دیمانه: هێمن خه‌لیل
مامۆستا ئیدریس محه‌مه‌د ڕه‌زا ماسته‌رنامه‌كه‌ی من به ناونیشانی (وێنه‌ى شیعری له (دیوانی ته‌مه‌ن)ی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د)ی شاعیره، له كۆلێژی زمانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین گفتوگۆی نامه‌كه‌ى كرا،.
ئه‌م نامه‌یه له (7) حه‌وت به‌شی كورت و پوخت پێك هاتووه، به‌شی یه‌كه‌می نامه‌كه بریتییه له‌لایه‌نی تیۆری ده‌رباره‌ی وێنه و شیعر و تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌ته‌كانی ئه‌م دوو ڕه‌گه‌زه ئه‌ده‌بییه، به‌شی دووه‌م تا به‌شی حه‌وته‌م، باسى له وێنه‌كانی (لێكچواندن و خواستن و خوازه و دركه و وه‌سف و وێنههێماییهكان) كردوه، ئێستا مامۆستایه له قوتابخانه‌ى دڵدارى بنه‌ڕه‌تى تێكه‌ڵاو له شارى هه‌ولێر، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دیدارێكى ڕۆژنامه‌وانیمان له‌گه‌ڵیدا كرد..
*به‌دیدى ئێوه ئه‌ركه‌كانی وێنه‌ی شیعری چییه؟
- ئه‌ركی وێنه‌ی شیعری له هه‌موو شیعرێكدا پیشاندانی هه‌موو ئه‌و وێنه وه‌ستاو و جوڵاوانهیه، كه به‌كه‌می نه‌بێت خوێنه‌ری ئاسایی دركی پێ ناكات، به‌ڵام توێژه‌ر دێت و ئه‌م وێنه جوانانه به‌شێوازێكی ئه‌كادیمی وه‌ك وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی، یان وه‌ك كورتهفلیمێكی سینه‌مایی ده‌خاته پێش چاوی خوێنه‌ره‌كانی، هه‌ندێكجار خودی شاعیره‌كه‌ش ئه‌م دیمه‌نه جوانانه له ناو دێڕی شیعره‌كانی خۆیاندا د‌رك پێ ناكه‌ن، به‌ڵام توێژه‌ر دێت و به‌ها و جوانی شیعره‌كه به باڵای وێنه‌كانی ناو شیعره‌كه ده‌پێوێت، هه‌ندێكجاریش ئه‌ركی وێنه‌ی شیعرهییه كه لایه‌نه دزێو و ناپه‌سه‌نده‌كانی بۆ خوێنه‌ر و خودی شاعیر ڕوون بكاته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌شێك له شیعری هه‌ندێك له شاعیران‌دا هه‌یه.
*به‌ڕاى به‌ڕێزتان وێنه‌كانی دركه چییه له دیوانی (ته‌مه‌ن)دا ؟
- گوزارشتكردنه له شتێكی دیاریكراو به ده‌ربڕینێكی ناڕاسته‌وخۆ بۆ شتێكی نادیار، واته ده‌ربڕینی وشه‌یه‌ك یان ڕسته‌یه‌ك بۆ غه‌یری واتای خۆی، بۆ نموونه شاعیر ده‌ڵێت:
وشكه داری چه‌ماوه بووم ، بۆ ده‌ستی تۆ بووم به گۆچان
تـــــــا لهگهڵتـــا ڕێگه بكه‌م ، به دوورتكــــــهم له داچهمــــــــــان
ده‌ربڕینی دركاو بریتییه له: وشكهداری چه‌ماوه بووم
به‌ڵام واتای دركاو: زۆر گوێڕایه‌ڵ و ئاسانكار بوومه.
لێره‌دا (وشكهداری چه‌ماوه) وێنه‌ی دركهیه، به واتای (كه‌سێكی بێ‌نرخ و پشتگوێخراو)هاتووه، هه‌روه‌كو له كۆتایی نیوه دێڕی یه‌كه‌م ئاماژه‌ی بۆ كردووه، سیفه‌تی دیاریكراوی خۆی دركاندووه، كه گوێڕایه‌ڵ و به‌سۆز و نه‌رمونیان بووه له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی. - ده‌كرێ باسی جۆره‌كانی وه‌سف بكه‌ی له دیوانی (ته‌مه‌ن)دا ؟
- وه‌سف لق و جۆری گه‌لێك زۆره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له دیوانی ته‌مه‌ندا ئێمه شرۆڤه‌مان بۆ كردوه، بریتییه له وه‌سفی (ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ)، ئه‌و جۆرانه‌ش كه باسمانكردووه بریتین له:
1- وه‌سفی شوێن، كه لقه‌كانی بریتین له شوێنی (كراوه، داخراو، هۆگر، ناهۆگر)
2- وه‌سفی كه‌سایه‌تی، ئه‌مانیش بریتین له كه‌سایه‌تی (تایبه‌ت، گشتی، منداڵ، ئافره‌ت، پیاو)
3- وه‌سفی كات، كاتیش له دیوانه‌كه‌دا بریتین له (ته‌مه‌ن، وه‌رزه‌كان، شه‌و و رۆژ)
4- جگه له‌مانه‌ش وه‌سفی (پۆشاك و ئه‌ندامی جه‌سته و دارودره‌خت و هه‌سته‌وه‌ره‌كان) - به ڕاى ئێوه وه‌سفی كات چییه له دیوانی (ته‌مه‌ن)دا؟
- كات له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ته‌نیا له چیرۆك و ڕۆماندا كات به‌بایه‌خ نییه، به‌ڵكو له شیعریشدا كات پێگه و پایه‌ی خۆی هه‌یه، شیعریش وه‌ك ڕه‌گه‌زه‌كانی تری ئه‌ده‌ب، بایه‌خی به توخمی كات داوه، زۆر كه‌م شیعر ده‌بینین وه‌سفی كاتی تیادا نه‌بێت، ئێمه‌ش وه‌سفی ئه‌م كاتانه‌مان له دیوانه‌كه‌دا به‌دیار خستووه، بۆ نموونه شاعیر له وه‌سفی شه‌ودا چه‌ندین نموونه‌ی شیعری له دیوانه‌كه‌یدا هه‌یه، له دێڕێكدا باسی شه‌وێك له شه‌وانی ژیانی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت:
ئه‌مشه‌و ڕژایته ناخ و هه‌ستمه‌وه
فرمێسكی خۆشی كه‌وته ده‌ستمه‌وه
ئه‌ستێره هه‌ڵهات له شه‌وی تارم
به خه‌نده‌ی تۆ ڕۆی خه‌م و ئازارم
له‌و شه‌وه تایبه‌ته‌دا خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، وه‌ك چه‌م چۆن ده‌ڕژێته ناو ڕووباره‌وه، ئاوا ڕژاوه‌ته ناو ناخ و هه‌ستییه‌وه و له دڵ و ده‌روونیا میوان بووه، دواتر و له دێڕی سێیه‌مدا، خۆشحاڵی خۆی ده‌رده‌بڕێت به هه‌ڵهاتنی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی، شه‌وه تاریك و ئه‌نگوسته چاوه‌كانی بۆ ڕوناك كردۆته‌وه، وه‌سفێكی جوانی به كاتی شه‌و كردووه و وێنه‌یه‌كی شیعری ناوازه‌ی پێ دروست كردووه.
- ئه‌گه‌ر ئێوه خوێندنه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن بۆ هه‌ندێك له وێنه هێماییه‌كانی نێو دیوانی (ته‌مه‌ن)؟
- زمانی شیعری له دیوانی شاعیران‌دا هه‌ڵگری زیاتر له واتایه‌كه، كاتێك باسی زیندان كراوه، ئیتر زانراوه به واتاكانی (ئه‌شكه‌نجه، هه‌ڵواسین، قامچی، كه‌له‌مچه، …. تاد) هاتووه، ئه‌م زمانه‌ش له لای شاعیرانی كلاسیك و نوێ و هاوچه‌رخ جیاوازه، هه‌روه‌ك چۆن جیاوازن له بیروباوه‌ڕ و شێوازی ده‌ربڕین و دروستكردنی وێنه‌ی شیعری، له دیوانی ته‌مه‌نی ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دی شاعیریشدا، كێڵگه‌یه‌كی واتایی فراوان هه‌یه، به چه‌ند نموونه‌یه‌كی شیعری زیاتر ئه‌م شێوه‌یه‌ی وێنه هێماییه‌كان ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه.
شاعیر له دێڕێكدا ده‌ڵێت:
ئاهـ و ئاواتم هه‌ر تۆ بووی .. گوڵم بۆچی نامدوێنی
سه‌فای خۆشبه‌ختیم نه‌ما، گه‌ر تۆ خه‌نده‌م بۆ بێنی
(ئاهـ و ئاواتم) به واتای (خۆزگه و ئاواتم) هاتووه، لێره‌دا وشه‌ی خۆزگه هێمایه‌كه ده‌چێته سه‌ر فریزی كێڵگه واتاییه‌كانی (ئاهـ ، حه‌سره‌ت، هیوا، بریا، غه‌م … تاد)، هه‌روه‌ها وشه‌ی (گوڵم) هێمایه بۆ واتای خۆشه‌ویستم ، ئازیزم، گیانه‌كه‌م و ….تاد دێت، له كۆتایی نیوه دێڕه‌ی یه‌كه‌مدا، وشه‌ی (نامدوێنی)، له كێڵگه‌ی وشه‌كانی (تووڕه‌ی، دڵم شكاندووی، دڵیان گۆڕیوی، قسه‌م له‌گه‌ڵ ناكه‌یت، لێم زویر بوویت، دووشكی لێم… تاد) هاتووه، نیوه‌دێڕی دووه‌میش به هه‌مان شێوه‌ی نیوه دێڕی یه‌كه‌م له كێڵگه‌ی هێما واتاییه‌كان به‌ده‌ر نییه، به‌كارهێنانی هێما واتاییهكانیش له شیعردا، ده‌رخستنی وێنه‌ی شیعری واتادار و به‌نرخه.
ئه‌مشه‌و دڵم ئه‌ناڵێنێ له ئارانی ههوارێكا
كۆترێكه و هه‌ڵكوڕماوه له قه‌دپاڵی نسارێكا
(ئه‌ناڵێنێ، ناڵاندن) هێمایه بۆ واتای (گریانی به‌كوڵ، هاواركردن له‌تاو خه‌می زۆر، خه‌مبارییه‌كی گه‌وره، تاد)، دڵ توانستی ناڵاندنی نییه، ئه‌مه خواستنی دركاوه، كه دڵ وه‌كو مرۆڤێكی خه‌مبار له‌تاو ئەو کۆڵە خه‌مه‌ی وه‌كو مرڤێك ده‌ناڵێنێت، شاعیر وه‌ك كه‌سێكی خهمههڵگر، وه‌ك كه‌سێكی دڵسۆز و خاوه‌ن ئینتیما بۆ وڵاته‌كه‌ی، دڵی خۆی چواندووه به باڵنده‌یه‌كی ههڵكوڕماو له سێبه‌ری چیایه‌كدا، وه‌كو كۆترێك دڵی خۆی به خوێنه‌ره‌كانی ده‌ناسێنێت، لێره‌دا شاعیر به زمانێكی شیعری به‌رز و پڕ هێما، وێنه و تابلۆی شیعری نه‌خشاندووه، به‌مه‌ش وێنه‌ی شیعری به هێمابۆكردن درووست بووه. هه‌ندێك وشه هه‌ن، له هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندیی واتایی لێک نزیك و هاوبه‌شن، ئه‌گه‌ر وه‌ك یه‌كتربن هاوواتایی درووست ده‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك یه‌ك نین، ئه‌م سیما واتاییانه له هه‌موو شتێك هاوبه‌ش نین، له زۆر وشه‌ی ئاخاوتنی ڕۆژانه‌دا هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، بۆ نموونه: وشه‌ی ژن له‌گه‌ڵ كچ له هه‌ندێك سیمادا جیاوازن و له هه‌ندیكیش هاوبه‌شن:
ژن: مرۆڤ + هه‌راش + مێ
كچ: مرۆڤ + هه‌راش + مێ
جیاوازییه‌كه‌یان له‌وه‌دایه، كه ده‌كرێت ژن منداڵی هه‌بێت و شووی كردبێ، به‌ڵام كچ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی نه‌بێت، ده‌كرێ هه‌ندێك جار ته‌مه‌نیش ڕوویه‌كی تری ئه‌م جیاوازییه بێت.
به‌ڵام نموونه‌ی ترمان هه‌یه له هه‌موو سیماكاندا هاوبه‌شن و جیاواز نین، بۆ نموونه:
ئه‌سرین: له چاو دێته ده‌ر + شلی + سوێر + بێڕه‌نگ
ئه‌شك: له چاو دێته ده‌ر + شلی + سوێر + بێڕه‌نگ
ئه‌سرین و ئه‌شك له زمانی شیعریدا به واتای فرمێسك هاتووه، هه‌موو سیماكانیان وه‌ك یه‌كه و جیاواز نین.
له شیعردا ئه‌م سیما هاوبه‌ش و جیاوازانه به كۆمه‌ڵێك وشه‌ی جیاواز كۆ ده‌بنه‌وه، به كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌م سیما لێكچوو و جیاوازنه‌ش له ده‌قی شیعریدا، سیما واتاییه‌كان دروست ده‌بێت، بۆ نموونه شاعیر ده‌ڵێ:
ئه‌ی ته‌مه‌نی پڕ ئه‌سرینم ئه‌ڕۆی ئاوڕ ناده‌یته‌وه
له‌گه‌ڵ هه‌موو ههنگاوێتا له عومری من ئه‌سڕیته‌وه
لێره‌دا ئه‌سرین هه‌مان تایبه‌تمه‌ندیی فرمێسك، یان ئه‌شكی هه‌یه، كه ئه‌وانیش بریتین له (شلی و سوێری و دهرهاتنیان له‌چاو)، به وشه‌ی ئه‌سرین گوزارشت له ته‌مه‌نی خۆی ده‌كات، ئاماژه ده‌كات به‌وه‌ی ته‌مه‌نی به‌رده‌وام له هه‌ڵكشاندایه، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵكشانه به ته‌ریبی له‌گه‌ڵ ڕشتنی فرمێسك ده‌ڕوات، فرمێسكیش هاوسیمای ئه‌سرینه، شاعیر ده‌یه‌وێ پێمان بڵێ: ئه‌و ژیانه‌ی من له‌سه‌ره‌تاوه تا ئێستا و به‌رده‌وامیش، هه‌ر بریتی بووه له ناخۆشی و دڵته‌نگی و خه‌م و په‌ژاره، گریان و ڕشتنی فرمێسك میوانی هه‌میشه‌یی ژیانی من بووه، به پیشاندانی ئه‌م وێنانه‌ش سیما واتاییه‌كان له وێنه‌یه‌كی شیعریدا دروست بووه.
- دوا وته‌ت چییه؟
- هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم؛ هیوادارم زمان و ئه‌ده‌بی كوردیمان له لووتكه‌ی ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی وڵاتاندا ببینم، سپاس بۆ به‌ڕێزتان.