چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر

ديندار زێباری رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە تووشبوون و بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبه‌ر و، له‌رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بازرگانی به‌و مادده‌یه‌ ده‌كرێت و ره‌وانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (18ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، ئێستا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار لە تووشبوون و بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، ئاماره‌كان مه‌ترسیدران، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌نگاوی جیددی بگرێنه‌به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌ به‌كارهێنان و بازرگانیكرن به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه‌. ده‌شڵێت: له‌ ناوچه‌ سنووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مادده‌یه‌ ده‌چێندرێت و ده‌هێندرێته‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ش ره‌وانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت.

راشیگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌نها ناتوانێت رووبه‌ڕووبه‌ری مادده‌ی هۆشبه‌ر ببێته‌وه‌، پێویستیمان به‌ ئه‌زموون و شاره‌زایی وڵاتانه‌، چونكه‌ دیارده‌كه،‌ دیارده‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌، هه‌ر بۆیه‌ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

هه‌روه‌ها رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، مامۆستایانی ئایینی، رێکخراوەکان و ناوەندەکانی خوێندن کرد قوتابیان، فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به‌ مادده‌كانی هۆشبه‌ر ئاگاداربكه‌نه‌وه‌.

ئه‌م داوایه‌ی دیندار زێباری له‌ كاتێكدایه‌، رۆژانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌ ئه‌ندازه‌ و بڕی جیاواز له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمدا ده‌ستبه‌سه‌ر مادده‌ی هۆشبه‌ردا ده‌گرن و به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌شێك له‌و مادده‌ هۆشبه‌ره‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت و به‌شێكیشی له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه‌ دزه‌ی پێده‌كرێت بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان.