هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

هونەرمەند ئاریان كەریم: هەندێک بە ناو گۆرانیبێژ دەستیان بەسەر سپۆنسەری كۆمپانیاكاندا گرتووە!

هونەرمەند ئاریان كەریم رایدەگەیەنێت، حەزی بۆ بەرهەمی خاوە وەك لە بەرهەمی خێرا، هەروەها رەخنە لە هەندێك هونەرمەندیش دەگرێت كە دەستیان بەسەر سپۆنسەری كۆمپانیاكاندا گرتووە.

هونەرمەند ئاریان كەریم ساڵانێكی زۆرە لە بواری هونەری كوردیدا بەرهەمی هونەری هەیە و خاوەنی گوێگری تایبەتە، ئاریان كەریم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی (هەولێر)ی رایگەیاند هەشت بەرهەمی نوێی كردووە لەوەش سێانیانی بڵاو كردۆتەوە و پێنجیان ماون، ئێستا كاری وێنەگرتنی بۆ دوو بەرهەمی دیكەیان كردووە، كەمێك گۆڕانكاریی لە شێوازی موزیك و ئاوازەكان كردووە، لەو رووەیشەوە سوپاسی د. زانا ئەحمەد قادر دەكات زۆر لەگەڵیدا ماندوو بووە بۆ ئاواز و تێكست.
ستایڵی كاری هونەریی ئاریان كەریم زیاتر بەرهەمی خاون، وەك خۆیشی ئاماژەی پێكرد، ئەو ستایڵە زیاتر حەزی تایبەتی خۆیەتی بۆ گۆرانی خاو، چونكە دەتوانێت بە باشی ئەدا بكات.
گۆرانیی (هەتا دەمرم) كە لە ساڵانی رابردوودا بڵاو كرایەوە بە یەكێك لە گۆرانییە تایبەتەكانی ئەم هونەرمەندە دادەنرێت، ئاریان باسی لەوە كرد كە خۆیشی شانازی بەو بەرهەمەیەوە دەكات و سەركەوتنی بەرهەمەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە شێوازی بڵاوكردنەوەی زۆر باشبووە، چونكە كاتێك بڵاوی كردۆتەوە وەك ئێستا گۆرانیبێژ زۆرو بۆر نەبوون و كەناڵەكانیش زۆر و بۆر نەبوون.
ئەو هونەرمەندە چەند بەرهەمێكی لەگەڵ هونەرمەندان بڵاوكردۆتەوە ئەوانیش لەگەڵ هونەرمەندان (ناسری رەزازی بۆ ئاڵای كوردستان، لەگەڵ ئاڤان عوسمان گۆرانی بۆ (سلێمانی)، لەگەڵ رێناس وریا گۆرانی بۆ هەڵەبجە، لەگەڵ هونەرمەند مەریوان سەفائەدین)یش، بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت زیاتر بەرهەمەكانی لەگەڵ مەریوان سەفائەدین دەنگدانەوەیان هەبوو، لەو رووەوە وتی “زۆربەی بەرهەمە هاوبەشەكانم بۆ بۆنەكانن، بەڵام گۆرانییەكان لەگەڵ هونەرمەند مەریوان سەفائەدین گۆرانی ئاسایین و بۆ هەموو كاتەكانە كە رەنگە دەنگدانەوەی زیاتریان هەبووبێت”.
ئەو كارە هونەرییانەی ئەم هونەرمەندە كردوویەتی بێ سپۆنسەر بووە و تائێستاش لەسەر ئەستۆی خۆی بووە، ئاریان دەڵێت “ئەو بەرهەمانە هەمووی لەئەستۆی خۆمە و لە دەمی ماڵ و منداڵی خۆمی دەگرمەوە لەبەرئەوەی حەزم لە كاری هونەرییە، ئەوەش زیاتر منداڵەكانم لێی زەرەرن، بەڵام لە حەزی ئەوانم گرتۆتەوە بۆ حەزی خۆم كە ئەوەش رەنگە غەدر بێت لە ئەوانی دەكەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خێزانم هاوكارمە بۆ پەرەدان بەو حەزە”.
هەرچەندە ئەم هونەرمەندە توانای هەیە كاری ئاواز و تێكست بۆ خۆی بكات، بەڵام وەك خۆی باسیكرد “حەز ناكەم دەست بۆ تێكست ببەم، چونكە رەنگە ئەوەی لە مێشكمدا بێت نەتوانم بیخەمە سەر كاغەز، بەڵام بۆ ئاواز دەتوانم بڵێم زۆربەی كارەكانم جێ پەنجەی خۆمیان پێوە دیارە، ئەگەر لە خۆشم باشتر ئاوازدانەر هەبێت باشترە”.
ئەوەی ئێستا لە دۆخی هونەر بەدی دەكرێت حكوومەتی هەرێم بە هۆی قەیرانی داراییەوە ساڵانێكی زۆرە بودجەی بۆ كاری هونەری راگرتووە و كۆمپانیاكان سپۆنسەری بەرهەمەكان دەكەن، ئاریان كەریم رەخنە لە هەندێك هونەرمەند دەگرێت كە دەستیان بەسەر سپۆنسەری كۆمپانیاكاندا گرتووە و وتی “زۆر بەداخەوە زۆر ناهونەرمەند دەستیان بەسەر كۆمپانیاكاندا گرتووە ئەوەش بەهۆی پەیوەندییە تایبەتییەكانەوە كە لە زۆربەی كەناڵەكان دەردەكەون و وایكردووە زۆرترینیان بینەریان هەبێت ئەوەش وایكردووە سپۆنسەرەكانیش بۆ ئەوانەن كە زۆرترین كات لۆگۆیان دەربكەوێت، لەو لاشەوە بیر لە هونەری رەسەن ناكرێتەوە”.