کەرتی پیشەسازی و ئابووری لە ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە،ڕۆژبەڕۆژ جموجۆڵی بازرگانی لە زیادبووندایە، ساڵانە بە سەدان کۆمپانیا و کارگە لە ھەرێمی کوردستان زیاد دەبن، بە بیانی و خۆماڵییەوە زیاتر لە ٣٠ ھەزار کۆمپانیا و نزیکەی ٥ ھەزار کارگە لە ھەرێمی کوردستان ھەن.
نزیکەی ١٠٠ پڕۆژە پێشکەشی دەستەی وەبەرھێنان کراون، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن. ئەو پڕۆژانەش کە وەبەرھێنەران پێشکەشیان کردوونە لە چەندین سێکتەری جیاوازن و پەسەندیش کراون بۆ ئەوەی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ھەرێمی کوردستان سیاسەتی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و ڕاکێشانی سەرمایەی بیانی، ئێمەش ھەموو ئاسانکارییەک بۆ خاوەن کۆمپانیا و کارگەکان دەکات.
لە ھەرێمی کوردستان، لە دھۆک، ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە، گەرمیان و ئیدارەیڕاپەڕین ١١ ناوچەی نوێی پیشەسازی دروست دەکرێن، ئەمەش لەپێناو گرنگیدانە بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان و زیادکردنی سەرچاوەکانی داھات، پێنج لەو ناوچە پیشەسازییانە تایبەت دەبن بە خۆراک و شەش ناوچەکانی دیکەش جۆراوجۆر دەبن و لە بواری جیاجیا دروست دەکرێن، ئەمەش گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە لەو ناوچانە کارگە و شوێنی ھەڵگرتنی خۆراک دروست دەکرێن.
کارگە خۆماڵییەکان لە زۆر بواردا توانیویانە بەشی پێداویستیی ناوخۆ و بەشی عێراقیش دابین بکەن، ئەو کارگانەی لە بواری بیناسازیدان، بە زیادەوە بەشی پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن، دەتوانن بۆ دەرەوەشڕەوانە بکەن، بۆیە ئێستا لە زۆر بواردا کارگە خۆماڵییەکان بەرەوپێش چوونە.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، دەڵێ: “جگە لە وەبەرھێنان بەکارخستنی خەڵک ئامانجی سەرەکیی دەستەی وەبەرھێنانە کە بە چڕی ئیشی لەسەر دەکەین، مەرجی سەرەکی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ئەوەیە کە دەبێ ٧٥%ی ئەو کەسانەی ئیش لە پڕۆژەکان دەکەن دانیشتووی ھەرێمی کوردستان بن و سوود لە توانای گەنجان و دەرچووانی خۆمان وەربگیرێت.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک، بە “ھەولێر”ـی گوت: “جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل زۆر زیادی کردووە، ھەروەھا ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەتی لە ئیدارەی زاخۆ، ھەندێکلە پرۆژەکان تەواو بوونە، لە دھۆک ناوچەیەکی پیشەسازیی خۆراک دروست دەکرێت، لە زاخۆش بە ھەمان شێوە ئەوەش وا دەکات کە دەرفەتی کاری بۆ ھەزاران کەس بڕەخسێت، کابینەی نۆیەم پشتگیری لە کەرتی تایبەت دەکات بۆ ئەوەی پرۆژە لە ھەموو کەرتەکان جێبەجێ بکرێن تا دەرفەتی کار زیاتر ببێت.
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆک، دەشڵێ: “ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و کۆمپانیاکان کەوتوونەتە کار، کەڕۆژبەڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت، خەڵکێکی زۆر ڕووی لە کردنەوەی کارگە کردووە، ئەوەش زۆر باشە، چونکە ئابووری وڵات پێش ناکەوێت ئەگەر بناغەیەکی پیشەسازی بەھێز نەبێت، ئەوەش وا دەکات ھاوردە کەم ببێتەوە، کەرتی کشتوکال زیاتر پێشکەوتووە، بۆ نموونە پەتاتە لە دەرەوە ھاوردە ناکرێت، کارگەی چپس دروست کراون، پرۆژەیەکی گەورەی ماست و پەنیر لە دھۆک دروست دەکرێت، کارگەی ئارد ھەن، بۆیە ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ کارگە لە سنووری دھۆک ھەن، ھەروەھا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون ھەن، پرۆژەکانی گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن، ئەوانە ھەموو وا دەکەن کە دەرفەتی کار زیاتر ببێت.
فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، کارگەکان لە بواری ھەمەجۆردان، وەک بیناسازی، خۆراک، دەرمان، کەلوپەلی ناوماڵ، دروستکردنییەدەگی ئامێرە جۆربەجۆرەکانن، بەھۆی ئەو گرنگییەی کابینەی نۆیەم بە کەرتی پیشەسازیی دەدات، ئێستا دەکرێ وەک سەرچاوەی سێیەمی داھاتی حکوومەت ھەژمار بکرێت”.
فەتحی محەد، گوتیشی: “بەپێی پلانی کارپێکراوی وەزارەتی بازرگانی ھەوڵ دەدرێت ئەو کارگانەش بکرێنەوە کە لەڕابردوودا بە ھەر ھۆکارێک داخراون، بەتایبەت ئەو کارگانەی کە ئێستا پێویستە ھەبن، بۆ ئەوەش وەزارەت ئامادەی ھاوکارییە و کارئاسانی پێشکەش بەو خاوەن کارگانە دەکات”.

