ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “گوتاری هەواڵ لە رۆژنامەگەری کوردییدا”

هەموو سەردەمێک هەڵگری کۆمەڵێک بەهای نوێ و گۆڕانکاریی نوێیە، زۆرجاریش بۆ تێگەیشتن لەم گۆڕان و بەها نوێیانە پێویستمان بە توێژینەوە و هەڵوەستە لەسەرکردنیانە. پێشکەوتنە میدیاییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا هێندە خێران کە زۆرجار دەرفەتی ئەو هەڵوەستەکردنەیان بە توێژەران و پسۆڕانی ئەو بوارە نەداوە کە بە وردی لێی بکۆڵنەوە. هاوکات زۆری ژمارەی کەناڵە میدیاییەکان و بوونی بێسەرەوبەرەیی وایکردووە دیاریکردنی پێگەیان زۆر سەخت بێت. بۆیە بوونی هەر توێژینەوەیەک لەم بوارەدا سەرەتا توێژەر ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆر دەبێتەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە واز لە توێژینەوە بهێنرێت.

گوتاری هەواڵ لە رۆژنامەگەری کوردیدا، ناونیشانی توێژینەوەیەکی مامۆستا “غازی حەسەن”ـە، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە لە دوتوێی 129 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
توێژەر لە پێشەکی کتێبەکەدا دەخاتەڕوو کە لە لێکۆڵینەوەکەیدا بنەمایەکی گونجاو بۆ کارکردن لەمبارەی گوتاری هەواڵ لە ڕۆژنامەی کوردیدا دابڕێژێت، کە ببێتە مایەی ئاسانکاری بۆ توێژینەوەی زمانەوانی‌ و هەروەها کاری داڕشتن ‌و بەرهەمهێنانی هەواڵ لەڕووی زمانەوانی ‌و چۆنیەتی پەیوەندیکردن ‌و گەیاندن‌ و بڵاوکردنەوەی زانیاری بەشێوەیەک، کە بەرپرسیاریەتی تێدا بەرجەستە بکرێت.
دواتریش دەڵێت: “هەر قسەیەک‌ و گوتنێک، یان دەربڕێنێک (نووسین بێت، یان گوتراو) کردەیەک ڕادەپەڕێنێت، هەندێک لەو کردە قسەیانە، کارێک بەدی دەهێنن. بۆیە ئەرکی نووسینی ڕۆژنامەنووسی‌ و پیشەی ڕۆژنامەنووسانە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ بەکارهێنانی زما‌ن ‌و چۆنیەتی بەدیهێنانی گوتار بکەن، کە لەبنەڕەتدا ڕاپەڕاندنی کارێکە، لەڕێگەی بەکارهێنانی زمان‌و پرۆسەی پەیوەندیکردن بەو وەرگرانەی ناوی دەنێین (گوێگر، خوێنەر، بینەر).”

“توێژینەوەکە ئەگەرچی لە ڕووی ژمارەی لاپەڕەوە کەمە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یەکێکە لە توێژینەوە سەنگین و گرنگەکان و توێژەر توانیویەتی بە وردی لەسەر پەیوەندی نێوان “نێرەر/نووسەر” و “وەرگیر” بکات”
توێژینەوەکە ئەگەرچی لە ڕووی ژمارەی لاپەڕەوە کەمە، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە یەکێکە لە توێژینەوە سەنگین و گرنگەکان و توێژەر توانیویەتی بە وردی لەسەر پەیوەندی نێوان “نێرەر/نووسەر” و “وەرگیر” بکات و باس لە چۆنێتی گەیاندنی گوتار و ڕێگەکانی و هاوکات ڕێگە کاریگەرەکانی بکات. توێژینەوەکە بەسەر دوو بەشدا دابەش کراوە بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ “پێناسەی گوتاری ڕۆژنامە” لەوێدا نووسەر بە وردی و بە شێوەیەکی تیۆری باس لە گرنگی و بایەخ و ئامانجی گوتار لە رۆژنامەدا کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە گوتاری ڕۆژنامە تەنها گوتارێکی هەواڵی نییە، بەڵکو لە زۆر بواری دیکەدا ڕەنگدانەوەی ئەو گوتارە دەبینرێتەوە وەکو “دیداری رۆژنامەوانی، ڕاپۆرت، وتار”. هەر لە بەشی تیۆری توێژینەوەکەدا ئاماژە بە چەند خاڵێکی “شیل لین” کردوو سەبارەت بە گوتاری سەرکەوتوو خستوویەتییەڕوو کە ئەمانەن:
-ڕاگەیاندنی پەیامەکە
-بڕواهێنان
-بەدەستهێنانی متمانە
-گواستنەوەی بۆچوونە ستراتیژییەکە بۆ جەماوەر.
هەرچی بەشی دووەمی توێژینەوەکەیە تەرخان کراوە بۆ شیکردنەوەی گوتاری هەواڵ لە رۆژنامەکاندا. بێگومان توێژەر لەم بەشەدا بە شێوەیەکی پراکتیکی خۆی تەرخانکردووە شیکردنەوەی ئامانجەکانی گوتاریی هەواڵ و جۆرەکانی، کە لێرەدا توێژینەوەکە دەگاتە کرۆکی خۆی و چەندین نموونەی لە جۆرەکانی گەیاندنی گوتاری هەواڵ بە “وەرگر” خستوەتەڕوو. بێگومان ناتوانین لەم ڕانانە کورتەدا نموونە بخەینەڕوو، چونکە خۆشبەختانە نموونەکان ئەوەندە زۆرن کە لەم وتارە کورتەدا ناتوانرێت هەقی تەواوەتی پێ بدرێت. بەڵام دەتوانم بڵێم بوونی ئەم جۆرە توێژینەوەیە نزیکمان دەکاتەوە لەوەی هەم لە گوتاری هەواڵ تێبگەین و هەم پێگەی رۆژنامەوانی کوردی بزانین لە ڕووی گوتاری هەواڵییەوە. دەستخۆشی بۆ توێژەر کە بە توێژینەوەیەکی سەرنجڕاکێش بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی دونیای رۆژنامەوانی کوردیدا دەکات.

ھەواڵی زیاتر