لەوەتەی عێراق دامەزراوە هێندەی ئەمساڵ داهاتی زیادی نەکردووە

ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی دینار بەرانبەر دۆلار هەڵکشاوە و بۆ یەکەم جار بەرزترین نرخی لە ماوەی شەش مانگدا تۆمار کرد. ئەوەندەی دەنگۆکانی بازاڕ و میدیاکان کاریگەرییان خستووەتە سەر نرخی دینار، هیچ پڕۆژە و بڕیارێکی جیددی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دینار نییە و، بەشێک لە بازرگان و خاوەن نووسینگەکان سوود لەو دەنگۆیانە وەردەگرن و، ئەوەش زیان بە خەڵکی ئاسایی و کاسبکاران دەگەیەنێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ١٠٠ دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکردووە و تەنانەت تا ١٤٥ هەزار و ٥٠٠ دیناریش فرۆشراوە؛ لە کاتێکدا ماوەی چەند مانگێک بوو ١٠٠ دۆلار هەر لە نێوان ١٤٧ تا ١٤٨ هەزار دەفرۆشرا. نرخی دینار لەو کاتەوە ڕووی لە هەڵکشان کردووە، کە ٤٠ پەرلەمانتاری عێراق بە نووسراوەیەک بە فەرمی داوایان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد لەبارەی دابەزاندنی نرخی دۆلار کۆبوونەوەیەکی تایبەت ڕێک بخات و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدات.
پەرلەمانتارەکان پێیان وایە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی خراپی هەبووە لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات، بەتایبەتی لەسەر ئەو کەسانەی کە داهاتیان سنووردارە.
پەرلەمانی عێراق، لە کاتێکدا هەوڵێکی لەم شێوەیە دەدات کە هێشتا حکوومەت دانەمەزراوە و بەرزکردنەوە یان دابەزاندنی نرخی دینار نەک لە دەسەڵاتی پەرلەمان، بگرە لە دەسەڵاتی حکوومەتیشدا نییە، تەنیا بانکی ناوەندییە کە بە گوێرەی دەستوور دەبێت سیاسەتی دارایی خۆی سەربەخۆیانە دابڕێژێت، دەتوانێت دەستکاری بەهای دیناریش بکات.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ـدا، دوای ئەو دۆخە خراپەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە لایەک و دابەزینی نرخی نەوت بەر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت کەوت، حکوومەتی عێراقی تووشی تەنگژەی دارایی کرد و، حکوومەت لەو ساڵەدا تووشی کورتهێنانی بەرچاوی بودجە بوو. بانکی ناوەندی عێراق ئەوکات بە هەماهەنگی بانکی نێودەوڵەتیی دراو و بە ڕەزامەندیی حکوومەت، بڕیاری دا دەستکاری نرخی دینار بکات و بۆ یەکەم جار لەوەتەی دامەزراندنیەوە بە بڕیار نرخی دیناری دابەزاند و، دینار نزیکەی ٢٠%ی بەهای خۆی لەدەست دا.
ئەم بڕیارە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر بازاڕەکان دانا و بەهای شتومەک و پێداویستییە خۆراکییەکان لانی کەم بە ڕێژەی ٢٠% هەڵکشان و ژیانی خەڵکی قورستر کرد. حکوومەت لەو بڕیارەدا قازانجی ئەوەی کرد کە بە برێکی کەمتری ئەو دۆلارەی لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت توانی مووچە دابین بکات و بو هۆیەوە کورتهێنانی بودجەی پێ پڕ کردەوە و قەیرانەکەی تێپەڕاند.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە کە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە داهاتی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە و لەوەتەی عێراق دامەزراوە هێندەی ئەمساڵی داهاتی زیادی نەکردووە، بەشێوەیەک یەدەگی دراوی لە بانکی ناوەندی ٨٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ساڵ بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار. جگە لەمە یەدەگی زێڕی عێراقیش گەیشتووەتە ١٣٠ تۆن.
بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی ئەو داهاتە زۆرە، بەشێک لە پەرلەمانتاران و تەنانەت هەندێک چاودێری سیاسی و ئابووریش پێیان وایە لەبەر ئەوەی عێراق داهاتی زۆرە پێویستە دیناریش بگەڕێنرێتەوە هەمان دۆخی پێش ساڵی ٢٠٢٠ و دراوی فەرمی وڵات بەهێز بکرێت و لە ڕێژەی هەڵاوسان کەم بکرێتەوە و ١٠٠ دۆلار بە ١٢٠ هەزار دینار بفرۆشرێت.
گۆڕینی نرخی دینار لە دەسەڵاتی بانکی ناوەندیدایە و، هیچ ئاماژەیەکیش لە بانکی ناوەندی نییە کە دەستکاریی نرخەکە بکات. پێشتریش بەرپرسانی بانکی ناوەندی بە ئاشکرایی دەستکاریکردنی نرخیان ڕەت کردووەتەوە. دکتۆر مەحموود محەمەد کە بەڕێوەبەری پێشووی بانکی ناوەندی بوو، بۆ میدیاکانی عێراق گوتوویەتی، دەستکاریکردنی نرخ بە هیچ شێوەیەک خزمەتی ئابووریی عێراق ناکات.
ئەو پێی وایە ئەگەر حکوومەتی عێراق دەیەوێت دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکات، بەو پارەیەی لە بانک هەیەتی ئەوا پێویست ناکات دەستکاریی نرخی دینار بکات، بەڵکوو بە پەرەپێدانی پڕۆژەکان و وەبەرهێنانی و دابینکردنی دەرفەتی کار و ئاوەدانکردنەوە دەتوانێت ژیانی خەڵک باشتر بکات.
بەرزکردنەوەی نرخی دینار بووەتە هۆی نانەوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لە نێو کاسبکاران و بازرگانان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق، ئەوانەی دۆلاریان هەیە هەوڵی ئەوە دەدەن زوو بە دینار بیگۆڕنەوە و بەمەش لە کاتی بەرزکردنەوەی نرخی دینار بۆ هەمان ئاستی پێشوو، قازانجی لێ بکەن.
ئەوەی وای کردووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نرخی دینار بەرز بێتەوە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە خەڵک زیاتر دۆلارەکانیان دەفرۆشن و بانکی ناوەندییش لە هەفتەی ڕابردوودا سەرووی ملیارێک دۆلاری خستە بازاڕەوە، بۆیەش بەهای دینار هەڵکشا. هەڵکشانی بەهای دینار تا ئەو ئاستەی هەر ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ تا ١٤٦ هەزار دینار دەفرۆشرێت ئاساییە، بەڵام لەمە زیاتر دانابەزێت و بۆیەش دەبێت هاووڵاتییان فریوی ئەو دەنگۆیانە نەخۆن.
ئەو جۆرە دەنگۆیانە لە بازاڕی دراو بەردەوام هەبووە، ساڵی ڕابردووش دەنگۆیەک بڵاو کرایەوە، کە دۆلاری ئەمەریکا زیاتر بەرز دەبێتەوە و هەر ١٠٠ دۆلاری بەرەو ١٦٠ هەزار دینار بەرز دەکرێتەوە، ئەوکاتیش خەڵک بە پێچەوانە ڕوویان لە کڕینی دۆلار کرد و دینارەکانیان فرۆشتەوە، دواجار دەرچوو بابەتەکە تەنیا دەنگۆیە و تەنیا نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو و هەندێک بازرگان سوودیان لە دەنگۆکە وەرگرت.