باكووری كوردستان بە سكی برسییەوە دەچنە قوتابخانە

كارزان گلی – هه‌ولێر

رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەردەوام هانی هاووڵاتیانی توركیا دەدات، كە خێزان پێویستە چوار منداڵ بخاتەوە، بەڵام ئەو خێزانانەی یەك بۆ دوو منداڵیان هەیە، منداڵەكانیان برسین، ئەگەر چوار منداڵ بخەنەوە چۆن بتوانن فریای تێركردنیان بكەون. لە توركیا و باكووری كوردستان، بەهۆی گرانی نرخی خۆراك، منداڵان لە قوتابخانەكاندا سكیان برسییە و وەكو پێویست نان ناخۆن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، لە هەر چوار منداڵێك لە توركیا، یەكیان برسییە و ئەوانی تریش وەكو پێویست نان ناخۆن، هۆكارەكەشی گرانی نرخی خۆراكە، كە وای كردووە دایك و باوك ئەو توانایەیان نەبێت منداڵەكانیان بەسكی تێرەوە بنێرنە قوتابخانە، یان ئەو پارەیەیان بدەنێ كە بتوانن لە قوتابخانە خۆیان تێر بكەن.
دادە پنار، خاوەنی دوو منداڵە، قسەی بۆ ئاژانسی (بی بی سی) توركی كردووە و دەڵێت: ”هاوسەرەكەم ماوەی چوار مانگ دەبێت بێكارە، نازانم چۆن منداڵەكانم تێر و پۆشتە بنێرمە قوتابخانە. لە ماڵەوە سەموون دەهێنم و سجووق دەكڕم و زۆر بە بچووكی دەیبڕم و دەیخەمە توێی سەموونەكەوە تا بتوانم هەردوو منداڵەكەم تێر بكەم، ئەمە ژیانی ئێمەیە“.
توركیا ٢٥ملیۆن منداڵ لێ هەیە كە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵانەوەیە، لە هەر سێ منداڵێكیش یەكێكیان وەكو پێویست تێر ناكرێت و لە هەر چوار منداڵێكیش یەكێكیان سكی برسییە؛ شارەزایانی بواری منداڵ پێیان وایە، منداڵ بۆ ئەوەی مێشكی كار بكات و بتوانێت شتی تازە فێر بێت و گەشە بكات، دەبێت خواردنی باش بخوات، كە ئەمە لە توركیا نەماوە.
ساڵی پار، هەر منداڵێك بە رۆژانەی ١٥ لیرە دەیتوانی لە قوتابخانە سكی خۆی تێر بكات، بەڵام بۆ ئەمساڵ ٣٠ لیرەش بەش ناكات، تەنانەت لەبەر گرانی و بێكاری باوك و دایكیان، وەكو پێویست ئاویش ناكڕن و یەك ماستاویش بووەتە هەشت لیرە.
ئەلیف تورگۆن، راوێژكاری بواری ئافرەتان، لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەریخستووە، منداڵێك بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی تەندروست گەشە بكات و خۆراك بخوات، مانگانە پێویستی بە ١٥٠٠ لیرەیە؛ جا دەڵێت ئەگەر كەمترین مووچە لە توركیا ٥٠٠٠ لیرە بێت، ئایا خێزانێك دەتوانێت ئەو پارەیە بۆ یەك منداڵ تەرخان بكات؟ وەڵامەكەی نەخێرە.
ئەگەر سەیری جانتای ئەو قوتابیانە بكەیت، كە دایكیان لە ماڵەوە خۆراكیان بۆ ئامادە دەكات و دەڵێت لە قوتابخانە بیخۆن، گریانت بۆیان دێت، چونكە بەشێكی زۆری خۆراكی منداڵەكان تەنیا نیو سەموون و كەمێك پەنیرە، بەشێكیش پاشخوان و بەرماوەی خواردنەكانە و بەشێكیشی دایكیان هیچ خۆراكێكی بۆیان ئامادە نەكردووە.
لە راپۆرتێكی رێكخراوی پەروەردەی خێزانی لە توركیا ساڵی ٢٠٢١دا هاتووە، منداڵانی توركیا لەبەر ئەوەی سكیان وەكو پێویست تیر نییە، نەخۆش کەوتوونە.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، لە هەر چوار منداڵ، یەكیان كێشی زۆر هاتووەتە خوارەوە، هەروەها لە هەر چوار منداڵ، سێانیان كەمخوێن کەوتوونە.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە و ئەلیف باسی دەكات، لە توركیا و باكووری كوردستان، بەهۆی ئەو گرانییەی وڵاتی گرتووەتەوە و هاووڵاتی ناتوانێت بژێوی ژیانی دابین بكات، ناچارن منداڵەكانیان لە قوتابخانە بهێننە دەرەوە؛ تاوەكو ئێستا ملیۆنێک و ٥٠٠هەزار منداڵی كچ لە خوێندن دابڕاون، هۆكارەكەشی ئەوەیە، ناتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن، یاخود خەرجی قوتابخانە پێ دابین ناکرێ.
پارتە سیاسییەكانی توركیا، بابەتی برسیەتیی قوتابیگەلیان لە قوتابخانە بەهەند وەرنەگرتووە و كاریان بۆ چارەسەركردنی نەكردووە، تەنیا چەند رێكخراوێكی سەر منداڵپارێزی، چەند خۆپیشاندانێكیان کردووە و داوا دەكەن، لە قوتابخانە یەك ژەمە خۆراك بە خۆڕایی بدرێتە قوتابی.

ھەواڵی زیاتر