لەو ماوەی کە دیاری کراوە دەبێت تەواوی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن

کارنامەی حکوومەت ئاشکرا کراوە و بە دڵی ئەندامانی کوردە. لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێت دۆسیە سەرەکییەکان چارەسەر بکرێن، ماددەی ١٤٠، مەلەفی نەوت و بودجە، کە ساڵانێکی زۆرە بۆتە گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، بڕیار دراوە بدرێتە دەست ھێزێکی خۆجێیی، ھەروەھا بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕ بکرێتەوە، بارودۆخی شنگالیش چارەسەر بکرێت.

دوای ئەوەی ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە، لەتیف ڕەشید، سەرکۆماری عێراق محەممەد شیاع سوودانیی وەک کاندیدی لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕاسپارد ۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ڕۆژی پێنج شەممە کارنامەی کابینەی حکوومەتەکەی و بەشێک لە وەزیرەکانی لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەیان پێ بەخشرا.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی، بەرنامەی کاری کابینەکەی خوێندەوە و جەختی لەسەر ئەنجامدانی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، باشترکردنی دۆخی ئابووری و دابینکردنی ھەلی کار، ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێکەوتووەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سوودانی بەڵێنی بە گەلی عێراقدا بەزووترین کات تەنگژە و قەیرانەکان تێبەڕێنن و دەسەڵاتی زیاتر بە حکوومەتە ناوخۆییەکانی ھەرێم و پارێزگاکانی عێراق بدات، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوولا.
کێشەکانی ھەولێر و بەغدا
لە کارنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا ھاتووە، لە ماوەی ٦ مانگدا دەبێت دۆسیە سەرەکییەکان چارەسەر بکرێن، ماددەی ١٤٠، مەلەفی نەوت و بودجە، ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان سەرپشک دەکرێن بۆ دانوستاندن لەبارەی دۆسیەی نەوت و بودجە تاوەکو لە ماوەی شەش مانگدا یاسای نەوت بە گوێرەی دەستوور گەڵاڵە بکرێت، لە بەشێکی دیکەی کارنامەکەدا ھاتووە، کە لیژنەیەکی تایبەتمەندی یاسایی و دارایی و نەوتی لە ھەردوو حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنرێت کە چەند ئەرکێکیان دەبێت، لەوانە پێداچوونەوە بە کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان بۆ پاکتاوکردنی قۆناخی پێشوو بەگوێرەی دەستوور، ھەروەھا ئەو لیژنەیە کار لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی دەستووری بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی داھاتووی نێوانیان دەکات لەبارەی کەرتی نەوت بۆ گەرەنتیکردنی مافی سەرجەم عێراقییەکان لە ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، کە ساڵانێکی زۆرە بۆتە گرفت لە نێوان ھەولێر و بەغدا، بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، بڕیار دراوە بدرێتە دەست ھێزێکی خۆجێیی، سەرجەم پارتە کوردستانییەکان مافیان ھەیە لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین چالاکیی سیاسیی دەستووری بکەن و بارەگای پارتە کوردستانییەکان لەو شارانە کە بە دەست لایەنی دیکەوەن چۆڵ دەکرێن. بە گوێرەی کارنامەکە، ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە ڕێککەوتنی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە نێوان ھێزەکانی فیدڕاڵی و پێشمەرگە تەواو دەکرێن و بەڵێندراوە کە لە ماوەی مانگێک دوای پێکھێنانی حکوومەت، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق پێک دەھێندرێتەوە و قەرەبووی ئەو کەسانە دەکرێتەوە کە ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە. ھەروەھا چارەسەری بارودۆخی شنگال بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەو قەزایە کە لە ساڵی ٢٠٢١ لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی واژۆ کراوە بەبێ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، لەبارەی بەستنەوەی ئەو قوتابخانە کوردییانەی دەکەونە دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە کارنامەکەدا ھاتووە، ڕاژەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە پارێزگای کەرکووک دەگوازرێنەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی فیدراڵی. لە بەشێکی دیکەی کارنامەی کابینەکەی سوودانیدا، جەخت لەسەر ھەموارکردنەوەی یاسای دەزگای شەھیدی ساڵی ٢٠١٦ کراوەتەوە کە کەسوکاری شەھیدانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستانیش، لە ماف و شایستەکانی ئەو یاسایە سوودمەند بن.
ھەڵبژاردن
لە کارنامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکان لە ماوەی سێ مانگدا ئامادە دەکەن و لەماوەی ساڵێکدا ھەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق دەكرێت و پاڵپشتیی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەگوێرەی کارنامەکە، پێداچوونەوە بە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن لەپێناو باشکردنی توانای ئەو ئەنجوومەنانە وەک ئامادەکاری بۆ ئ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.
کارنامەی حکوومەتی نوێ بە ڕێککەوتن نووسراوە
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر، گوتی:”دەنگ لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی درا، ئەوەی کە لەوە گرنگتر بوو بەرنامەکە بوو، لەگەڵ ئەو وەرەقەی کە چەند مانگێکە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بوو و دواتر ئیمزا کرا و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا و بووە بەرنامەی کاری حکوومەت، دوو وەزارەت ماون کابینەکەی سوودانی تەواو بێت، ھەر دوو وەزارەتەکەش ھی کوردن، لە دایشتنەکانی داھاتوودا ئەو دوو وەزارەتەش یەکلا دەکرێنەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاشکراشی کرد:” ئەو وەرەقەی لە نێوان لایەنەکان کە پێکھێنەری حکوومەتن، شیعە، سوننە و کورد ئیمزا کراوە، لە پەرلەمان خوێندرایەوە و دەنگی لەسەر درا، ١٩ تێبینی دیکەمان بۆ زیاد کرد، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە سەرۆکی حکوومەت دەسکراوەتر بێت، لەسەر ئەو خاڵانەی ڕێککەوتنی سیاسیی لەسەر کراوە و جێبەجێی بکات، لە ماوەی مانگێکدا لیژنەی ماددەی ١٤٠ کارا دەکرێتەوە، ئەو خەڵکەی قەرەبوو نەکراوەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە، کات بۆ ھەموو ئەو کێشانەی لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن دانراوە و لەو ماوەی کە دیاری کراوە دەبێت تەواوی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن، سەرۆکوەزیران ھەر خۆشی باسی لەوە کرد دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئاسایی بکرێنەوە، بۆیە لە پاڵ کارنامەکە دەنگ لەسەر ڕێککەوتنی لایەنەکان لەگەڵ سوودانی درا.
گوتیشی:” ھەر لایەنێک حکوومەتی پێکھێنابایە، کورد ھەر ئەو داواکاریانەی ھەبوو کە ئێستا لە کارنامەکەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی جێگەیان بۆ کراوەتەوە، بەشێکە لە ڕێککەوتنی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەچوارچێوەی دەستوور، بۆیە ئەوەی ئێمە داوا دەکەین شتێک نییە لە دەرەوەی دەستوور بێت، بۆیە پابەند بوون بە دەستوور زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات.
د. سالم زیاب، چاودێری سیاسی، بە “ھەولێر”ـی گوت: “کارنامەی سوودانی، کارنامەیەکی باشە و لایەنە کوردستانییەکان ڕەزامەندییان لەبارەوە نیشان داوە، کارنامەکە قورسایی زۆری لەسەر کێشەکانی ھەولێر و بەغدا داناوە، کۆمەڵێک خاڵی زۆر باشی تێدایە، تا کێشەکان چارەسەر بکرێن، ھەر مەلەفێک ئیمزا و بەڵێنی لەسەر وەرگیراوە، بۆیە ئەرکی ھەموو نوێنەرانی کوردە لە بەغدا چاودێری و بەدواداچوون بکەن بۆ جێبەجێکردنی ھەموو خاڵەکانی ئەو کارنامەیە کە پەیوەستە بە کورد و ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەو حکوومەتە بۆ ماوەی یەک ساڵە، دەبێت لەو ساڵەدا سوودانی بەرنامەکەی جێبەجێ بکات، ئەوەش لە بەرژەوەندیی کوردە”.

ھەواڵی زیاتر