراق بەرەو پێشەوە بچێت. کەسانێک دەستیان بەسەر سەرچاوەكاندا گرتووە و بەرژەوەندییەكانی خەڵكیان پشتگوێ خستووە.

ھەواڵی زیاتر