پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌: دەستمان کردووە بە کارکردن بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هه‌رێمی کوردستان

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان کردووە بە کارکردن بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هه‌رێمی کوردستان و بۆ ئەو مه‌به‌سته‌ لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئیسپانی و ئەڵمانی گرێبەستیان کردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌یینی (21ـی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2022)، دانا عه‌بدولكه‌ریم، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ وڵاتی توركیایه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی مارسین بۆ بازرگانی و ئابووری، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفرانسه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرس و بازرگانانی توركیا تاووتوێی چه‌ند بابه‌تێكی تایبه‌ت به‌ ئاسانكاری كردن بۆ ئالۆگۆڕی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیادا كردووه‌، هه‌روه‌ها چۆن هانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌ توركییه‌كان بدرێت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌بواری خانووبه‌ره‌، كشتوكاڵ، كارگه‌ و بازرگانیدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.

له‌باره‌ی په‌ره‌پێدانی رێگاكانی ئالۆگۆكردنی بارزگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا و خێراكردنی ئالۆگۆكردنه‌كان، وه‌زیری ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا،‌ دروستكردنی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر ده‌بێته‌ هۆی زیادكردن و خێراكردنی ئاڵۆگۆری بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا و له‌ توركیاوه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا.

دانا عه‌بدولكه‌ریم راشیگه‌یاند: دەستمان کردووە بە کارکردن بۆ دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هه‌رێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئیسپانی و ئەڵمانی گرێبەستمان کردووە و چووەتە بواری جێبەجێکردن، ئاماژەی به‌وه‌شکرد، دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە هه‌رێمی کوردستان بۆ هاووڵاتییان و گواستنەوەی کەلوپەلی بازرگانییە و کاریگەری لەسەر کاری ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەبێت.

له‌باره‌ی واده‌ی دانانی به‌ردی بناغه‌ی هێڵی ئاسنینی شه‌مه‌ندفه‌ر له‌ هه‌رێمی كوردستان، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ رایگه‌یاند، هیوادارن سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو ده‌ستبكه‌ن به‌ دیزاینكردنی هێڵه‌كه‌ و به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌كه‌ی دابنێن.