غیابی ئافرە‌ت و نائارامیی عێراق

پ.د. نەزاکەت حسێن

باسی سیاسەت و بەشداریی ئافرەت باسێکە زۆرترین تۆپیکی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی ئافرەت و پرسی جەندەری و فیمینیستیەکانە. لە ڕێژەی بەشداریەکەی، دواکەوتنی لە هەندێک بوار، پێگە و ناونیشانی بەشداریەکەی. داکۆکی لەم بابەتە بۆ؟ وەک مافێک بۆ ئافرەت؟ وەک پێویستیەک بۆ خودی خۆی؟ یان وەک ئەوەی کۆمەڵگا و پێگە سیاسی و ئیداریەکان پێویستیان بە وزە و توانای ئەوە. دروستبوونی دوو کائین لە دوو ڕەگەزی جیاواز، بە بوونی کۆمەڵێک توانا و لێهاتوویی و تایبەتمەندیی جیاوازەوە جەوهەری پێویستبوونی ئەم ژیانەیە بە هەردووکیان، واتە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێکەوە دەتوانن بەردەوامی بە ژیان بدەن. ڕەنگە ئێمە لە سۆنگەی تەواوکاری بۆ یەکتر یان وەچە خستنەوە یان بەڕێوەبردنی ژیانە خێزانی و کۆمەڵایەتیەکەوە لە مەمان ڕوانیبێت.
بەڵام زانست ئەمڕۆ لە ڕووە تەواوکاری توانا و لێهاتن و وزە جیاوازاکانی ئەم دوو ڕەگەزەوە لێی دەڕوانێت، بۆیە داکۆکیی لێ دەکات. پێی وایە پێکەوە ئاوێتەنەکردنی توانا و سەلیقەی ئەم دوو ڕەگەزە بۆشایی دروست دەکات، لەسەر هەر ئاستێک هەر بوارێک کە بەڕێوەبردن و پلان و ئەجندای بۆ ئەم ژیانە تێدا بێت. عێراق و دەوروبەری ناوچەیەکی گەرمن، پر دووبەرەکی و ململانێن، دەرەنجامی تویژینەوەکان سەلماندوویانە کە توانای ئافرەت و بوونی لە ناوەندەکانی یاسادانان و بڕیاردان و پلاندانان بەتایبەتی لەم ناوچانە گرنگن بۆ دروستکردنی سەقامگیری و ئاشتەوایی و پێکەوەژیان. بە گوێرەی سەلماندنی دەزگای لێکۆڵینەوەی The Institute for Inclusive Securityە‌ (٢٠٠٩) ئافرەت بەشداری دەکات بە شێوەی قووڵ لە دروستکردنی ئاشتی و بوونیاتنانەوەی وڵات دوای دووبەرەکی و ململانێ، توانایەکی تایبەتیشی هەیە لە هێنانی لایەنە ناکۆکەکان بۆ سەرمێزی دانوستان، چونکە ئافرەت زۆر کاریگەر دەبێت و ئازار دەبینێت لەکاتی جەنگ و دووبەرەکیەکان، بۆیە ئەم کاریگەربوونەی بەکار دێنێت لە هەوڵدان بۆ دروستکردنی ئاشتی و تەبایی. هەمان دەزگاش لە توێژنەوەیەکی دیكەدا سەلماندوویەتی بەشدارکردنی ئافرت لە کاتی ڕاگواستن و حکوومەتی ڕاگواستن لە دوای ململانێ و دووبەرەکی لە وڵاتدا، دەبێتە هۆی شەرعیەتدان بە دامودەزگا تازە دامەزراوەکان و کەمکردنەوەی گەندەڵی، فراوانکردنی ئەجندای سیاسی و بەهێزکردنی سیاسەتی بەشدارکردن و هاندان بۆ لێک نزیکبوونەوەی تێپەڕاندنی هێڵی جیاوازیە ئایدۆلۆژیەکان و کەرت و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان.
دەڵێت: “تویژینەوەکان بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر دیراسەی حاڵەت Case Study واتە ئەو دیراسانەی لەسەر هەندێک ڕێکەوتنەکان کراون، سەلماندوویانە دانوستانەکان سەرکەوتووتر دەبن، ڕێکەوتنەکان لە پێکهێنانی ئاشتی دریژخایەنتر دەبن هەرکاتێک ئافرەت بەشداربووبێت تێیدا.
” Steinburg، Donaldە‌ (٢٠١٢) دەڵێت: “لە%٥۰ ی ڕێکەوتنەکان واژۆ کراون لەدەیەی ڕابردوودا شکستیان هێناوە، یەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکەی بەشدارینەکردنی ئافرەت بووە تێیاندا، چونکە ڕێکەوتنامەی ئاشتی و پێکهێنانی ئاشتی و ئاشتەوایی لەلایەن کۆمەڵگەوە زیاتر پێشوازیی دەکرێت و سەرکەوتودەبێت بە بەشداربوونی ئافرەت تێیدا.
هەمان سەرچاوەی پێشوو دەڵێت: “بوونی ئافرەت لە قۆناغەکانی سەرەتایی پرۆسەی دروستکردنی ئاشتی و بنیاتنانی ئاشتی باشتر کار دەکات و جێگر و سەقامگیرتر و درێژخایەنتر دەبێت. و هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گەندەڵی و ئابووریەکی بەرهەمهێن و برەودان بە کەرتی تەندروستیی پەروەردە. “.Powley، E ە‌ (٢٠٠٣) دەڵێت: “لەو کاتەوەی ڕێژەی کورسیەکانی ئافرەت لە ڕواندا بەرز بووەتەوە بۆ ٥٦ کورسی لە ساڵی ۲۰۰٨، ئافرەتان لە ڕواندا بەرپرس بوون لە لێک نزیککردنەوەی پارتە جیاوازەکان و ناکۆکەکان بۆ سەرمێزی دانوستان و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە جێ ناکۆکەکان، کاریگەر بوون لەسەر پاراستنی مافی زەوی و ئاسایشی خۆراک و پێک هێنانی سێگۆشەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا جێبەجێکەر و تەشریعیەکان بۆ هەماهەنگیی یاسادانانەکان وەڵامدەرەوەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی سەرەکی. کەمیی بەشداریی ئافرەت لە پێگە هەستیار و شوێنی بڕیاردان و شاندی دانوستان و ڕێکەوتنەکان ئەگەری هۆکاری بەشیکی
زۆر نائارامی و ئاشتەوایی عێراق کابینە یەک لەدوای یەکەکانی بێت.

ھەواڵی زیاتر