جووتیار عادل گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەواڵی دواکەوتنی مووچە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ لایەنێکی فەرمی لێدوانی لەم جۆرەی نەداوە و بەم نزیکانە خشتەی دابەشکردنی مووچە رادەگەیەندرێت.
لەبارەی دەنگۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10، گوتەبێژی حکومەت، گوتی: “ئێمە وەکو حکومەت و هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەیگوتووە دابەشکردنی مووچە دوادەکەوێت، بەمنزیکانە خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاودەکرێتەوە”.
گوتیشی: “بڵاوکردنەوەی دەنگۆی دواکەوتنی مووچە هیچ بنەمایەکی نییە و فەرمی نییە، لایەنی فەرمی بۆ ئەو بابەتە وەزارەتی دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، جووتیار عادل گوتی: “پلانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە ئەو پرسە گرنگانەی چەند ساڵێکە جێبەجێ نەکراون ببنە کرۆکی گفتوگۆکانی داهاتووی نێوانمان، بابەتی خاک لای ئێمە گرنگە و دەبێ لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140 کارا بکرێتەوە، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە بارودۆخێکی خراپدان و تەعریب لەو ناوچانە بەردەوامە”.
گوتەبێژی حکومەت، لەبارەی دابەشکردنی نەوت و نرخەکەی روونیکردەوە: “کێشەی ئێمە لە دابەشکردنی نەوتی سپی ئەوەیە حکومەتی عێراق نەیهێشتووە پاڵاوگەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێت، توانای هەرێمی کوردستانیش لەو رووەوە دیاریکراوە، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەلای ئێمەوە ئەولەویەت بووە، بۆیە لە سەرەتادا لەوێ دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت، ئێمە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتنمان هەیە بۆ ناردنی نەوتی سپی، بەداخەوە حکومەتی عێراق یەک بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە 30 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییان دابەشدەکات، بەڵام بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە 150 هەزار دینار دەنێرێت، بۆ هەر لیترێک 750 دیناری هەژمارکردووە”.
دەربارەی هەڵمەتی هێزەکانی ناوخۆ بۆ دەستبەسەردا گرتنی چەکی بێمۆڵەت، جووتیار عادل رایگەیاند، لەو بابەتە هیچ کەسێک بەدەر نییە لە یاسا و دەبێت هەموو کەس پابەندی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت هەموو کەس دەگرێتەوە.
گوتەبێژی حکومەت لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستەڕوو، تائێستا نزیکەی 30 هەزار پێشمەرگە لە یەکەکانی 70 و 80 خراونەتەوە سەر میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: “کۆمەڵێک چاکسازی دیکە لەبارەی یەکخستنەوەی یەکەی ژمێریاری لە وەزارەتی پێشمەرگە کراوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە”.
سەبارەت بە بەشدارینەکردنی قوباد تاڵەبانی لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “هەر نیگەرانییەک هەبێت لە هەر لایەنێک، پێویستە لەناو ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئێمە بە شیاوی نازانین لە راگەیاندنەکان باس بکرێت، چونکە ئەرکی حکومەت ئەوەیە کە دۆخێک و ژینگەیەکی ئارام بۆ بازاڕ و هاووڵاتییان فەراهەم بکات”.