پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە دوایین کاتی داخستنی بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە. هۆکاری بەرزبوونەوەکەش پێشبینی بازاڕەکانە بۆ بەرزبوونەوەی خواستی چین بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو و دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە.

نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور بە رێژەی 1.21٪ بەرزبووە و بە 93 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هەروەها نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 54 سەنت بەرزبووەوە و بە 85 دۆلار و 5 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

بڕیاری بەرهەمهێنەرانی نەوت بۆ کەمکردنەوەی رۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل کە لە مانگی داهاتووەوە دەستپێدەکات یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە.

حکومەتی چین رایگەیاندووە ماوەی کەرەنتین بۆ ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن کەمدەکاتەوە، ئەمەش هیوایەکی خستووەتە ناو دڵی بازرگانانی نەوت بەوەی کە خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لە چین بەرزبێتەوە، دوای ئەوەی ئەو وڵاتە رێوشوێنەکانی دژی شەپۆلی نوێی کۆرۆنای بۆ گەشتیاران ئاسان کردووە.

دابەزینی بەهای دۆلار هەروەها بەرامبەر بە دراوەکانی دیکەی جیهان، هۆکارێکی دیکە بووە کە بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ 1654 دۆلار بەرزبووەوە 

نرخی زێڕ لە کاتی داخستنی بازاڕەکانی جیهاندا ئەم هەفتەیە بە رێژەی زیاتر لە 1٪ بەرزبووەوە.

نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە دوایین ساتی مامەڵەکان لە رۆژی هەینی بە رێژەی 1.64٪ بەرزبووەوە، هەر ئۆنسەیەکی بە 1654 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.

دابەزینی رێژەیی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا، بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ رایگەیاند کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا مانگی داهاتووش بڕیار لە بەرزکردنەوەی سووی بانکی بە رێژەی 0.75٪ ی دیکە دەدات، بەڵام هاوکات هەندێ لە بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە داوە؛ رەنگە هەڵاوسان خێراتر لەو کاتەی کە ئەوان دەسنیشانیان کردووە کۆنترۆڵ بکرێت و بەوپێیەش پێوست بە بەرزکردنەوەی دووبارەی رێژەی سوودی بانکی نەکات. ئەمانە بووەنەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کانزای زەرد.

مێری دالی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا – لقی سانفرانسیسکۆ رایگەیاند کە نابێت بانکی ناوەندی هێندە رێژەی سوودی بانکی بەرزبکاتەوە کە ئابووریی ئەمریکا رووبەڕووی سستیی جیدی بکاتەوە.

بەهای دۆلار لە رۆژی هەینی بە رێژەی 0.6٪ دابەزی و ئەوەش بووە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و کانزاکان.

نرخی دۆلار بەرامبەر دراوە جیهانییەکان: 

100 دۆلار بەرامبەرە بە 147 هەزار و 450 دیناری عێراقی

یۆرۆ – دۆلار 0.986 EUR/USD

پاوەند – دۆلار 1.13 GBP/USD

دۆلار – لیرە 18.60 USD/TRY

یەک دۆلار – ریاڵ (تمەن) 32 هەزار و 650 تمەن USD/IRR

یەک دۆلاری ئەمریکی: 61.65 روبڵی رووسی