پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

کێبڕکێی لایەنەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکان دەستپێدەکات

دوای راسپاردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، گفتوگۆی لایەنەکان بۆ رێککەوتن لەسەر پۆستە وەزارەییەکان دەستیپێکردووە، بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لایەنەکانی عێراق لەسەر چەند پۆستێکی وەزاریی و پلەی تایبەت ناکۆکن.

سەرکردەیەکی هاوپەیمانی فەتح ئاشکرای دەکات، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کێبڕكێیانە لەسەر مامەڵەکردن بە پۆستە وەزاری و پلە تایبەتەکان.

مەحموود حەیانی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح بۆ میدیا عێراقییەکانی ئاشکرایکردووە “کێبڕکێ و ململانێی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستە وەزاریی و پلە تایبەتەکان زیادیکردووە و کار گەیشتووەتە ئەوەی بەشێک لە پۆستەکان مامەڵەی بازرگانیان پێوە بکرێت، لە نێویاندا پۆستی وەزارەتی بەرگری عێراق، کە پشکی سوننەکانە گەیشتووەتە 75 ملیۆن دۆلار”.

حەیانی دەڵێت: “نرخی پۆستە وەزارییەکان بەگوێرەی گرنگی و سەنگی لە پێکهاتەی حکومەتدا دەگۆڕێت، بەشێک لە وەزارەتەکانیش بە زیاتر لە کەسێک فرۆشراون”.

ئەمەش لە کاتێکدا لەنێوان هێزە شیعەکانیش کێشە و ململانێ لەسەر دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکانی حکومەتی داهاتووی عێراق هەیە.

لە رۆژی 19ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایکرد، شەممە 22ـی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکەی سوودانی بدات، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکان کۆبوونەوەکە نەکرا، دەگوترێت کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دواخراوە.

لە 13/10/2022، دوای هەڵبژاردنی له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێنجه‌مین سه‌رۆككۆماری عێراق له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، دوای كۆتاییهاتنی رێوڕەسمی سوێندخواردنی سه‌رۆككۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق راسپێردرا.

رۆژی (10ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2021)، هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌نجامدرا و تاوه‌كو ئێستا لایه‌نه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوونه‌بوو له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.