ئەمڕۆ سێشەممە، پڕۆسەی قیڕتاوكردنی ڕێگایەكی ستراتیژی لە حاجی ئۆمەران دەستی پێكرد و بڕیارە لە قۆناغی یەكەم 2 كیلۆمەتر رێگاكە قیڕتاو بكرێت.
سوارا ئەكڕەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە سەرچاوەیەکی راگەیاند: ئەمڕۆ دەستكرا بە قیڕتاوكردنی ڕێگای سەرەكی دووسایدی نێوان چۆمان -حاجی ئۆمەران كە ڕاستەوخۆ لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە جێبەجێ دەكرێت.
راشیگەیاند: لە قۆناغی یەكەم بە درێژایی 2 كیلۆمەتر قیڕتاو دەكرێت كە پێكدێت لە 40 هەزار مەتر چوارگۆشە، لەهەمانكاتیشدا كاركردن لە بەشەكانی دیكەی بڕین و دروستكردنی ئاوبەر و خۆڵكاری بەردەوامی هەیە و دوای قیڕتاوكردنی ئەم بەشە، رێگاكە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و جموجۆڵی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سوودی لێوەردەگیرێت.