وەزیری کارەبا: بۆ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان چاوەرێی نەوتی بەغدا دەکەین

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان دەڵێت، 1.261 تریلیۆن دینار قەرزیان لای پێنج جۆر لە هاوبەشانی کارەبایە و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر بەڕێوەبەرایەتییەک سیاسەتێک بۆ خۆی دادەڕێژێت بۆ چۆنێتی وەرگرتنەوەی ئەو قەرزەی لای هاوبەشانە. سەبارەت بە رەوشی کارەباش بۆ مانگی 11، وەزیری کارەبا گوتی، “پێدانی کاژێرەکانی کارەبا باشتر دەبێت.” دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان چاوەڕێن نەوت لە بەغداوە بنێردرێت.

رۆژی یەکشەممە 23-10-2022 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کە هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانە بە وەکالەت، بە مەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و گرفتەکانی ئیدارەکە لە بواری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ راگەیاند، کە لە 11-09-2022 ئەو بڕیارە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسند کراوە.

کەمال محەممەد گوتی، پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەوت و کانزاکانی لە ئیدارەی سەربەخۆ کردووەتەوە و “تەنیا ئەوە ماوە بەڕێوەبەرێکی گشتی بۆ دەستنیشان بکرێت.”

سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت گوتی، “لە 20ی مانگەوە دەستمان بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ ناوچە شاخاوییەکان کردووە. خەڵکی ئەو ناوچەیە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 320 هەزار خێزانن و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 خێزان لە ئیدارەی زاخۆ لێی سوودمەند بوون. ئومێدەوارین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو پرۆسەیە کۆتایی بێت.”

سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەکانیش، کەمال محەممەد ئەوەی خستەڕوو، دابەشکردنی نەوتی سپی هەموو گەڕەکەکان لە سەنتەری شار و دەوروبەری و ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، “بەڵام بۆ قۆناخی یەکەم لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستمان پێکردووە؛ بۆ سەنتەری شارەکانیش چاوەڕێی ئەو نەوتەین کە لە بەغداوە بۆمان دێت.”

ھەواڵی زیاتر