بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە هەرێمی کوردستان، تا یەک ملیار پێ سێجا بەرز دەکرێتەوە

کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتی ”غاز” لە هەرێمی کوردستان بەو پەڕی توانایانەوە لە کوردستان لە بەرهەمهێنان بەردەوامن و، ساڵ بە ساڵ پەرەی زیاتر بە بەرهەمهێنان دەدەن و، ڕەتی دەکەنەوە هیچ کێشەیەک لە نایاساییبوونی گرێبەستەکانیاندا هەبێت. جێبەجێکەری گەورەترینیان پێی وایە هیچ کۆمپانیایەک ملیاران دۆلار لە شوێنێک وەبەرهێنان ناکات ئەگەر لە هەنگاوەکانی و یاساییبوونی گرێبەست و مامەڵەکانی لە هەرێمی کوردستان دڵنیا نەبێت.

هەندێک لایەنی سیاسی و نەیارانی کورد بەردەوام گومانیان خستووەتە سەر گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان و پێیان وایە مادام گرێبەستەکانیان بە هەماهەنگی حکوومەتی ناوەندی عێراق مۆر نەکراوە و ئەوان چاودێری کارە و چالاکییەکانیان ناکەن، نایاسایین. زۆرجار هەوڵی ئەوەیان داوە لە دادگا سکاڵا تۆمار بکەن بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرتووە و تەنانەت بە هێرشی مووشەکی و چاوسوورکردنەوە و هەڕەشە لە کۆمپانیاکانی پێوەندیدار ویستوویانە کێشەیان بۆ دروست بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
هەرێمی کوردستان بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە و، یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بواری دەرهێنانی گاز، کە ١٥ ساڵە لە هەرێمی کوردستان کار دەکات بڕیاری داوە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی بۆ یەک ملیار پێ سێجا بەرز بکاتەوە کە سەرووی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستانە بە گازی سروشتی.
مەجید جەعفەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ڕای گەیاند کۆمپانیاکانی جیهان کە تایبەتمەندیی نێودەوڵەتییان هەیە بە قەبارەی ملیاران دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە و ئەگەر بە تەواوی لەوە دڵنیا نەبووبان کە وەبەرهێنانەکەیان یاساییە هەرگیز ئەو بڕە پارە زۆرەیان نەدەهێنایە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانیان نەدەکرد.
ئەو ئومێدەوارە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرس و کێشەکانی پێوەندیدار بە یاسای نەوت و گاز لە نێوان خۆیاندا بە یەکجاری چارەسەر بکەن.
وەک زیاتر خستیە ڕوو لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆمپانیاکەی ئەوان کە بۆ یەکەم جار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستی کرد. لە ساڵی ٢٠٠٨ توانی ڕۆژانە ٨٠ ملیۆن پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەم بێنێت وئێستا لە ساڵی ٢٠٢٢ بەرهەمەکەی بۆ ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجا بەر کردۆتەوە. ئەو ئاماژەی دا ساڵی ٢٠٢٣ قەبارەکە ٢٥٠ هەزار پێ سێجای تر بەرز دەکرێتەوە و دەگەیەنرێتە ٧٥٠ ملیۆن پێ سێجا و هەنگاوی دواتریشیان بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانە بۆ یەک ملیار پێ سێجا.
پێویستە بگوترێ لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان خەریکە بەرەو خۆبژێوی و تەنانەت هەناردەی گازی سروشتی بۆ دەرەوە دەگات، هێشتا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆی بە تایبەتی سووتەمەنیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بەو گازە دەبەستێت کە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دێت ٦٠%ی کۆی ئەو گازەیە لە ئێران هاوردە دەکرێت و بەهۆیەوە دەتوانرێ لانی کەم پێنج هەزار مێگاوات کارەبا لە سەعاتێکدا بەرهەم بهێنرێت.
ئەو گازەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم هاتووە زیاتر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بووە و ئامانجە سەرەکییەکەش هەر ئەوە نییە پێداویستی ناوخۆ دابین بکات بەڵکوو هی ئەوەیە ئەو کەرتە بکرێت بە گرنگترین سەرچاوەی دارایی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی دابینکردنی گازی سروشتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و ئەورووپا ڕۆڵێکی کارای هەبێت.
لە لایەکی ترەوە هەرێمی کوردستان بە پەرەپێدانی ئەم کەرتە خەرجییەکی زۆری بۆ گەڕاوەتەوە. پێشتر لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان سوود لە سووتەمەنیی وەک گازوایل و نەوتی ڕەش وەردەگیرا، بەڵام ئێستە پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت. تا ساڵی ڕابردوو سەرووی ٩٠%ی وێستگەکانی هەرێم لە بەرهەمهێنانی کارەبادا پشتیان بە گازی سروشتی دەبەست، بەڵام هەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەیە وێستگەکان ١٠٠% پشت بە گازی سروشتی ببەستن.
بەتایبەتی لەو کاتەوە کە جەنگی ئۆکراینا دەستی پێ کردووە و قەیرانی سووتەمەنی تەنگی بە ئەورووپا هەڵچنیوە چاوەکان زیاتر خراونەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەشێک لە پێداویستییەکانی ئەوروپا بە گازی سروشتی دابین بکات و بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک کۆمپانیای بیانی بۆ گواستنەوەی هێڵی گاز و بەرهەمهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی گواستنەوەی گازی سروشتیی کوردستان وەبەرهێنانیان کردووە.

ھەواڵی زیاتر