لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی پارتی دوو ڕاپۆرتی ڕادەستی سەرۆک بارزانی دەکات

لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرە دوو راپۆرتی لەبارەی کۆنگرەی 14ی پارتییەوە رادەستی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و بڕیارە لە 1 بۆ 4ی مانگی داهاتوو کۆنگرەی پارتی ببەسترێت. بڕیاریشە رۆژی دووشەممە، 24ی ئۆکتۆبەری 2022، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، ئەنجوومەنی ئێستای سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوایین کۆبوونەوەی خۆی بکات.

رۆژی یەکشەممە 23-10-2022 خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی وادەی بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، “سبەی دووشەممە دوایین کۆبوونەوەی ئەم خوولەی سەرکردایەتی بە سەرپەرشتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکرێت و ژمارەیەک پرس باسدەکرێن.”

بەپێی زانیارییەکانی 22-10-2022 لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی-یان کرد و هەردوو راپۆرتی هەڵبژاردنی نوێنەرانی کۆنگرە و کارگێڕییان رادەست کردووە، وەکو ئاماژەیەک بۆ نزیکبوونەوەی وادەی کۆنگرە، جگە لە تەواوبوونی هەڵبژاردنی نوێنەران، سەرجەم ئەو سکاڵایانەشی لەسەر کۆنگرە هەبوون یەکلایی کراونەتەوە، بڕیارە 900 نوێنەر بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکەن.

هەروەها هەموو ئامادەکارییەکی کارگێڕی و ئەمنی و تەندروستی بۆ دەستپێکردنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە بڕیارە لە دهۆک ببەسترێت، تەواو کراون.

لە رۆژی 27ی ئابەوە هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی بۆ کۆنگرەی 14ی حیزبەکە دەستیپێکردووە؛ ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی ئۆرگانەکانی پارتییەوە هەڵبژێردران. هەڵبژاردنەکە نزیکەی مانگ و نیوێکی خایاند و لە 163 بازنەدا ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران. ئەندامانی کۆنگرە دابەشی سەر پێنج پارێزگا کراون؛ 25%ی ئەندامانی کۆنگرەش لە رەگەزی مێ دەبن.

نزیکەی 12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەکردووە، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆناوە کۆنگرەی 14 دواکەوت.

ھەواڵی زیاتر