چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان:بەردەوام مەترسی لەسەر هەرێم هەیە بەتایبەت لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردسان، لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” وەرگرتنی پۆستی حكوومی لە پێكهێنانی لەدەوڵەتی نوێی عێراقدا زۆر گرنكە بۆ كورد، ئەوەش دەڵێت:” هەرێم بەشێك بێت لەبەغدا دەبێت بەشێكێش لە پۆستەكان لە عێراق وەربگرێت كە مافی خەڵكی كوردستانە”.

  • وەك پارتی سەوزی كوردستان دەتانەوێت چی بكەن؟
  • ئێمە كاری سیاسی و ژینگەیی پێكەوە دەكەین، وەكو حزبە سەوزە كانی ئەوروپا كە ئێستا لە زۆر وڵات حكومڕانی دەكەن، پارتی سەوزی كوردستانیش كار دەكات بۆ ئەوەی حكومڕانی وڵات بگرێتە دەست. لە ژینگەیەكی لەبار و تەندروست. بە دەستەبەركردنی ژینگەیەكی سیاسی تەندروست بۆ هاووڵاتیان.
  • كاروچالاكی پارتەكەتان تەنیا هەرێمی كوردستانە یان دەرەوەی هەرێمیش دەگرێتەوە؟
  • پارتی سەوز لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان و عێراق كاروچالاكی هەیە و لە دەرەوەی كوردستانیش لەزۆربەی وڵاتانی ئەورپا نوێنەرایەتی هەیە .
  • تا ئێستا چیتان كردووە بۆ ژینگەی كوردستان؟
  • بە سەدان كارمان كردووە لەسەر پاراستنی ژینگەی كوردستان، بۆنمونە چوار كۆنفراسی ژینگەییمان كردووە بەدەیان سەرمایەدار و هاووڵاتیان كە تاوانیان بەرامبەر بە ژینگە كردووە ڕووبەڕووی دادگا مان كردوونەتەوە لە هەولێر و سلێمانی و شوێنەكانی تر، هاووڵاتیانمان لە مەترسی پیس بوونی ژینگە ئاگادار كردۆتەوە بەدەیان كۆڕ و سیمیناری ژینگەییمان ئەنجام داوە لە ناو قوتابخانەكان و باخچەی ساوایان و دام و دەزگا حكوومی و حزبیەكان. دەیان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیمان كردووە لەسەر پرسەكانی ژینگە.
  • وەك پارتی سە‌وزی كوردستان چۆن دەڕواننە وەرگرتنی ئەو پۆستانەی لەبەغدا دەدرێت بەكورد؟
  • وەرگرتنی پۆست لە حكوومەتی ناوەندی بۆ كورد گرنگی خۆی هەیە واتە كە ئێمە هەرێمەكەمان سەربە حكوومەتی عێراق بێت تەندروستە كورد ڕۆڵی خۆی هەبێت و پۆستی پێ بدرێت لە تەشكیلی حكوومەت ئەوە مافێكی هاوڵاتیانی كوردستانە.
  • لە دوای هەڵبژاردنی سەرکۆمار و سەرۆك وەزیران لەعێراقدا دۆخی سیاسی باشتر دەبێت؟
  • عێراق بە وەزعێكی مەترسیداری سیاسیدا دەڕوات ئێمە پێمان وایە گۆڕانكاریەكان زۆر قورسە بۆ عێراقیەكان هەڵبژاردنی سەرکۆمار و سەرۆك وەزیران هیچ گۆڕانكاریەك لە پرۆسەی سیاسی عێراق ناگۆڕێ.
  • وەك پارتی سەوزی كوردستان تا چەند ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی عێراق بەڕەوا دەزانیت كە دەڵێت دەبێت نەوتی هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكرێت؟
  • بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێكی شۆڤێنیانەیە هیچ ڕەوانیە كە داوای ڕادەست كردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات. مافەکانی هەرێمی كوردستان لە دەستوری عێراق فیدڕاڵ چەسپیوە هەربەپێی ئەو دەستورە هەرێم بۆی هەیە نەوتی هەبێت و هێزی سەربەخۆی هەبێت.
    ‏‎
  • چەندە گرنگە كورد یەك دەنگ بێت بەرامبەر ئەو فشار و هەڕەشانەی لەبەغداوە لێیدەكرێت ؟
  • لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كورد و هێزە سیاسیەكانی كوردستان یەك دەنگ و یەكگرتووبن، ئێمە هەمیشە داوامان لە حزبەكانی دەستەڵات كردووە دەبێت بەرامبەر بە فشار و هەڕەشەكانی بەغدا و ناوچەكە یەك دەنگ بن .
  • لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق فشارەكان چۆن دەبن لەسەر هەرێمی كوردستان زیاد یان كەم دەبنەوە ؟
  • عێراق ئەو هێز و توانایەی نەماوە كە فشارەكانی بۆ سەر هەرێم زیاد بكات، یان هەڕەشەی هێز بكات، ئێستا عێراق دەیان كێشەی ناوخۆیی هەیە.
    ‏‎
  • بەبڕوای ئێوە مەترسی هەیە لەسەر قەوارەی هەرێم ؟
  • هەمیشە مەترسی لە سەر هەرێمی كوردستان هەیە نەوەكو هەر لە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دروسێكانیشمان مەترسین.