رۆژی سێشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەیەكی قیڕتاوكردنی شەقامی لە گەڕەكی گڵكەند دانا.
پرۆژەكە بە گوژمەی ٢١٩ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار، لەسەر ڕێژەی ٪١٥ی داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێت و لە ماوەی دوو مانگدا تەواو دەکرێت.
پرۆژەکە پێكهاتووە لە قەشتکردن و قیڕتاوکردنی شەقامی شەهید سامی لە گەڕەکی گڵکەند كە یەكێكە لە گەڕەكە هەژارنشینەكانی شاری هەولێر.
هەروەها لەسەر فەرمانی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی ڕاخستنی چینی ستایبلایزەر بۆ سێ شەقام لە گەڕەکی قەتەوی بە گوژمەی ٥٩ ملیۆن دینار لەسەر داهاتی ٪١٥ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت و لە ماوەی ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ئەو پرۆژەیەش تەواو دەکرێت.